تیۆری باگردێن بۆ سه‌ربانی قوڕی دیموكراسییه‌ت و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 369 جار بینراوە

 

 

 

ئاماده‌كردنی / سه‌نگه‌ر رسول*

كالیفۆرنیا – ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا

 

ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوه‌تی بگه‌رێینه‌ دواوه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌ین ئه‌وا ده‌بینین؛ له‌ساڵی 1842-ه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا ئه‌و پارته‌ی له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی براوه‌بووه‌ ئه‌وا له‌هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كان دۆڕاوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له‌ده‌ستدانی كورسییه‌كان زیاتر له‌ 30 كورسی بووه‌.

به‌شێوه‌یه‌ك له‌كۆی 43 هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كان، پارتی خاوه‌ن سه‌رۆك له‌ 40 هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كان كۆنترۆڵی كۆنگرێس دۆراندووه‌ (جگه‌ له‌ساڵه‌كانی 1934، 1998 له‌گه‌ڵ ساڵی 2002).

جگه‌ له‌ گۆرینی نه‌خشه‌ی سیاسی وه‌ك باسكرا، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كان به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌وا رێژه‌ی به‌شداری  ده‌نگدان به‌شێویه‌كی به‌رچاو ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی باراك ئۆباما له‌ ساڵی 2008 وه‌ربگرین ئه‌وا رێژه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و په‌ری به‌رزی له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی رابردووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و ووڵاته‌و 57.1% تۆماركرد! به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌و سه‌رۆكه‌داو دووساڵ دواتر له‌ساڵی 2010 رێژه‌ی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كان دابه‌زی بۆ 36.9% . هه‌روه‌ها دیموكراته‌كان هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سینات(پیران) له‌ده‌ستدا.

ئه‌مه‌ش پرسیارێكی جددی دروست ده‌كات كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ی 2 ساڵدا چۆن بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان ده‌گۆرێت و ده‌سه‌ڵات له‌پارتی خاوه‌ن سه‌رۆك وه‌رده‌گرنه‌وه‌؟ بۆچی رێژه‌ی به‌شداری به‌مشێوه‌یه‌ داده‌به‌زێت؟

له‌به‌رامبه‌ردا لێكۆله‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌تایبه‌تی (Michael McDonald, a University of Florida political scientist

) میكایل مه‌كدۆنالد له‌زانكۆی زانستی سیاسی فلۆریدا، وا بیرده‌كاته‌وه‌ گۆرانی نه‌خشه‌ی سیاسی به‌تایبه‌تی له‌كۆنترۆڵكردنی   هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سینات(پیران) به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌شێكی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ هاووڵاتی و ده‌نگده‌ری ئه‌مریكی نایه‌وێت سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ژێر ده‌ستی یه‌ك پارتدا بمێنێته‌وه‌! كه‌ ئه‌م خاڵه‌ش خۆی له‌خۆیدا نیشانه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ خۆی ده‌رده‌خات كه‌ بۆ ئێمه‌و مانان له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راسته‌وه‌ گه‌ره‌كه‌ لێوه‌ی فێرببین؛ ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ دیموكراسییه‌ت به‌هێزیشه‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكی و داموده‌زگا میرییه‌كان بوونی هه‌یه‌و خۆی چه‌سپاندووه‌ و بنه‌مای درووستبوونی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه‌ به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا له‌رێگه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌هه‌ستیاریی و به‌رپرسیارییه‌تییه‌وه‌ شه‌ن و كه‌وی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كه‌ن و چێكی ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

خاڵێكی دیكه‌ی گۆرینی نه‌خشه‌ی سیاسی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌رێننه‌وه‌ كه‌ ده‌نگده‌ری ئه‌مریكی په‌یامێك به‌گوێی سه‌رۆك داده‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی دووساڵی حوكمرانی سه‌رۆكدا ئه‌وا كارو بریاره‌كانی له‌ئاستی تموح و متمانه‌ی ئه‌واندا نه‌بووه‌.

لێكۆله‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كان خاڵی سێیه‌میش به‌ ئه‌وه‌ گرێده‌ده‌ن كه‌ گۆران له‌ئایدۆلۆژییه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر واده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كان بریاری پێچه‌وانه‌ بدات.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ (James E. Campbell, University of Georgia

) جه‌یمس كامیل له‌زانكۆی جۆرجیا له‌ تیۆری تایبه‌ت به‌هه‌ڵكشان و داكشانی ده‌نگده‌ران ده‌ڵێت: گه‌لێك هۆكاری دیكه‌ هه‌ن كه‌ واده‌كات هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی به‌شداری زیاتر بێـ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كان، له‌وانه‌؛ بۆ نموونه‌ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی كه‌ ده‌نگده‌ری ته‌واوی پارتێكن كاتێك ده‌بینن پارته‌كه‌یان كاندیدو به‌رنامه‌ی لاوازی پێشكه‌ش كردووه‌ ئه‌وا تۆماتیكی ده‌نگده‌ره‌كه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م سێ بژارده‌وه‌: یه‌كه‌م ده‌نگدان به‌دژی ویستی خۆی، دووه‌م ده‌نگدان به‌پارتی به‌رامبه‌رو سێیه‌میش كه‌ له‌هه‌موویان ئاسانتره‌ ئه‌ویش ده‌نگنه‌دانه‌! (ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ رێك له‌گه‌ڵ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان زۆر لێكنزیكه‌، چونكه‌ به‌هۆی لاوازی خیتابی ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خه‌ڵكی ئه‌و بژارده‌یان هه‌ڵبژارد!).

له‌ئێستاشدا كه‌ له‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌ ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مساڵی 2018 داین، ئه‌م راستییه‌ مێژووییانه‌وه‌ و هۆكاره‌كانی خرانه‌روو هه‌موویان ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ كه‌ به‌زه‌حمه‌ت ره‌زامه‌ندی نزیكه‌ی 40% به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌دووساڵی یه‌كه‌میدا(له‌كاتێكدا باراك ئۆباما45% هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆنگرێسی له‌ده‌ستدا)، ئه‌وا چاوه‌روانكراوه‌ شه‌پۆڵی شینی دیموكراته‌كان هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سینات(پیران) به‌ده‌ستبێننه‌وه‌! به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێردا له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌و فاكتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ ئێمه‌و مانان له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست گرنگه‌ لێوه‌ی فێربین: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ته‌نانه‌ت دیموكراسییه‌ت له‌ناو به‌هێزترین ده‌وڵه‌تی یاسا سه‌روه‌ردا پێویستی به‌كاری به‌رده‌وامه‌و واتا وام لێده‌كات تیۆری باگردێنی بۆ پێشنیار بكه‌ین! چونكه‌ پێمان وایه‌ دیموكراسییه‌ت سه‌قفی شیش و چه‌منتۆ نییه‌ دڵۆپه‌ نه‌كات، به‌ڵكو سه‌ربانی قووڕو به‌رده‌وام پێویستی به‌ باگردێنه‌ له‌باوبۆران تا دڵۆپه‌ نه‌كات؛ واته‌ دیموكراسییه‌ت پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌! ناكرێت جه‌نگاوه‌رانی دیموكراسی ماندوو بن و پاڵده‌نه‌وه‌!

 

 

*سه‌نگه‌ر رسول (ماسته‌ر له‌په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان)_ له‌سه‌ر ئاستی عیراق ئێستا له‌چوارچێوه‌ی پرۆگرامی (Foreign Press Tour) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ نوێنه‌رانی 25 وڵات به‌شداری ئه‌و پرۆگرامه‌یان كردووه‌، له‌هه‌ردوو ویلایه‌تی كالیفۆرنیاو نیڤادا روماڵی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.