مۆڕاڵی حکومڕانی

لەلایەن ستاندار Posted on 507 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری

ئەگەر ھەوڵی راستکردنەوەی پرۆسەی حکومڕانی لە ھەرێم بدەین لە پێناو بونیادنانی سیستمێکی تۆکمەی حکومڕانی شەفاف و دادگەر کە پایەکانی حکومەتی سەرڕاست (رشید)ی تیابێ و تەندروستانە و نۆڕماتیڤییانە فەرمانڕەوایی بکات، بەر لە ھەموو شتێک پێویستە فەلسەفەی حکومڕانی تێکەڵ بە مۆڕاڵ و بەھا بەرزەکان بکرێت، واتە رەفتار و ھەڵس و کەوتی فەرمانڕەوا و کارمەندان لە نێو پەیکەری فەرمانڕەواییدا ھەر لە بنکەوە تاکو لوتکە دەبێ بە ئەخلاقییاتی حکومڕانییەوە موتربە بکرێ و گرێ بدرێت.

ئێمە کە باس لە مۆڕاڵ دەکەین بەشێوەیەکی گشتی و لەسەر ئاستە کۆمەڵایەتی و جڤاتییەکەیەوە بە زمانێکی ساکار دەتوانین بڵێین بەو بایەخە مرۆڤانەیە دەگوترێت کە ھەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ھەڵسوکەوتی مرۆڤ دەدا و دەبێتە بنەمای جیاکردنەوەی کردەوەی باش و خراپەکان لە یەکتری. بەڵام لەسەر ئاستە سیاسی و ئیدارییەکەیەوە ئەگەر شۆڕی بکەینەوە نێو دونیای سیاسەت وحکومڕانی ئەوا ئێمە لە بەردەم دوو جۆر لە حکومڕانی داین، یان ئەوەتە حکومڕانییەکمان دەبێت کە لەسەر پیلەرەکانی مۆڕاڵ ھەڵچنراوە وەکو ئەوەی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ و کانت داکۆکی لەسەر دەکەن، یانیش دەسەڵات وحکومەتێکمان دەبێت کە داشۆردراوە لە پرانسیپە مۆڕاڵییەکان وەکو ئەوەی نیکۆلا ماکیاڤیلی و تۆماس ھۆبز جەختی لەسەر دەکەنەوە، جا سەبارەت بە بەرەی یەکەمیان بۆ نموونە ئەوەی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ دەیڵێن ئەوەیە کە ئەخلاق دەبێ ببێتە کۆڵەکەی سیاسەت و فەرمانڕەوایی، کەواتە لەم روانگەیەوە وڵاتێک یان تەنانەت تاکێکیش کە پەنا بۆ ستەمکاری و نا دادگەری و گەندەڵی دەبات، ھۆیەکەی ئەوەیە کە پایەی بنەما ئەخلاقییەکانی لاواز و لەرزۆکە، جا بەم پێودانگەش بێت ئەو دەوڵەتە یان حکومەتە تەنانەت ئەو تاکە، بێ ئەخلاقە کە پەنا بۆ ئەم کارە دزێو و نەشیاوانە دەبات کە پێچەوانەی ھەموو نۆرم و پرەنسیپ و بەھا و داب و نەریتە باوەکانی نێو کۆمەڵگەن، چونکە پاراستنی ماف و دادپەروەری و رێزگرتن لە حورمەت و شکۆی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا یەکێکە لە بنچینەکانی ئەخلاق، بەدیھێنانی ماف و خواستەکانی ھاوڵاتیانیش لە کۆمەڵگەدا ئەرکی دەسەڵاتی سیاسییە، کەواتە خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی ئەوکاتە متمانەیان بە فەرمانڕەوایان دەبێت وەکو ئەوەی کانت دەیڵێت ئەوەی بۆخۆت رەوا دەبینی بە خەڵکیش رەوا ببینە، ھەروەھا دەڵێت کەسێک دەبێت بە مرۆڤێکی خاوەن ئەخلاق کە ھەست بە ئەرک بکات نەک ئەوەی کە لەبەر بەرژەوەندی ، قازانج، ترس، سزادان، پاداشت یان یاسایەک ناچاری بکات بۆ کردنی کارێک یان ئەرکێک.

دیارە ئەم تێزەی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ و کانت تەواو پێچەوانەی بەرەی دووەمە، بۆ نموونە روانگەی نیکۆلا ماکیاڤیلی ئەوەیە کە پێویست ناکات فەرمانڕەوا یان سیاسەتمەدارێک پابەند بێت بە رەوشتە باشەکان، بەڵکو بۆ وەدەستھێنانی دەسەڵات و مانەوە لە دەسەڵاتدا ھانیان دەدات بۆ فێڵ و ساختەکاری و درۆ، ھەربۆیە پێی وایە میر (دەسەڵاتدار) پێویست ناکات خاوەنی ئەخلاقی باش بێت گرنگ ئەوەیە کە بە رواڵەت خۆی بە مرۆڤێکی باش نیشان بدات، دیارە تۆماس ھۆبزیش درێژەدەری ئەو بیروبۆچوونانەی ئەو بوو بەڵام بە فۆرمێکی تر، ھۆبز باوەڕی بەوە بوو کە بۆ ئازادی کەسێک ن دەبێ ماف و ئازادی کەسێکی تر یان کەسانی تر زەوت بکرێ یان ژێر پێ بخرێن، یان بە دیوێکی دی دەڵێت مرۆڤ لە ئاست مرۆڤدا گورگە.

ئەوەی پەیوەستیشە بە روانگە قورئانییەکەوە بۆ نامۆڕاڵی حکومڕانی یان سیاسەتی نا ئەخلاقی، بە خێرایی ئاماژە پێ دەدەم، دیارە لە قورئاندا باس لە فەرمانڕەوایی مەلیکەکان و سەرۆکەکان کراوە ئەوانەی سیاسەت و حوکمەکانیان دوور بوونە لە ئەخلاق و بەھا و نۆڕمە بەرزەکان، بۆ نموونە لە ئایەتێکی قورئاندا باس لەم جۆرە سیاسەت و فەرمانڕەواییە نا مۆڕاڵیە کراوە کە خوای گەورە دەفەرمووێت: قَالَتْ إِنَّ الْمُلُوكَ إِذَا دَخَلُوا قَرْيَةً أَفْسَدُوهَا وَجَعَلُوا أَعِزَّةَ أَهْلِهَا أَذِلَّةً ۖ وَكَذَٰلِكَ يَفْعَلُونَ (34).. کەواتە کاری سەرەکی ئەم جۆرە رەفتارە سیاسییە فەرمانڕەواییە دوو شتە: یەکەمیان: افسدوھا، واتە فەسادی و تێکدانی وڵات و نەھێشتنی ئارامی و ئازادی ھاوڵاتیان و خەڵک بە گشتی. دووەمیان: وجعلوا أعزة اهلها أذلة، واتە شکاندنی حوڕمەت و شکۆی مرۆڤەکان و لێسەندنەوەی ئیرادە و ھەوڵدان بۆ شکاندنی ھەر کەسێک کە بە کۆیلایەتی رازی نەبێت. جا گەر سەیری بکەین فەرمانڕەوایی یان سیاسەتی نا ئەخلاقی لە دەوری ئەم دووبابەتە دەخولێتەوە واتە ھەم گەندەڵی و ھەمیش شکاندنی شکۆی تاکەکان.

جا ھەر کەس و لایەنێک چ لەسەر ئاستی تاکی (فەرمانڕەوا/کارمەند) یان لەسەر ئاستی دامودەزگایی (دەوڵەت/حکومەت) ئەم دوو کارە بکات (گەندەڵی و شکاندنی شکۆ) ئەوا حکومڕانیەتییەکەی یا خود سیاسەتەکەی بەپێی دیدە قورئانییەکە بەتاڵ و داماڵراوە لە تەواوی مۆڕاڵ و بەھا بەرزەکان.

بە داخەوە لە سایەی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ھەرێم بە درێژایی بیست و حەوت ساڵی رابردوو کە دەکاتە چارەکە سەدەیەک ئەوەی بەرھەمی ھێناوە تاکێکی شکستخواردووی و بە خەسارچووی بێ ئومێدە لە ئایندەی خۆی و کۆمەڵگەکەی، چونکە ئەوەی جاران تاکی کوردی خەونی پێوە دەبینێ گۆڕینی دونیابوو کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ بەھۆی حکومڕانیی خۆماڵییەوە ئەم خەونە لە گۆڕینی دونیاوە بۆ گۆڕینی شوێن گۆڕدراوە، مەبەست لە ھەڵھاتن و جێھێشتن و سەرھەڵگرتنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە لەم ھەرێمە کە ئینتیمای نیشتیمانی کاڵ بووەتەوە بگرە بە زیندان و دۆزەخی خۆیانی دەزانن.

ئێمە کە باس لە مۆڕاڵی حکومڕانی دەکەین مەبەست لێی ھەستکردنی بەرپرسیارییەتییە لەلای بەرپرسانی وڵات بەرامبەر بە ماف و خواستەکانی ھاوڵاتیان، کەچی بەداخەوە بەھۆی نەبوونی لۆجیکی حکومڕانی تەندروست و ئامادەگی عەقلییەتی حزبی بۆ فەرمانڕەوایی کردن لەم ھەرێمەی خۆماندا، ئەم فەزا گشتییەی ھێناوەتە ئاراوە کە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمەی زۆر ماندوو و بێ ئومێد کردووە و مەحکومی ئەم دۆخە شکستخواردووەی کردووە، بە جۆرێک دۆش داماون و ھیلاک و شەکەت بوون باڵی بەسەردا کێشاون و بڕستی لێ بڕیون، بۆیە بە ناچاری لەبەردەم دوو ئەگەردا ھێشتوویەتییەوە، ئەگەری خۆخواردنەوە و گینگلدانی زیاتر و چوونەوە ناوخۆیی و لەگەڵیدا رۆیشتن و ژیانکردن، یان ئەگەری ھاتنەدەرەوە و دەربازبوون و راپسکان لێی، جا کۆچی بە لێشاوی خەڵکی ئێمە لە چەند ساڵی رابردوودا بۆ دەرەوە ھەڵھاتنبوو لە ژینگەیەک لەسەر زەمینێک کە فەمانڕەوایان و کاربەدەستانی ھەرێم خولقاندوویەتیان و لەبەرامبەریشدا دەستەوەسانن و توانا و ھێزی لە خۆگرتن و سەرمایەگوزاری و بەرھەمھێنانەوەیانی نەبوو.

ئەوەی ماوەتەوە لە کۆتاییدا بیڵێم ئەوەیە سەبارەت بەو تێڕوانیانەی کە ئاماژەمان پێدا لە مەڕ مۆڕاڵی حکومڕانی، دەسەڵاتی کوردی و حکومڕانانی بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دوایی لە پڕۆسەی فەرمانڕەوایی کردنیاندا رەچاوی ئەخلاقییات و بەھا بەرزەکانیان لە نێو فەلسەفەی حکومڕانیدا نەکردووە، بۆیە ھیچ جۆرە ئاسۆیەکی روونی بێ تەم و مژی دڵخۆشکەر بەدی ناکرێ بەڵکو ئەوەی ھەیە تەنیا سیما و مۆرکی ھەرێمێکی قەیراناوی و لێوان لێوە لە ئاریشە و تەنگژەی بەسەریەکدا کەلەکەبوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.