سەد ساڵەی ماڵوێرانی كورد

لەلایەن ستاندار Posted on 378 جار بینراوە

                                                        هیوا سەید سەلیم

یادی سەد ساڵەی كۆتایهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم لە پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕەنسا كرایەوە، لەو یادەدا سەركردەی وڵاتان ئامادەبوون، بۆنەكەكە كرایە دیدارێكی دۆستانەی نێوان ئەو سەركردانە، شایانی باسە جەنگی جیهانی یەكەم كە چەند ساڵێكی خایەند گەورەترین كارەساتی مرۆی لێكەوتەوە هەر لە بەكارهێنانی چەكی قەدەكراوە بگرە تا بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی سڤیل وە بە هۆی ئەو جەنگە چەندی ملیۆن كەس لە ولاتانی جیاجیا بوونە قوربانی، زۆربەی زۆری ولاتانی ئەوروپاش بە هۆی ئەو جەنگە تووشی وێرانە بوون و ئابووری وڵاتەكانیان بە تایبەت  ئەوروپا تووشی داڕمان هات.

مەراسیمەكەی پاریس بۆ سەركردەی ئەو ولاتانەی كە لەو بۆنەیە  ئامادە بوون كرایە بۆنەیەكی خۆش، هەر لە پەراوێزی ئەو مەراسیمەش چەندین دیداری دبلۆماسی لە نێوان سەركردەكان ئەنجامدراوە، میدیاكان باس لەوەدەكەن كە مەراسیمەكەی پاریس بۆنەیەكی خۆش بوو،  چونكە ئەوانەی لەوێ بوون  ئەگەرچی چەند ساڵێك دوای ئەو جەنگە وڵاتەكانیان تووشی جەنگێكی تری جیهانی بوونەوە،  بەڵام لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە،  ئیتر ژیرانە دەرسیان لە ڕابردووی خۆیان وەرگرت و شەریان لە وڵاتی خۆیان دوورخستەوە، خەریكی سڕینەوەی ئاسەواری شەڕبوون لە ولاتەكانیان.

سەد ساڵ بەسەر كۆتایهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم تێدەپەرێت، سەركردەی ولاتان ئاهەنگ دەگێرن وەلێ بۆ ئێمەی كورد بیرههێنانەوەی مێژوێكی تاڵە، چونكە هەر لەو بۆنەیەدا ولاتانی براوەی جەنگی جیهانی یەكەم (فەڕەنسا- بەریتانیا – یەكێتی سۆڤیەتی جاران) هاتن كوردستانیان بەسەر چوار وڵاتی دەستەچینی خۆیان دابەشكرد، لە پێناو بەرژەوەندیەكانی خۆیان مافەكانی میللەتێكی چل ملیۆنیان پشتگوێخست.

ئەو بۆنەیە بۆ كورد تەنیا  یادی دابەش و پارچەكردنی نیشتمانەكەی نیە،  بگرە لە تەواوی ئەو سەد ساڵە درێژە درا بە سیاسەتی پشتكردنە داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان و لەبەرامەبەریشدا پشتیوانیكردن بۆ چەساپاندنی دەوڵەتە دەستكردەكانی نزیك لە خۆیان كە كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە.

لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا ئەگەرچی كورد بۆخۆشی ڕەخنەی زۆری هاتۆتە سەر كە لە ئاست گۆڕانكاریەكانی قۆناغە جیاجیاكان نەبووە، بەڵام هیچ یەك لەو وڵاتانە وەك پێویست هاوكاری گەلی كوردیان نەكردووە تا بە خەونی بەدەستهێنانی دەوڵەتی خۆی بگات.

بۆیە دەبێت كورد وەك میللەتێكی ماف زەوتكراو لە یادی سەد ساڵەی كۆتایهاتنی جێنگی جیهانی یەكەم یادی  مألوێرانی خۆی بكاتەوە .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.