قسەیەکیش بۆ دز

لەلایەن ستاندار Posted on 233 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

بۆ ئینساف دوو شت زۆر گرنگە، جارێک بچیتە دەرەوەی یارییەکەو لەودیو ئایدیۆلۆژیاو بەرژەوەندی و حەزو ڕق و مەنتقی یارو نەیارەوە سەیرێکی تری بابەتەکە بکەیتەوە، جارێکیش مەجازییانە بێیتەوە ناو یارییەکەو خۆت بخەیتە شوێنی کاراکتەرەکان.
ئینسافیش وەکو ھەموو شتە مەعنەویەکان ڕێژەییەو ئەو دوو خاڵەش ڕێگایەکی باشن بۆ دەستخستنی ڕێژەیەکی باشتری ئینساف.

ئینجا با تۆزێ ڕاسگۆبین و ھەریەکەمان خۆمان بخەینە شوێنی جەماعەت، ئایا پەرلەمانتاربویتایە ئەو پارەو ئیمتیازانەت وەرئەگرت؟؟ من خۆم بەڵێ وەرمئەگرت و یەک دیناریشم نەئەدا بە خەستەخانەی فڵان.
چونکە نە فەساد بە موزایەدەو موبادەرەی فەردی حەل ئەبێ، نە کێشەی نەخۆش و خەستەخانە، نە کەسیش بۆ زوھدو تەقەشوف چۆتە پەرلەمان!

کەسێکی فینلەندی پارەی لێ زیادبێ نایدا بەخزمێکی ئەیدا بە مەشروعێکی خەیری، چونکە ھەم پەیوەندی کۆمەڵایەتی بایی ئەونە گەرم نیە، ھەمیش دەوڵەت بەرپرسیارە لە حەلکردنی کێشەی خزمەکەو یان ئەیخاتە سەر کار یان بیمەی بێکاری ئەداتێ..
بەڵام من ئەو چلونۆیە وەرگرم، خۆشم پێویستم پێ ی نەبێ، باری کۆمەڵایەتی بایی ئەونە گەرمەو باری ئابوری بایی ئەونە خراپەو دەوڵەتیش بایی ئەونە بێباک وبێ کەڵکە، کە ئەو پارەیە بدەم بە چواردەورەکەی خۆم، نەک بە مەشروعێکی خەیری بۆ خۆدەرخستن!

ئەمەوێ بڵێم ئەو زەختەی لەسەر شەخسی پەرلەمانتارانە کەمێ ناڕەواو زاڵمانەیە، چونکە ئەو گواوە تۆش بچێتە ناوی ھەر وا لێی دێیتە دەرەوە، تۆش حەزئەکەی بچیتە ناوی و بۆشت بلوێ بەسەرا خۆتی تێ فڕێ ئەدەی.
گواوەکەش بە موبادەرەی (فەردی ویژدانی) پاک ناکرێتەوە، بەڵکو بە خەباتی (دەستەجەمعی پەروەردەیی)!

دژایەتی ئەو حاڵەتە کاری فراسیۆنە نەک تاکە تاکەی پەرلەمانتاران، ئەوە فەشەلی حیزبە کە نەیتوانیوە کادر پەروەردە بکات لەسەر کۆمەڵێ ئەفکارو پەرنسیب کە بۆی بژین و بۆی بمرن، ئەوە نەبوونی فلتەری پەروەردەیە کە وایکردوە کادری ھەمووان لەیەک بچن و لەبەردەم پارەدا ھیچ گروپێکیان نەتوانێ نوێنەرایەتی ئیرادەو ئەخلاقێکی جیاواز بکات!

سەیرکە پەرلەمانتاری ھەدەپە خۆیان سەری ڕمی قوربانی و خەباتن، پێکەوە مان ئەگرن و پێکەوە ئەچنە سەرجادەو پێکەوە ئەگیرێن.. چونکە لەمسەرەوە ھەموویان بە فلتەری پەروەردەیەکدا ڕۆشتوون، نەک وەکو گۆڕان لەوسەرەوە بدرێنە دەست ویژدان و خوای خۆیان!

لەڕاستییا ئێمە لەبەردەم شکستی یەکگرتووداین نەک گۆڕان، چونکە گۆڕان حیزبی چەندایەتی و قەرەباڵغییە نەک حیزبی پەروەردەو ئایدیۆلۆژیاو چۆنایەتی، ئیتر زۆر ئاسایی و تەحسیڵ حاسڵیشە کە گۆڕان نەتوانێ ئیرادەیەکی ترو ئەخلاقێکی سیاسی جیاواز بەرھەم بھێنێ،، ئەوە یەکگرتووە کە ئەبوو ئەمەی بکردایەو نەیکردوە!

ئەگەر چوار پەرلەمانتاری پەکەکە لە پەرلەمانی ھەرێمدابوونایەو بیانویستایە ئەو یاسایە بگۆڕن، ڕەنگە مانگرتنی تا مردنیان دەسپێبکردایەو ھەمووانیان ناچار بە ھەموواری یاساکە بکردایە، ئەمەش بە ھێزی دیسپلین و ئایدیۆلۆژیاو پەروەردەکەیان.
یەکگرتووش ئەبوو شتی لەم بابەتەی بکردایەو خۆی چیرۆک و پاڵەوان دروست بکات، نەک ئەوەی چیرۆکی زیندان و پاڵەوانەکانی میسرمان بۆ بگێڕێتەوە!

فەسادی یاسا تەنیا بە یاسا حەل ئەکرێ و یاساش بە موبادەرەی فەردی ناگۆڕێت، بە خەباتی گروپ ئەگۆڕێ و خەباتی گروپیش بۆ ئەوەی بەشی گۆڕینی یاساو سیستەم بکات، ئەبێ لەمسەرەوە فکرو پەروەردەی لە پشتەوەبێ نەک لەوسەرەوە بدرێتە دەست ویژدان.

ت/ “قسەیەک بۆ دز” مەبەستم ئەوەنیە پەرلەمانتاران دزن، بەڵکو ئەوە جوملەیەکی باوی
زمانی جادەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.