به‌ چ پێوه‌رێك په‌رله‌مانێكی به‌هێزمان هه‌یه‌؟

لەلایەن ستاندار Posted on 383 جار بینراوە

سه‌نگه‌ر رسول

له‌ كۆتایی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، دوای پێشكه‌شكردنی سیمیناری په‌رله‌مان و پرۆسه‌ی یاسادانان له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌كۆنفرانسی ئه‌نجومه‌نی گه‌نجان، كاتێك ئێمه‌یان دواند؛ هه‌ردوو كۆنسوڵی ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر كه‌ ئاماده‌یی كۆنفرانسه‌كه‌بوون سه‌رسامی خۆیان ده‌ربری كه‌ له‌هه‌رێم به‌ئیمزای 10 په‌رله‌مانتار ده‌توانرێت پرۆژه‌ یاسا پێشكه‌ش بكرێت و ئه‌مه‌شییان به‌خاڵێكی ئه‌رێنی بۆ په‌رله‌مان وه‌سفكرد! ئه‌م چیرۆكه‌ به‌شێكه‌ له‌و ئه‌رگومێنته‌ی كه‌ لێره‌دا ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌روو كه‌ بۆچی خه‌باتی په‌رله‌مانی ئێكسپایه‌ر نه‌بووه‌ و تائێستاش رێگه‌ كاریگه‌ره‌كه‌یه‌و ئۆپۆزسیۆن بوون پێویستییه‌ نه‌ك بژارده‌؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ر سێ ئاستدا، ئاستی دیبلۆماسی، ئاستی ئابووری وئیدارییه‌كه‌شی شه‌ن و كه‌و ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر له‌رووی دیبلۆماسییه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، ئه‌وا بوون به‌هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بوون كاریگه‌رترین و هاوتای كه‌ناڵی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ گه‌یاندنی بۆچۆن و بیركردنه‌وه‌كانت له‌باره‌ی حوكمرانی و چۆنییه‌تی به‌رێوه‌بردنی وڵات به‌و پێی نێرده‌و كۆنسوڵی وڵاتان كاتێك كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران هه‌یه‌ له‌هه‌مانكاتدا وه‌كو پێویستییه‌ك و كامڵكردنی دونیابینینینان بۆ كێشه‌كان هه‌ر ده‌بێت دواجار بگه‌رێننه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی رای هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان كه‌ له‌وكاته‌دا رای پێچه‌وانه‌ی تۆ دژ به‌ده‌سه‌ڵات ده‌ هێنده‌ كاریگه‌ری زیاتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا بیت! جگه‌ له‌وه‌ش په‌یام و تێروانییه‌كانی تۆ هاوتا ده‌بن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ناو ده‌سه‌ڵات بیت ئه‌وا بۆچوونه‌ سیاسییه‌كانت به‌پێی قه‌باره‌ی سیاسی خۆت له‌گه‌ڵ پارتی خاوه‌ن نفوز به‌راورد ده‌كرێت واتا كورت ده‌بیته‌وه‌ بۆ ئاستی به‌شداریت نه‌ك هاوتابوون!

بۆیه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت به‌بوون به‌ئۆپۆزسییۆن له‌ناو په‌رله‌مان ده‌توانی هه‌مان كاریگه‌ری دیبلۆماسییت هه‌بێت كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێت! له‌سه‌رهه‌ردوو ئاستی ئیداریی و ئابوورییه‌كه‌، ئه‌گه‌ر پێگه‌ی تۆ له‌ناو چوارچێوه‌ی كابینه‌ دابێت ئه‌وا تێروانینی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌په‌رله‌مانیش بۆ تۆ به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی وه‌زاره‌ت و پۆسته‌كانه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر دوو وه‌زارت و چه‌ند ده‌سته‌یه‌كت هه‌بێت ئه‌وا هاووڵاتییانیش تۆماتیكی وێنه‌ی تۆ به‌هه‌مان پێگه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان ته‌رجوومه‌ ده‌كه‌ن! له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن بیت ئه‌وا به‌بێ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانت هێنده‌ زۆربن ئه‌وا هاووڵاتییان به‌متمانه‌ییه‌وه‌ وێنه‌ی هاوتای ده‌سه‌ڵاتت بۆ ده‌كێشن واتا كه‌ باسی ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت یه‌كسه‌ر هاووڵاتییان بیرییان بۆ هه‌لوێستی ئۆپۆزسیۆن ده‌چێت و وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پشتگیری وه‌رده‌گرێت و ئه‌مه‌ش په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خساندووی! بۆ لایه‌نه‌ ئابوورییه‌كه‌شی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ راسته‌، چونكه‌ سیاسه‌تی ئابووری حكومه‌تێك به‌وه‌زاره‌تێك و دووان ناگۆرێت، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی دارایییت له‌لا بێت ئه‌وا له‌رووی یاساییه‌وه‌ ده‌ست-به‌ستراوت ده‌كه‌ن و بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان وه‌زاره‌تی پلاندانان قسه‌ی كۆتایی خۆی ده‌بێت! ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش به‌ده‌ست بێنێت(له‌باشترین حاڵه‌تدا)، ئه‌وا وه‌زیری نه‌وت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان یارییه‌كه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ ده‌گۆرن به‌ر له‌وه‌ی خۆشت هه‌ست پێبكه‌یت! بۆیه‌ به‌شدارییكردن له‌حكومه‌ت واتا لاوازكردنی شه‌ره‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ له‌كاتێكدا له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ و له‌رێگه‌ی لیژنه‌كانه‌وه‌ ده‌توانیت كۆمه‌ڵێك یاری و شه‌ری چاك بكه‌یت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ داراییانه‌ كه‌چه‌ند ساڵه‌ به‌هه‌ڵه‌ سه‌یركراون.

جگه‌ له‌و راستییانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ندێك هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ن كه‌ وا هه‌ست بكه‌ی خه‌باتی په‌رله‌مانی كۆتایی نه‌هاتووه‌، له‌وانه‌؛ هاووڵاتی چی بكات تۆی په‌رله‌مانتار خۆت به‌نزمتر دابنێیت له‌وه‌زیر؟ یاخود ئۆپۆزسیۆن بوون بچووێنیت به‌ كارێكی به‌سه‌رچوو؟ خۆ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌توانیت به‌رده‌وام هێزی فشاربیت و هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات ناچار بكه‌یت ئه‌گه‌ر له‌هه‌مووشی نه‌بێت ئه‌وا له‌به‌شێكی مل بۆ سیاسه‌ته‌كانت دابده‌ن؟ هه‌روه‌ها كه‌ تۆ ده‌ته‌وێت كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و باشتر بگۆریت ئه‌وا ده‌بێـت له‌گۆرینی هه‌ندێك كه‌لتووره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌یت، بۆ نموونه‌: خه‌ڵكێكی زۆر و لایه‌نگرانی به‌شێك له‌ پارته‌ سیاسییه‌كان وابیر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ وه‌زیرو په‌رله‌مانتار واته‌ واسته‌كردن و به‌كارهێنان، كه‌وایه‌ خۆ ئه‌گه‌ر به‌خولێكی په‌رله‌مانیش نه‌بێت و به‌سێ خولی په‌رله‌مانی توانیت وا له‌خه‌ڵكی بگه‌ینیت كه‌ په‌رله‌مانتار و گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی لایه‌نگرو ئه‌ندامان نییه‌ به‌ڵكو بۆ رێگه‌گرتنه‌ له‌كاری نایاسایی و دابه‌شكاری دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌روه‌ت و سامان و پۆسته‌ ئه‌وا ئه‌و گۆرانكارییه‌ كه‌ به‌ده‌ستی دێنیت هه‌زار چوونه‌ حكومه‌تی به‌قوربان بێت! بۆیه‌ په‌رله‌مانێكی به‌هێزه‌ به‌ڵام زۆر به‌لاوازی پشتیوانانی دیموكراسی یاری تێدا ده‌كه‌ن و كردوویانه‌ته‌ ئامانجێك بۆ تێگرتنی كه‌موكورتییه‌كان و له‌راستیشدا ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ له‌جێی خۆیاندان به‌ڵام خۆ پشكی شێر لای په‌رله‌مان نییه‌! ئه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌سته‌كان و ئه‌نجومه‌نی نه‌وت. له‌كاتێكدا په‌رله‌مان ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ده‌توانیت ده‌نگێكی كاریگه‌ری ئۆپۆزسیۆن بوون له‌خۆ بگرێت ئه‌گه‌ر ده‌رگاكه‌شی دابخه‌ن خۆ سه‌د ساڵ ناخه‌ینێت هه‌ر ده‌بێت بكرێته‌وه‌ وه‌ك بینیشمان! بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ئه‌جێنداو ستراتیژی نوێوه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌ری و پێشخستنی دیموكراسییه‌ت ئه‌وا هێشتا په‌رله‌مان ئه‌و شوێنه‌ به‌هێزه‌یه‌ كه‌ ده‌توانی شه‌ره‌كانی لێ به‌ریته‌وه‌! هه‌روه‌ها وه‌ك كۆنسوڵی فه‌ره‌نسا وته‌نی خۆ ئه‌ندامانی ئێوه‌ بۆیان هه‌یه‌ پرۆژه‌ یاسا پێشكه‌ش بكه‌ن!

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بێت و پشوو درێژو ویستی گۆرانكاری راسته‌قینه‌ هه‌بێت ئه‌وا گه‌لێك خاڵی به‌هێز ده‌دۆزیته‌وه‌ كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ن و له‌په‌رله‌مانێكی وه‌ك فه‌ره‌نسا دانین(په‌رله‌مانتارانی فه‌ره‌نسا ناتوانن پرۆژه‌ یاسا پێشكه‌ش بكه‌ن)، له‌وانه‌شه‌ بڵێن خۆ ئێره‌ فه‌ره‌نسا و ئه‌وروپا نییه‌؟ به‌ڵام خۆ تۆش سه‌برت نییه‌! ده‌با خه‌باتی دیموكراسی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 5 تا 6 خولی په‌رله‌مانی له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانت بمێنه‌وه‌ بزانه‌ چی رووده‌دات؟ چونكه‌ سیاسه‌تكردن بۆ دروستكردنی ئاینده‌ بۆ نه‌وه‌كان و زۆرجار خۆت به‌رهه‌مه‌كه‌ی لێ ناخۆیت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.