فیدرالیسم و دابەشکردنی دەسەڵات

لەلایەن ستاندار Posted on 362 جار بینراوە

ئەمین علی

سەرەتا بۆ ئەوەی تێبگەین وشەی فیدرالیسم واتاکەی چییە و لە کوێوە ھاتووە دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە وشەی فیدرالیسم لە ڕیشەی لاتینی Foedus یان Foederation بە واتای یەکێتی،پەیمان و ئیتفاقەوە دێت و تێگەیشتنێکی سیاسییە کە کۆمەڵێک تاقم و دەستە یان چەند گوروپێک لە چووارچێوەی پەیمان یان ڕێکەوتنێکدا دەسەڵاتی سیاسی،ئابووری و عەسکەری(بە پێی ڕێکەوتن) بەشێکی دیاریکراوی جوگرافیای وڵاتێک دەگرنە دەست و ھاوکات لە بەڕێوەبردنی وڵاتیشدا لەگەڵ حوکومەتی ناوەندی ھاوکارن و ھەموو لایەنەکان پێکەوە کار دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمێکی گەورەتر و فراوانتر
ھەروەھا فیدرالیسم بۆ پێناسە کردنی سیستەمێکە کە مافی سەروەری بە پێی یاسای بنەڕەتی، لە نێوان حوکومەتی ناوەندی و ئەیالات و پارێزگاکان دابەش بووە و لە سەر بنەمای کۆمەڵێک بنچینەی دیمۆکراسی فیدراسیۆنێک دروست بووە و بە لایەنگرانی ئەم سیستەمەش دەگوترێت فیدرالیست
حكومەتى فدڕاڵى دابەش دەبێت بە دوو بەشى گەورە ،بەشى يەكەم ئەوانەيە كە بنەماى سەرەكيان جوگرافيايە واتا لێرە دا زمان،فەرھەنگ،كەلتوور و نەتەوە بە ئەساس ناگيرێت و ئەم جۆرە لە فدڕاڵيەت بۆ نموونە لە وڵاتانێكى وەك ئەمريكا و ئەڵمان باوە و بەشى دووەم ئەو وڵاتانەى كە سيستەمى فدڕاڵى ئەوان جياوازى قەومى،زمانى و…ھتد لە بەر چاو دەگرێت و دانى پێدا ئەنێت وەك عێڕاق و ئەسيۆپى
پرسى سەرەكى بۆ ئەم بابەتە ئەوەيە گەلۆ سيستەمێكى فدڕاڵى بۆ نموونە لە وڵاتێكى وەك عێڕاق باشتر چارەسەرى كێشەكان دەكات يان سيستەمى مەركەزى كە ھەموو قەرار و بڕيارەكان لە ناوەندەوە بگيرێت؟
بێگومان دەبێت بڵێين بە گوێرەى ئەزموون و تەجرەبەكانى ساڵانى ڕابردوو ،بۆ ئێمەى كورد حكومەتى فدڕاڵى گەلێك گونجاوتر و لەبارترە بۆ چارەسەرى كێشەكانى ئەمڕۆ و ڕابردوو لە نێوان ئێمە و حكومەت ئەگەرچى دەبێت ئاماژە بەوەش بكەين كە ئەزموونى فدڕاڵى لە عێڕاق و باشوورى كوردستان بە تەواوى نەيانتوانيوە كێشەكان چارەسەر بكەن و ھێشتا لە ھەرێمى كوردستان حزبايەتى و دوو ئيدارەيى بوونى ھەيە و يەكڕيزى بووە بە خەونێكى بەدينەھاتوو لە نێو جەماوەردا و ناتەبايى لە نێوان حزبەكاندا مژارێكى زەقە و بە ڕوونى دەيبينين ،ھەروەھا نەبوونى ئابووريەكى گەشاوە و ھێزێكى عەسكەرى يەك ڕەنگ بە دوور لە باڵ باڵێنى حزبى كە ئەوانەش بۆخۆى دەردى سەربارى ھەموو دەردانن و پێمان دەڵێن كە پێويستە لە ھەرێم دا چاكسازى،ڕيفۆرم و پێداچوونەوە بكرێت.
سەرەڕاى ھەمووى ئەم گێرە و كێشانە ديسان تێدەچێت بڵێين حكومەتى فدڕاڵى باشترين ڕێگەيە بۆ چارەسەرى ئەم ھەموو كەم و كوڕييانە لە عێڕاقێكى فرە ڕەنگ دا ،بە دڵنياييەوە ئەگەر مافى فدڕاڵى بوون بۆ عەڕەبى سونەش لە بەر چاو بگيرابايە ئەم ھەموو ماڵوێرانيەى كە داعش و گرووپە تێرۆريستيەكانى وەك داعش بە سەر عێڕاق و ھەرێمى كوردستانيان دا ھێنا و ئەو ھەموو كاولكارييە پێشى لێئەگيرا و خەڵك تووشى ئەم ھەموو نەھامەتييە نەدەبوو،پێچەوانەی ئەوە ئەگەر عەڕەبی سوننە مافی خۆبەڕێوە بردنیان لە سنوورەكانی خۆیاندا ھەبوایە بێگومان داعش نەیدەتوانی پێگەیەكی بە ھێز لە ناو عەڕەبی سوننەدا پێكبێنێت،بە كورتی ئەبێ بڵێین ئەگەر لایەنێك مافی حكومڕانی پێنەدرێت ئەوا ئەویش خۆی بە خاوەنی حكومەت نازانێت و لە قەیرانەكاندا خۆی بە بەرپرس نابینێت و بەرگری ناكات.
ھەندێك دەوڵەتی داگیركەری نادیمۆكرات وەك سووریا، ئێران و توركیا فدڕاڵی بوون سیستەم بە ھەڕەشەیەك دەزانن بۆ پارچە بوونی وڵات و دەڵێن فدڕاڵی بوون دەرگایەكە بۆ جودا بووناوە و سەربەخۆیی نەتەوەكانی دیكە و بە ھەموو شێوازێك دژایەتی ئەم سیستەمە دەكەن و تەنانەت زۆر جار لە زمانی بەرپرسانی دەوڵەتی توركیا دەبیستین كە دەڵێن ئێمە ڕێگە نادەین ئەو ھەڵەیەی لە عێڕاقدا كرا لە سووریا دووبارە بێتەوە واتا ڕاشكاوانە دەڵێن ئێمە دژی فدڕاڵی بوون و ھەر مافێكین كە كورد داوای بكات و لەوە تێناگەن كە فدڕاڵی بوون دەتوانێ ببێت بە ھەوێنێك بۆ پێكەوە ژیان و تەنانەت برایەتیش بە زۆر ناكرێت .
وڵاتێكی یەگرتوو لە سیاسەت،خۆشگوزەران و ئابووریەكی گەشاوە بە بێ لەبەر چاو گرتن و دەستەبەر كردنی مافی نەتەوە و كەمایەتیەكانیتر ناتوانێت بۆ ھەمیشە لە سەر ھێڵێك بەردەوام بێت و بێگومان درەنگ یان زوو لە ڕێ دەترازێت ،ڕەنگە فدڕاڵی بوون سیستەمێكی تێركەر نەبێت بۆ بەڕێوە بردنی وڵات بەڵام لانی كەم دەتوانێت ببێت بە ڕێگەیەك بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان دەسەڵات و كۆمەڵگا جیاوازەكان و سەرەتایەك بێت بۆ لێكتێگەیشتن و نەھێشتن یان كەم كردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان لە نێو جوگرافیایەكی ھاوبەش.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.