دادگای ئەوروپا بڕیارێک لە بەرژەوەندی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەدات

لەلایەن ستاندار Posted on 444 جار بینراوە

ستاندەر – ANF

دادگای ئەوروپا ، لەبارەی “لیستی تیرۆر” کە لەلایەن ئەنجوومەنى یەکێتیى ئەوروپاوە هەموو ٦ مانگێک جارێک تازە دەکرێتەوە، لە  ١٥ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ٢ بڕیارێکى لەبارەى ناوى پەکەکە لەو لیستەدا دەرکرد. سەرباری ئەوەى ئەنجوومەنى ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە پەکەکەی خستووەتە ناو لیستەکەی.

موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان بە نوێنەرایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە ١ى ئایارى ٢٠١٤دا  لە (دادگای ئەوروپا) سکاڵایان تۆمار کردبوو، کە ناوی پەکەکە لە لیستى تیرۆر دەربهێنرێت. دواى ٤ ساڵ لە تێکۆشان بۆ مافەکان، دادگای ئەوروپا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دانیشتنێکى لەسەر ئەو سکاڵایەی پەکەکە ئەنجامدا و رایگەیاند، لە دواى ٦ بۆ ٩ مانگ بڕیاری خۆی لەبارەى سکاڵاکەی پەکەکەوە ئاشکرا دەکات.

دادگای ئەوروپا لە ئەنجامدا بڕیارەکەى لەبارەى سکاڵاکەى پەکەکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەموو ئەو پاساوانەى لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ٢٠١٧ بۆ مانەوەى ناوی پەکەکە لە “لیستى تیرۆری” یەکێتیى ئەوروپادا هێنراونەتەوە پاساوی نالۆژیکی و لاوازن.

پارێزەر مەحمود شاکار رایگەیاند، دادگای ئەوروپا باڵاترین دامەزراوەى دادپەروەری و دادگاکانى ئەوروپایە و ئەو بڕیارە سەرکەوتنى پەکەکە و تێکشکاندنی یەکێتیى ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسایە.

شاکار راشیگەیاند، بۆ ئەوەى پەکەکە لە لیستى ٢٠١٨دا بهێنرێتە دەرەوە ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ تۆمارکردنى سکاڵایەکى تر و لەو بارەیەوە وتى “ئێمە داوا دەکەین ئەو بڕیارە بۆ ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ بکرێت”.

وتیشی “ئەو بڕیارە، هەموو ئەو دۆسیە و سکاڵایانە، کە لە ساڵانى ٢٠١٤ – ٢٠١٧ لە دژی پەکەکە تۆمارکراون هەڵدەوەشێنێتەوە. هەروەها بڕیاری قەدەغەکارییەکان کە بەو پاساوە دەرکرابوون، هەڵدەوەشێنەوە و رێگاش بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو کەس و دامەزراوانە دەکاتەوە، کە بەهۆی ئەو بڕیار و قەدەغەکارییانەوە زیانیان بەرکەوتووە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.