ئەمەریکا قۆناغی دووەمی سزاکانی دەست پێکرد چەند وردەکاریەکی نوێ ئاشکرادەکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 12311 جار بینراوە

حەسەن ڕوحانی : ئەمریکییەکان ناتوانن بە گوشار و ھەڕەشە و زەبر و زەنگ و بە زمانی سزا لە بەرانبەر گەلی گەورەی ئێراندا بوەستنەوە۰

ڕاپۆرت : کەمال ئەسکەندەر

لەگەڵ ئەوەی ئەوڕوپا پێداگربوو لەسەر بەردەوامی دان بە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران ٫ بەڵام ترەمپ لە ئایاری ٢٠١٨دا بڕیایدا لە رێککەوتنی لەگەڵ ئێران، کە لە ساڵی ٢٠١٥دا لەژێر سایەی حکومەتی پێش خۆی بە سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما بەسترابوو بکشێتەوە، سەرلەنوێ سزاکان بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا، بە بیانوی ئەوەی رێککەوتنەکە خراپە و ناتوانێت رێگریی بکات لە دروستکردنی بۆمبی ناوکیی ئێرانی۰

بۆیەش لە ٧ی ئابی ٢٠١٨دا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەپاندنی بەشی یەکەمی سزا ئابوورییەکانی بەسەر ئێراندا راگەیاند، ھۆشداریشی دایە ئەو دەوڵەت و کۆمپانیایانەی مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا دەمێنێتەوە، کە کۆتایی و پاشەڕۆژێکی خراپ یان دەبێت، داوای لە ھەمووانیش کرد ملکەچیی تەواو یان ھەبێت لە جێبەجێکردنی گشت سزاکاندا.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە ئایاری ٢٠١٨دا، کە میکانیزمەکانی سەپاندنەوەی سزاکانی بەسەر ئێراندا دیارییکردووە. وەکو لە بەیاننامەکەدا ھاتبو سەپاندنەوەی سزاکان بە دوو قۆناغ دەبێت: یەکەمیان، لەدوای تێپەڕبوونی٩٠ رۆژ کاری پێدەکرێت و (ئەم ماوەیەش) لە ٦ی ئابی ٢٠١٨ کۆتایی پێھات. دووەمیشیان، لەدوای ٦ مانگ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و (ئەم ماوەیەشیان) لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ کۆتایی دێت.

بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەند خاڵێکی بۆ ئێران دیاریکرد تاکو پێوەی پابەندبێت ئەگەرنا رووبەرووی سزا دەبێتەوە ٫ مەرجەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کەبۆ ئێرانی دانابوو ۱۲خاڵی لەخۆگرت بریتی بون لە :

١- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدرێت کە تەواوی زانیارییەکان لەسەر چالاکی سەربازیی پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی پێشوو بزانێت و دەبێت ئێران بە تەواوی دەست لەو جۆرە چالاکییانە ھەڵبگرێت.

٢- واز لە پیتاندن بھێنێت و ھەرگیز ھەوڵی دووبارە بەکارھێنانی پلوتۆنیۆم نەدات وە تیشکدەرەوە ئاوییەکانی دابخات.

٣- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدرێت بچێتە سەرانسەری پێگە ئەتۆمییەکان لە ئێران.

٤- کۆتای بە زیاکردنی مووشەکە دوورھاوێژەکانی بھێنێت و گەشەدان بە سیستمی مووشەکی ئەتۆمیی رابگرێت.

٥- ھەموو ھاووڵاتیانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانانی ئەمەریکا ئازادبکرێن لە زیندان.

٦- کۆتای بە پشتگیری گروپە تیرۆرستییەکانی وەک حزبوڵڵا، حەماس و گروپە جیھادییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بھێنێت.

٧- ھەموو ھێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە.

٨- واز لە پشتگیریکردنی تاڵیبان و گروپە تیرۆرستییەکانی ئەفغانستان و ئەلقاعیدە بھێنێت.

٩- کۆتای بە ھەڕەشەکانی بەرامبەر بە ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بھێنێت کە وڵاتانی سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، ھەروەھا ھێرش لە رێگای پۆستی گەیاندن و ئینتەرنێت نەکات.

١٠- رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و رێگا بدات میلیشیا شیعەکان ھەڵبوەشێندرێنەوە.

١١- دەبێت سوپای قودس دەست لە پاڵپشتیکردنی باڵەکانی لە تەواوی جیھان بھێنێت.

١٢- پشتگیری حوسییە یاخییەکانی یەمەن نەکات و ھەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن۰

دۆناڵد ترامپ ئەم قۆناغە نوێیەی لە سیاقی ئاڵۆزترکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران، بەم شێوەیە لە (تویت)ێکدا پوختکردەوە و وتی: “بە موگڵەقیی ئەم سزایانە توندترن، لە تشرینی دووەمیشدا دەگەنە ئاستێکی بەرزتر. ھەر کەس مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات مامەڵە لەگەڵ وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا ناکات ۰

لەو چوارچێوەیەشدا دوای ئەوەی قۆناغی یەکەمی سزاکان لە حەوتی ئابدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە ، دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دیاریکردبوو کە ۱۸۰ رۆژ بوو٫ لە قۆناغی یەکەمدا رێگە لە حکومەتی ئێرانیی دەگیرێت لە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانیدا مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکییەوە بکات، ھەروەھا سزاکان رێگریی لە بازرگانییکردن (کڕین و فرۆشتن) بە ئاڵتوون و کانزا گرانبەھاکان، دەگرێتەوە، ئەم سزا نوێیانە ھێنان و گواستنەوەی گرافیت (جۆرێکی کاربۆنە) و کانزا خاوەکان، یاخود نیمچە دروستکراو (سازکراو)ەکانی وەک ئەلۆمینیۆم و پۆڵا، و خەڵوز و بەرنامەکانی کۆمپیوتەری تایبەت بە پیشەسازیی، قەدەغە دەکات.

لەدوایین پێشھات لەکاتێک دا بەوتەی ئەمریکا ئێران ھیچ کام لەخاڵ ومەرجەکانی جێ بەجێ نەکردوە ۰

بەجێ بەجێ نەکردنی مەرجەکانی ئەمریکا قۆناغی دووەمی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕۆژی دووشەممە ۲۰۱۸/۱۱/٥چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی چوونە بواری جێ بەجێکردنەوە٫

قۆناغی دووەمی سزاکان دەستی پێکرد٫ دووەمین ماددەی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کاروبارەکانی پەیوەست بە نەوت لە خۆدەگرێت، وەک کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران (NIOC) و کۆمپانیای تانکەری نیشتمانی (NITC). ھەروەھا سنووردارکردنی نێودەوڵەتی دەسەپێنێت بەسەر کڕینی نەوت، بەرھەمەکانی نەوت یان بەرھەمەکانی پێترۆکیمیای ئێراندا.

پێشتریش مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئەو سزایانەی رۆژی دووشەممە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت، توندترین سزان کە لە مێژووی ئێراندا بەسەریدا سەپێنرابێت.

ئەمە لەکاتێکدا ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران سوکتر دەبێت لەوەی چاوەڕوان دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆست، ئەمەریکا ھەرجارێک بیەوێت سزای توند بەسەر وڵاتێکدا بسەپێنێت، پێشتر ئەو وڵاتە لە سزاکان ئاگادارناکاتەوە، بەڵام بەرامبەر بە ئێران بەو جۆرە مامەڵەی نەکرد.

ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ھەر ڕۆژەو بەشێک لە سزاکانی ئێران ئاشکرا دەکەن، ئەمەش وا لە ئێران دەکات دژەپلانی ھەبێت بۆ ھەموو سزا سەپێنراوەکان و بتو
توانێت خۆی لە سزاکان ڕزگاربکات.

بەپێی لێکدانەوەی چەند شارەزایەکی بواری کاروباری ئەمەریکا
ناتوانێت وڵاتانی دیکە پابەند بکات بە راگرتنی مامەڵە بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران و دواجار مەترسی ئەوە لە ئارادایە ئەمەریکا بەتەنھا بمێنێتەوە لەگۆڕەپانەکەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تورکیا و ھیندستان کە دوو گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانن دەبەخشرێن لە سزاکانی ئەمەریکا و چینیش کە گەورەترین بازرگانی لەگەڵ ئێران ھەیە ئامادە نیە پابەندبێت بە سزاکان.

ڕاپۆرتەکە رونیکردووەتەوە، ئێران چەند دژەپلانێکی ئامادەکردووە دژی سزاکانی ئەمەریکا و ھەوڵ دەدات نەوتەکەی ژێربەژێر تێکەڵ بە نەوتی وڵاتانی دیکە بکات یاخود ھەموو کۆدە ئەلەکترۆنیەکانی سەر تەنکەرە نەوتیەکانی بگۆڕێت.

لەبەرامبەر بەردەوامی سزاکانی ئەمەریکا کە رۆژی دووشەممە کەوتە بواری جێ بەجێ کردن ٫ ئێران بێ دەنگ نەوەستا و ھێندەی نەبرد لەسەر ئاستی ڕابەری باڵای شۆڕش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ۰

ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، لە کاردانەوەی قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی دەڵێت: ٤٠ ساڵە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامیی ھەیەو ئەمریکا لە چەندین لاوە جەنگی بەرپاکردووە.

بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەکەی، رابەری باڵای ئێران رایگەیاندوە، ٤٠ ساڵە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامی ھەیە و ئەمریکا لە چەند لاوە جەنگی دژ بە ئێران بەرپا کردووە، بەڵام بە مەبەستەکەی نەگەیشتووە.

خامنەیی باسی کاریگەری سیاسەتەکانی ئەمریکای لەسەر گەنجانی وڵاتەکەشی کردووەو رایگەیاندووە، ئەمریکا شکستی ھێناوە لەوەی کار بکاتە سەر گەنجەکانیان، تەنانەت نەیتوانیوە کاریگەری ھەبێت لە سەر ئەو گەنجانەشی کە پابەندی ئایینیانشیان نییە۰

ھەروەھا حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئەو ئێران کاردانەوەی توندی نیشان دا و ڕایگەیاند: ئێمە سەرجەم بانک و دامەزراوە ئابووری و بازرگانییەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گەمارۆیانە تەیار دەکەین و ھەموویان ڕێک دەخەینەوە، بۆیە وەزارەتی ئابووری و بانکی ناوەندی ئەرکێکی قورسیان دەکەوێتە سەرشان۰

ئاماژەی بەوەش کرد: ھاوکات دەبێ بەڕێوەبەرانی سەرجەم بانکەکانی دیکە دەبێ ھاوکار بن، چونکە سەرۆک و بەڕێوەبەرانی بانکەکان ئەرکی گرانیان لەسەرشانە و ئەوان باشتر لە ئێمە دەتوانن کار بکەن و ئەگەر بێت و دەرفەتێکی لەبار بڕەخسێ کە کاروبار و چوارچێوەی کاریی بانکەکانمان ڕیفۆرمیان تێدا پێک بێنین، ئێمە دەستمان کراوەیە، چونکە ھەندێ لە بانکەکانی ئێران ڕۆژانە و بە سەعات و خولەک کێشە بۆ وڵات ساز دەکەن، بۆیە ھاوکات لەگەڵ شەپۆلی گەمارۆکان دەبێ بانکەکان چالاکییەکانی خۆیان دەست پێ بکەن.

سەرکۆماری ئێران ڕاشیگەیاند: لەم قۆناغە سەختەدا ئێمە دەبێ گەمارۆ و سزاکان تێک بشکێنین و ئەم کارەش دەکەین و ئەمکارەش بە یەکگرتوویی و ئەو کۆ دەنگییەی کە لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا ھەیە و دەبێ ئەو پەیامە بە ئەمریکییەکان بە ڕوونی پێیان بگەیەنین کە بە زمانی زۆر، گوشار و ھەڕەشە و زەبر و زەنگ و بە زمانی سزا ناتوانن لە بەرانبەر گەلی گەورەی ئێراندا بوەستنەوە.

حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە دەبێ وانەیەکی مێژوویی و ھەمیشەییان پێ بدەین کە بە زەخت و گوشار ناتوانن لە ھەمبەر گەلی گەورەی ئێران بەو مێژووە کۆنەی کە ھەیەتی ڕابوەستن، ئەوان ھەر ڕۆژە بیانوویەک بەو خەڵکە دەگرن و ئەم کارەی کە ئەمریکا دەیکات تەنیا گوشارە خستەن سەر خەڵکی ئێرانە نەک ھیچ شتێکی دیکە، ئەمڕۆ تەنیا ئێران نییە کە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا تووڕەین، بەڵکوو کۆمپانیا و دامەزراوەکانی ولاتی خۆیان و تەنانەت حکوومەتەکانی ئەورووپاش لە سیاسەتەکانی ئەورووپا تووڕەن و بەڕای من بە درێژایی مێژوویی ئەمریکا ھەتا ئێستا کەسانێک ھاوشێوەی ترەمپ و گرووپەکەی نەھاتوونەتە سەر کارە دژی خەڵک و یاسا و ڕێککەوتنە نێودەولەتییەکان بووبن۰

سەرکۆماری ئێران گوتیشی: بۆیە ئەو بەڵێنییە بە خەڵک دەدەین کە بە خۆڕاگری و پشتیوانیی خەڵک ئەم سزا و گەمارۆیانەی ئەمریکا کاتین و ئێمە سەردەکەوین.

لەکۆتاییدا ململانێی نێوان ئەمریکا وئێران ڕیشەیەکی مێژوویی ھەیە ٫ لەڕابردوو فشاری زۆر لەم ململانێیەدا لەلایەن ئەمریکاوە گیراوەتەبەر ٫ پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ لەم شێوازە نوێیەی ئەمرکا کەدژ بەئێران گرتویەتیەبەر دەتوانێ ئامانجەکانی بپێکێ؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.