هونه‌ری دانوستان له‌ نێوان نه‌وشیروان مسته‌فاو سه‌ركرده‌كانی ئێستای گۆڕاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 376 جار بینراوە

هادی حەمە رەشید 

1
لەهاوینی ۱۹٦۳*دا کۆمەڵێك لە ئەفسەری عێراقی، پەیوەندی ئەکەن بە مەکتەبی سیاسی پارتییەوە، ئەوان کە زۆربەیان لەناسریی و بەعسییەکان بوون و لەڕێگای زیندانەوە بوو بوون بە هاوڕێی کەسانی وەك “برایم ئەحمەد”، بە مەبەستی زانینی داواکارییەکانیان لەو حکومەتە نوێیەی کە کودەتایان کردبوو بەسەر قاسمدا.
مەکتەبی سیاسیش وەفدێك پێكئەهێنن بە سەرۆکایەتی برایم ئەحمەد و ئەندامێتی”نوری شاوەیس و عومەر دەبابە و جەلال تاڵەبانی،  پەیامی ئەو ئەفسەرانە ئەبەنە لای “مەلا مستەفا” ، بارزانیش ئەڵێ: وەڵا پێیان بڵێن ئێمە هەژارین، موسوڵمانین، مەزڵومین و زوڵممان لەسەرە، پێویستە ئەو زوڵمە لاببرێت، وەکوتر ئێمە هیچیترمان ناوێت!!
سەیری ئەو ئەدەبیاتە زەلیل و پڕ لە سازشکارییە، نەتەوەیەك “سەرۆك/ڕابەر”ەکانی بەم زمانە بچێتە سەر مێزی دانوستانەوە، چۆن ژێردەستە و لەپەراوێزی مێژوودا نامێنێتەوە؟!
(هەژار و مەزڵوم)لەکوێی دنیادا ئەتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت؟!

لەزۆر ڕووداو و جەرەیانیتردا سەرکردەکانی کورد بەم زمانە پڕ لە سواڵ و پاڕانەوەیە دانوستانیان لەگەڵ ڕژێمەکانی عێراقدا کردووە، بە پێچەوانەشەوە حکومەتە یەك لەدوای یەکەکانی عێراق، هەمیشە گفتوگۆیان بۆ دەرفەتی خۆڕێکخستنەوە و وەك هۆکارێك بۆ دەستەمۆ و ڕامکردنی حیزب و کەسایەتییەکانی کوردیان بەکارهێناوە.
تەنانەت هەندێ جار لەناو وەفدی دانوستاندا هەوڵیانداوە کە ڕەمزە ئاینیی و خێڵەکییەکانی کوردیش بخەنە ناو وەفدەکانیانەوە و وەك فشار بۆ سەر سەرکردەکانی کورد بەکاریان بهێنن.
لەکانونی یەکەمی ساڵی۱۹٦۳دا حکومەتی عێراقی وەفدێك ئەنێرێت بۆ لای بارزانی لە ڕانیە** لەناو وەفدەکەی عێراقدا “شێخ ئەحمەد بارزانیی” برا گەورەی مەلامستەفای تێدابوو، پاش گفتوگۆی چەند ڕۆژە ڕەوتی گفتوگۆکە بەرەو ئامانجی سەرکەوتن ملی ڕێگای گرتبوو، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتن، بەو جۆرەی کە حکومەتی عێراقیی نەخشەی بۆ کێشابوو، هەرچەندە دواتر عەبدوسەلام عارفی سەرۆك کۆمار نەیویست هیچ یەکێك لەمافە نەتەوەییەکانی کورد بسەلمێنیت و گرەنتی بڕگە و مادەکانی ڕێککەوتنەکە دەستەبەر نەکرابوو، بەڵام دیسان بارزانیی ئامادەبوو ڕێککەوتنەکە ئەنجام بدات( دوایی دەرکەوت کە عەبدوسەلام عارف قورئانێکی بەوەفدی حکومەتدا ناردووە بۆ شێخ ئەحمەد بارزانیی تا لەگەڵ وەفدی حکومەتدا بچێت بۆ لای بارزانی، ئەو ئەیزانی کە مستەفا بارزانی بەقسەی شێخ ئەحمەد ئەکات)***
بینینی ئەم جۆرە گوزارەیە لەمێژووی ئێمەدا زۆر ئازاربەخشە، درێژکراوەی ئەم عەقڵەیە کە چەند زەلیل لەبەردەم دەرەوەی خۆمان ئەچەمێنەوە و چەند بە لەخۆباییبوونەوە لەگەڵ خۆمان ئەدوێین!

2
لە دنیای سیاسەت و بازنەی گفتوگۆ و دانوستاندا، جیهان گەیشتووە بە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو، قۆناغێك کە مێزی گفتوگۆ هیچی کەمتر نیە لە گۆڕەپانی جەنگ، هەموو جوڵە و ئاکتێك ئەکرێت بەدەستەوەدانی پێگە و خاڵی ستراتیژیی بێت، بەپێچەوانەشەوە ئەکرێت دەستبەسەراگرتنی  پێگە و قەڵای بەرامبەر بێت.
سەرنجێك کە جۆرێك لە کۆدەنگیی چاودێران و توێژەرانی لەسەر بێت، ئەوە بووە هەمیشە کورد بە خۆشباوەڕیی و سۆزدارییەوە چوونەتە ناو گفتوگۆ و دانوستانەکانەوە، هەر بۆیە بەبێ دەستکەوت لێی دەرچوون، جگە لەکۆمەڵێك ئیمتیاز و دەستکەوتی کەسیی، شتێکی ئەوتۆی لێ شین نەبووە، گرفتەکە کاتێك چەند بەرامبەر بووەتەوە کە نەبوون بە پەند و ئەزموون بۆ نەوەی دوای خۆیان!

لە گفتوگۆی (بەعس – یەکێتی)ـدا، وەفدی یەکێتی بەسەرۆکایەتی، کاك نەوشیروان ئەچن بۆ بەغدا، بەهێلیکۆپتەرێك، عەقیدێکی موخابەراتی عێراقی “إحسان محمد الدیری”** یاوەریان ئەبێت، لەڕێگا بە کاك نەوشیروان ئەڵێت: ((کاکە ئێستا بەغدا کۆشك و سەرا و ئوتێلی ئەوەندە فەخمی لێیە، شوێنی وا خۆشتان نەدیوە، کوێتان پێ خۆش بێت، لەوێ داتان ئەبەزێنین))
ئەویش هەرچەندە دڵنیایە کە بەشێك لەو قسانەی بۆ موجامەلەیە، بەڵام دیسانیش تێئەگات ئەم قسانەش بەشێكن لەپرۆسەی گفتوگۆ و بۆ بەلاڕێدابردنی بنەڕەتی کێشەکان و سەرسامکردنی ئەوانە، بۆیە بەتوندیی پێیئەڵێت: ((دەیان وڵاتی ئەوروپییم دیوە، لەخۆشترین ئوتێل دابەزیوم، لەخانووی خوێندکاران و لاواندا ژیاوم، هەروەها لەئەشکەوت و لەهۆڵە مەڕیشدا نووستووم، گرنگ بەلای منەوە ئەوەیە مافی گەلەکەمان بسەلمێنن، خوای ئەکرد ئەتانبردین لە مەرقەدی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لەگەڵ هندیی و پاکستانییەکان ئەتانخەواندین))

ئەمجۆرە لە ئیدارەدانی گفتوگۆ لەمێژووی ئێمەدا بەرامبەر بەنەیاران دانسقەیە، مەلەفی دانوستانی(بەعس – یەکێتی) دڵنیام ساتی پێکەنیناویی و ئابڕوچوونیشی تێدابووە، وەك هەر پرۆسێسێکیتری گفتوگۆ، بەڵام سەرۆکایەتیکردنی لەلایەن دووانەی (مام جەلال و کاك نەوشیروان)ـەوە، بەو هەمووە دژایەتیی کردنەی لایەنە کوردییەکان و تەنانەت بەشێکی زۆر لە سەرکردە و کادیرەکانی یەکێتی، بەڵام هێشتا چونکە ئەوان پشتئەستوور بوون بە(زانست و ڕۆشنبیریی لە دانوستاندا، زانینی زمان و پاراویی لەگەیاندندا، ئەزموون، بوێریی، بوونی پاڵپشتیی گەورەی پێشمەرگە و جەماوەر…تاد) ئەبینین حکومەتی عێراقیی ناچار ئەکات، پەنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە بەرێت و لەزمانی خودی سەددامەوە تورکیا و وڵاتانی هەرێمایەتی بکات بە بیانوو!
تاڵەبانی ئەڵێت: لەدانیشتنی یەکەمدا کە سەددام خۆی ئامادەبوو، ووتی پێم((شتێکتان ئەدەمێ کە لەبەرامبەر کوردی تورکیا و ئێراندا سەرتان بەرز بکاتەوە)) وتمان: باببینین.*****
کۆتایی گفتوگۆی نێوان (بارزانیی – بەعس) لە بەهاری ۷۵دا ئاشبەتاڵی شۆڕش بوو، کۆتایی گفتوگۆی ئەمانیش گەڕانەوە بۆ شاخ و دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداریی بوو.

3
لە هونەری”دانوستان”ـدا گرنگە کەسی دانوستانکار کەسێکی ڕاهیب و خاوەنی پرەنسیپی دامەزراو بێت، جەنگاوەرێکی یەکلابێت لەپێناوی ئەو بۆچوونەی کەهەڵگریەتی.
شارەزای زانستی دەرونزانیی بێت، توانای کۆنترۆڵکردنی بەرامبەری هەبێت،، ڕاستە کە پێویستە هەردوو لای ناکۆك بدەن و ببەنەوە ئینجا (دان) و (ستان) بەرجەستە ئەبێت، بەڵام خۆ بردنەوەی زۆرترین دەستکەوت و بەخشینی کەمترین باج ئامانجی هەموو لیژنەیەکی دانوستانکارە، سەرۆکی وەفد ئەگەر پێویست بوو قسە بکات، یان بەبێدەنگیی( بە هێمای دەموچاو، تەمسیلکردن بە قەڵەم و کاغەزەکانی بەردەمی، چپەکردن بۆ هاوڕێکانی، ڕەوانەکردنی وەرەقە پەیامی کورت بۆ هاوڕێکانی، نیشاندانی خەندە لەکاتی پێداگرییەکانی ئەواندا یان ڕوو گرژکردن لەکاتی کۆمەڵە ئۆفەرێك کە لایەق بەئەم و هێزەکەی نیە…تاد)
ئەکرێت بابەتێك کە لەلات زۆر بەبایەخە هەڵایوێریت لە دانوستان نەهێڵیت وەك خاڵی لاوازت بەکاربهێنرێت، وەك ئەوەی کە ئیسرائیل”قودس”ی وەك خاڵی هێزی خۆی هەڵاواردووە و لە کنێستەوە بەبڕیار داوای کردووە کە نابێت لەهیچ کاتێکدا وەفدی دانوستانکار ئەو پرسە بخاتە سەر مێزی گفتوگۆوە لەگەڵ فەلەستینییەکاندا.
یان ئێران لەمانگی نیسانی۲٠۱۷دا لەڕێگای وەزارەتی دەرەوەوە، ڕایگەیاند کە پرسی(بەرگریی موشەکیی) بۆ گفتوگۆکردن نیە.
پارتی و یەکێتی(تایبەتتر پارتی) هەموو ئەوەی کە نەیارانی کورد(وڵاتانی سەردەستی کورد) پێی کردن، گەڕانەوە و لەگەڵ لایەنە کوردییەکاندا لەسەر مێزی گفتوگۆ کردیانەوە!
بۆچی ئەوانەی کە لەکوردستاندا(تەنانەت وەفدەکانی بەغداشمان) ئەچنە سەر مێزی گفتوگۆ، بەر لە یەکلاکردنەوەی هەر پرسێك، پۆستێك بۆ خۆیان ئەدەن بەدوورین؟!
لەبنەڕەتدا بۆچی زۆرجاران تەوەری گفتوگۆکان پۆست و پۆستکارییە و بەرنامە و مەرجی کارنامە ون و نادیارە؟! (هەڵبەت مەبەستمان بانگەشە و دروشم نیە، کە بەداخەوە زۆر زۆرن)

بۆ دوورکەوتنەوە لەم تەڵەزگە و خوانە فریودەرە، کاتی خۆی کاك نەوشیروان وەك سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی بۆ پێکهێنانی یەکەمین کابینەی هاوبەش پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق، (بیستوومە) کە پێشنیازی بنەمای سیاسەتی”مێزی ڕەق”ـی لە دانوستاندا کردبوو، واتە ئەو مێزەی کە گفتوگۆی لەسەر ئەکرێت ڕووت بکرێتەوە لە ماددیات، پرسە جدییەکان کە خاڵی جیاوازیی پارتی و یەکێتییە بهێنرێتە نێوانیان.

بەڵام بەداخەوە پارتی لەڕێگای مام جەلال(مام جەلالی ئەم دوواییانە)ـەوە ڕیسەکەی ئەکردنەوە بەخوریی!
جارێك وەفدی پارتی(کەدیارە ژێربەژێر هەموو شتێکیان لەگەڵ تاڵەبانیی کۆتایی پێهێنابوو) هەموو پۆستە سەرەکییەکانی بەغدا و هەولێر ئەخەنەڕوو، ئەڵێن: ئێمە ئەم پەیپەرەمان ئامادەکردووە، سەرۆك کۆمار بۆ جەنابی مام جەلال و سەرۆکی هەرێم بۆ جەنابی کاك مەسعود، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاك نێچیر و سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئێوە، ئینجا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئێمە و کاك مەسروریشمان بۆ داناوە!
کاك نەوشیروان پێیان ئەڵێت: کاکە وابزانن ئێمە لەم وڵاتەدا نەبووین، هەرچی پۆستی کوردستان هەیە بیبەن بۆ خۆتان، بەڵام هیچ نەبێت بیربکەنەوە بۆچی سێ پۆستی زۆر گرنگ و بنەڕەتیی ڕادەستی یەك خێزان ئەکەن، باوك و کوڕ و برازا؟!!

ئەو پیاوە چونکە پۆستی بۆ خۆی و کەسوکاریی نەئەویست، لەدانوستاندا دەنگی دلێر و کاریگەر بوو.
لەهەڵبژاردنی ئەیلولی۲٠۱۳دا چەندە یەکێتی خستەوە قاڵبی خۆی و قەبارەی بچووك کردنەوە، بەڵام هێشتا پێیوتن: وامەزانن کە ۱۸کورسیتان هێناوە، بە۲٤ـەکەی ئێمەشەوە بچن بەناوی ٤۲ کورسییەوە دەستپێشخەریی بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت و سەرۆك وەزیرانیش بۆ ئێوە، تا پارتی لەو مەغرورییە بهێنینە خوارەوە، کەچی پڕۆپارتییەکانی ناو م.س یەکێتی ئەو هەواڵەیان بردەوە بۆ بارزانیی!
پاشان بە بارزانیی ووت: فەرموون ئەوە دەرفەتێکی زێڕین، وەرە هاوکارتان ئەبین گۆڕانکاریی و چاکسازیی بکەن، ئەوەش کاردانەوەی پارتی بوو کە هەمووان ئەیزانن!
تەنانەت لەرێککەوتنە ۲۵خاڵییەکەی لەگەڵ یەکێتیدا بابەتی گۆڕینی سیستمی سیاسیی و خەباتی پەرلەمانیی کردبوو بە تەوەر و باسی ئیمتیازات و پێگە و پۆست لەگۆڕێ نیە.

4
“دانوستان” پێشمەرج و مناوەرەی پێش وەختی هەیە، لەو پێشەکییەدا بە هێوریی تۆ بە بەرامبەر ئەڵێی ئەگەر تۆ نەیەتە پای داواکارییەکانی من، ئەوا من ئەمەم پێ ئەکرێت، وەك ئەوەی کە کاك نەوشیروان بە بەیاننامە ۷خاڵییەکەی کانوونی دووەمی۲٠۱۱ کردی.، ئەو ڕۆژانە وەك ڕۆژگاریی باڵادەستیی گۆڕان و سەردەمی زێڕین لەمێژوودا تۆمار ئەکرێت، ڕۆژگارێك کە گۆڕان دەستی پڕ بوو لەکارتی بەهێز، خەوی شیرینی لەچاوی گەندەڵکار و بازرگانە سیاسییەکان تاراندبوو!
ئێستا گۆڕان و ئەم برادەرانەی کە مۆنۆپۆڵی گۆڕانیان کردووە، چ هونەرێکی پێش گفتوگۆیان ئەنجام داوە؟!
گوتاری میدیایی کە لەسەردەمی کاك نەوشیرواندا گۆشت و ئێسقانی ڕکابەرەکانی تێکەڵ ئەکرد، ئێستا یەکەم تا پێنجەم هەواڵی کەی ئێن ئێن لەکاتی ئاڵتونیی ۸ی ئێوارەدا تەرخان کراوە بۆ حیکمەتی چوونەحكومەت و جادوی حەل کردنی کۆی کێشەکان لەسەر دەستی ئەو تیمەی کە هەموو شتێکیان ئامادەیە بۆ چوونە ناو حکومەتەوە!
مێزی دانوستان پێویستی بە هاوسەنگییە، ناکرێت لەلایەکیدا “هەڵۆ” و لەوبەرەوە”کۆتر” ڕووبەڕوو ببنەوە، یان لایەکی “شێر” و لەبەرامبەریاندا “ئاسك” بێت، خۆ ڕوونە دەرئەنجامی ئەم جۆرە گفتوگۆیە!
تیمی دانوستانکار ئەبێت یەکێك لەم دوو کارتەیان لەدەستتدا بێت، یان توانای دڵگەرم کردن و ئیغراکردنی بەرامبەر(کە ئەمە واتا بتوانیت لەڕووی مادیی بەخشینەوەی پۆستەوە بەرامبەر کۆنترۆڵ بکەیت) یان هێزی ترساندن و تۆقاندنی بەرامبەرت لەدەستدا بێت!

یان توانای مانۆڕ و هەڵدانی باڵۆنی هەبێت، پارتی وەك لە ۵٠ساڵی ڕابردوودا ڕەمزی شکستی دیپلۆماسیەتی کوردیی بووە، خول لەدوای خولی دانوستانی لەگەڵ دنیای دەرەوەماندا دۆڕاندووە، بەڵام ئێستا وەك غۆلێك خۆی تەفخیم کردووە و هەزار و یەك باڵیشی لە وەفد و لیژنەی دانوستانکارەکەی ڕوواندووە!

هێشتا تەنیا سەردانێکی(ڕاوێژکاریی) بۆ لای دوو حیزب ئەنجامداوە، کەچی لەڕێگای کۆمەڵێك بەرپرسەوە کە نزیکەی ۱٠ساڵە بەڕۆژوون ئێستا زمانیان پژاوە و باسی مەرج و شەرتی بەشداری لەم کابینە نوێیەدا لەلایەن پارتییەوە ئەکەن!

هەر لەو نێوەندەدا لە نەبوونی ڕکابەری ڕاستەقینەو بوونی کۆمەڵێك داهۆڵی سیاسییدا، باس لە دەرهێنانی دۆسێی نەوت ئەکرێت لە وەرەقەی دانوستان و لەسەر مێزی گفتوگۆ دووری ئەخەنەوە!
حەتمەن ئەوە باسی دوورخستنەوەی باوەڕی (گۆڕینی سیستمی سیاسیی)یش، شتێکی بەڵگە نەویستە، چونکە هێزگەلێك کە بیر لە “کەسابەت” و “بازرگانیی” بکەنەوە، ئەبێت ئیتر خەبات بۆ مانەوەی ئەم دۆخە بکەن نەك گۆڕینی!
گۆڕان بەبێ هیچ کارتێك داخڵی دانوستان بووە، هێزێك کە بیرۆکەی ڕەدکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ۳٠ی ئەیلولی خستبێتە هزری هەڵسوڕاو و دەنگدەرەکانییەوە، ئیتر بێ مانایە ئەم فڕکان فڕکان و هەنسکە هەنسكە بۆ ئەوەی بەشداریی بکات لەگەڵ هێزە تەزویرچییەکاندا!
کەی ئێن ئێن ڕۆژێك بەر لەهاتنی وەفدی پارتی تەدارەکی بۆ ڕێك بخات و زۆر بە تامەزرۆییەوە وەك هەواڵێکی گرنگ و بەپەلەی بڵاوی بکاتەوە!

سەرەکیترین بنەمای دانوستان، ئەوەیە کە هەست بکەیت کۆی هێزەکەت لە دانوستاندابێت، واتە بەرلەوەی وەفدەکەت بچێتە سەر مێزی گفتوگۆوە، هەموو جومگەکانی حیزبەکەت ساز و ئامادەبن بۆ هەموو پێشهاتێك، ئەگەر بژاردەی بەشداریی کردن بوو، ئەوا ئەو تیمەی کە ئەچێتە حکومەتەوە هەست بکات کە نوێنەری هەمووانە و هێزی مەعنەوی سەدان هەزار دەنگدەر و ئەندامی لە پشتە، کە ئەبێتە ئۆپۆزسیۆن دیسان هێزەکەی ئامادەی هەموو قوربانیدانێك بێت.

سەرچاوەكان

*(دیداری تەمەن)ی مام جەلال، ئامادەکردنی سەلاح ڕەشید، بەشی یەکەم ل۲٠۹
** (البارزانی و الحرکە التحرریە الكوردیە۱۹٦۱ــ۱۹۷۵) مەسعود بارزانیی ل۱۲۵
***(ناسیۆنالیزمی کوردیی پەرچەکردار) د.شۆڕش حاجی ل۱۷۲
****(خولانەوە لەناو بازنەدا) نەوشیروان مستەفا ل۲۱
*****(بەشێك لە بیرەوەرییەکانی مام جەلال) مەعد فەیاز، و.سۆران عەلی ل۷٦

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.