کەس نییە راکان راگرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 329 جار بینراوە

لەتیف فاتیح فەرەج

راکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک و ئەندامی تازەی پارلەمانی عیراق ، ھەر رۆژ بڕیارێک لە دژی کوردو بەرژەوەندی عەرەب دەردەکات ، سەرەتا دەمەوێ بڵێم ئێستا ئەگەر لە بری راکان پارێزگارێکی کورد بڕیار گەلی جیاجیای دەرکردبا ، بەرەی تورکمانی تەپڵیان دەکوتا ، بەڵام خۆ بەرە ھەر بەکورد قەڵسن ، لەلایەکی دیکەوە کورد لە کەرکوک لە بەرانبەر بڕیارەکانی راکاندا وەکی کەڕەی شەربەت تەماشاکەر زیاتر ھیچی تر نیە ، پارتی دوری گرتوەو وازی لە کەرکوک ھێناوەو رستەکەی بارزانی باوکی لە بیر کردوە کە کەرکوکی بە دڵی کوردستان دەزانی ، تەنانەت بارزانی کوڕ ئەو قسەیەی خۆیشی بیر نەماوە کە لە کۆنگرەی ١٣ سەبارەت کەرکوک کردی ، پڕۆژەی کوردایەتی لای پارتی بووە بە نەوت و دۆلارو دەسکەوت ، ئەمە من نایڵێم ، ئەمە زۆر کارەکتەری نێو پارتی دەیڵێن .

یەکێتی کە خۆی بە خاوەنی کەرکوک دەزانێ و ٦ کورسی پارلەمانی ھەیە ، ھیچی لە کەرکوکا بۆ ناکرێ ، تەنانەت ئێستا کە سەرۆک کۆماریش کوردەو یەکێتیە، ناتوانێ بڕیارە خراپەکانی راکان ڕابگرێت ، راکان لە نەبوونی یەکێتی و پارتیدا ئەوە دەکات ، دەنا ئەو پێشتر جگە لە بەرپرسی وزەدەرەکان ھیچی ئەو تۆ نەبوو ، بێ بڕیاری پارێزگاریش دەستی بۆ ھیچ نابرد ،یەکێتی تەنانەت ئازایەتی ئەوەی نیە بە پێی قانونیش سنورێک بۆ راکان جبوری دابنێ .

لایەنەکانی تر بە تایبەت کۆمەڵ ، گۆڕان ، یەکگرتوو، ھیچ ھەڵوێستێکی ڕوونیان نیە تا ئێستا نەیانتوانیوە بەیەکەوە دانیشتنێک لە تەک جبوریدا بکەن و پێی بڵێن ئەوەی ئەو دەیکات پێشێلکاری قانوونە ، نەیانتوانیوە بە یەکەوە یەک بەیاننامە دەربکەن ،لە کەرکوکا سەدان پێشێلکاری کراوە ، وەک ئەوەوایە ئەو لایەنانە چاوەڕێی یەکێتی و پارتی بن قسە بکات ، ئەوجا بێنە دەنگ .

لە دەرەوەی ئەم سێ لایەنەش ، لایەنگەلی دیکە ھەن ، حزبی شیوعی ، حسک ، بزوتنەوە ، نەوەی نوێ ، لایەنگەلی دیکە ، تا ئێستا ئەوانیشجگە لە سەیر کەر ھیچ ھەنگاوێکی ئەو تۆیان نەناوە ، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە یەک سەرکردەی کورد لە بەرپرسی یەکەمی حزبەکان نەیتوانیوە سەردانێکی کەرکوک بکات ، لانی کەم ھەندێکیان چەندین ساڵ لە سەر خێرو بێری ئەو شارە ژیان ، کەچی ئێستا لە دوورەوە پێشێلکاریەکانی راکان و حکومەتی عیراقی دەژمێرن و ھیچی تر .

دەرکەوت لە کەرکوکا پڕۆژەی تولەرانس و لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو نەتەوە سازی ئاوەزدارانە جگە لە درۆیەکی گەورە ھیچی تر نەبوو ، دەرکەوت کورد ھیچ پڕۆژەیەکی چارەسەری نیە بۆ ئەو ناوچانەو ئەو ناوچانە لە رێی بەرمیلە نەوتەوە دەبینێت و ھیچی تر .

لە دەرەوەی حزبەکاندا ھەر یەک لە پارێزگاری فەڕمی کەرکوک ” دکتۆر نەجمەدین کەریم ” و بەرپرسی بە وەکالەتی ئەنجومەن ” رێبوار تاڵەبانی ” بەرپرسیارەتی گەورەی ئەم دۆخەیان دەکەوێتە ئەستۆ ئەو دورە پەرێزی و بە جێھێشتنی کەرکوکە زیاتر زەمینەی بۆ راکان رەخساندوە بە ئارەزوی خۆی تەراتێن بکات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.