بەرەو حکومەت و دەستورێکی سوڵتانیی

لەلایەن ستاندار Posted on 288 جار بینراوە

ئاراس فەتاح مەریوان قانع

(١)
ئەوەی ئێمە لەم دەیەی دوایی سیاسەتی کوردیدا تێبینی و ڕەخنەمان کردوە مەسەلەی بە خێزانیی و بە بنەماڵەییکردنێکی سەرتاسەریی و ترسناکیی دەسەڵاتی سیاسیی و لەوێشەوە سەرجەمی دەسەڵاتەکانی ترە لە ھەرێمدا. ئەم پرۆسەیە ئەگەر لە سەرەتادا ناڕاستەوخۆ و کەمەکێک داپۆشراو بووبێت، ئەمڕۆکە بەتەواوی ھەموو دەمامکێکی فڕێداوە و بە ئاشکرا و بەبەرچاوی ھەمووانەوە ڕوودەدات. ئەمڕۆ نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکان دێن و دەست بەسەر کایەی سیاسیی و سەربازیی و میدیایی کوردستاندا دەگرن، دوای ئەوەی کایەی ئابوریی وڵاتەکەیان، بەتایبەتی ئابوریی نەوت و بازرگانییە سەرەکییەکانیان، بەتەواوی مۆنۆپۆڵکردوە. ئێستا پرۆسەی تەوریسکردن تەنھا تەوریسی سیاسیی نییە بە تەنھا، بەڵکو تەوریسی ھەموو وڵاتەکەیە لەسەر ئەو منداڵانەی کە لە ئامێزی خێزانەکانیانەوە ھاتوون و خەریکی دەستگرتنی تەواوەتین بەسەر سەرجەمی دەسەڵاتەکاندا.

دواھەمین ھەڵبژاردنی ھەرێم وێنەی کۆمەڵگایەکی توڕە و ناوەندێکی سیاسیی پڕ تەزویر و فێڵ و ساختەکاریی نیشانداین. ژمارەکان نیشانیانداین کە ٦٨% ئەوانەی لە کوردستاندا مافی دەنگدانیان ھەیە، دەنگیان بە پارتی و یەکێتی نەداوە، زۆرینەیان لەڕێگای بایکۆتکردنەوە و ئەوانیتریان لەڕێگای دەنگدان بە ھێزەکانی ترەوە. ئەوانەشی کە دەنگیان بە پارتی داوە، بە ھەموو تەزویرەکانییەوە، تەنھا ٢٢% کۆی دەنگدەرانی ھەرێمە و ئەوانەشی دەنگیان بە یەکێتی داوە تەنھا ١٠% ژمارەی ئەو دەنگدەرانەیە. خۆ ئەگەر ڕێژەی تەزویر لەو ژمارانە دەربکەین، دەکرێت ئەنجامگیرییەکی سادە بکەین و بڵێین لە دواھەمین ھەڵبژاردندا پارتی و یەکێتی بەیەکەوە، ھەر ٢٠ تا ٢٥ لە سەدی دەنگدەرانی ھەرێمیان ھێناوە. زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵکی ئەم وڵاتە لە ڕێگای بەشدارینەکردن و لەڕێگای دەنگدان بەلایەنەکانی دیکەوە، دەنگیان بەم دوو ھێزە نەداوە. بۆیە لە باشترین حاڵەتدا یەکێتی و پارتی بەسەریەکەوە نوێنەرایەتی چارەکێکی دانیشتوانی ھەرێم دەکەن.

بەڵام سەرەڕای ئەم دۆخە قەیراناوییە پارتی ئەمڕۆکە ژمارەیەکی زۆری کورسییەکانی پەرلەمانی بردوە و بە ھاریکاریی چەند ھێزێکی کەمی تر دەتوانێت حکومەت پێکبھێنێت. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو دەتوانێت لەڕێگای پەرلەمان و حکومەتێکی کۆنترۆڵکراوەوە ھەم ئەو یاسایانە دەربکات کە بتوانێت دۆخە قەیراناویەکەی ئەمڕۆکە بە ھەمیشەیی بکات و ھەم دەستورێکیش بنووسنەوە کە بە ”ڕێکوپێک“ی خەونە سوڵتانییەکانیان دەستەبەربکات. ھەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن حکومەت و پەرلەمانی داھاتوو دوو فەرمانبەری دەست لەسەر سنگی خێزان و بنەماڵە سیاسییەکان دەبن و تەنھا سیاسەتێکی ئاساییشی نیشتیمانیی کە بکرێت ھەیانبێت و بیریلێبکەنەوە بریتیی دەبێت لە دەرکردنی ئەو یاسایانە و پیادەکردنی ئەو سیاسەتانەی کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت، نەک پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی وڵاتەکە. بۆیە ئەو حکومەتەی کە دروستدەکرێت دەبێتە یەکێک لە حکومەتە ھەرە ترسناکەکانی ناو مێژووی دوای ڕاپەڕین. حکومەتێکی وا نابێت ھەموو ھێزەکان تیایدا بەشداربن، بەڵکو پێویستە ھێزە بەرپرسەکان لەدەرەوەیدا بن و خەریکی چاودێریکردنێکی ڕۆژانە و بەردەوام و وردی کار و بڕیار و سیاسەتەکانی بن.

(٢)
حکومەتی باش زۆربەی کات رۆڵی ئاگرکوژێنەوە دەگێڕێت و پڕۆژە و پلانەکانی ناکاتە ھۆکارێک بۆ کەوتنەوەی ئاگر و حەریقی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، بەڵام لە ھەرێمی کوردستاندا ھەر لە ئێستاوە مەترسیی گەورەی ئەوە ھەیە کە حکومەتی داھاتوو پلانی خستنەوەی ئاگرێکی گەورەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا ھەبێت، کە ئاگری نووسینەوەی دەستوری ھەرێم دەبێت. بۆیە، بە بۆچوونی ئێمە، یەکێک لەو ئاگرە گەورانەش کە پێویستی بەوە ھەیە لە ئێستاوە ڕۆڵی ئاگرکوژێنەوەی بۆ بگێڕین، بریتییە لە پڕۆژەی تێپەڕاندنی دەستورێکی سوڵتانیی بۆ ھەرێمی کوردستان.

پێدەچێت کوتلەکانی ناو پارتی لەڕێگای دابەشکردنی ڕۆڵەکانیان لەناو حکومەتی داھاتوودا، مەسروری کوڕ بۆ سەرۆکی حکومەت و نێچیری برازا بۆ سەرۆکی ھەرێم، بە وردیی دەسەڵاتە گرنگ و سەرەکییەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردبێت. ھاوکات گەورەترین پڕۆژەی ستراتیژیی ئەم حکومەتەی پارتی، لە دوای ریفراندۆمە شکستخواردووەکەوە، بریتیی دەبێت لە وەدیھێنانی خەونی بە سوڵتانییکردنی ھەمیشەیی دەسەڵاتدارێتییەکەی ھەرێم، ئەویش لەڕێگای دانانی دەستورێکەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ریفراندۆمکردنێکی ساختە و پڕ تەزویر، لەسەری.

(٣)
لەم قۆناغەدا و دوای ئەوەی پارتیی بۆ یەکەمینجار لەبەر زیاد لە ھۆکارێک، کە بۆ ھەمووان ئاشکرایە، بە ژمارە بوو بە گەورەترین ھێزی سیاسیی، دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی حکومەت پێکبھێنێت. لەم ھەلومەرجەشدا ئەم ھێزە گەورەترین ھەلی مێژوویی لەبەردەستدایە کە خەونە سوڵتانییەکانی بھێنێتەدی. ئەوەی ھەر لە ئێستاشەوە ڕوونە ئەو راستییەیە کە پارتی پاش دابەشکردنی رۆڵی کاراکتەرە سیاسییە سەرەکییەکانی ناو خۆی و بە پێچەوانەی ئەزموونی تەوریسی سیاسییەوە لەناو حیزبەکانی تردا، نەخشەی پلانێکی تەوریسکردنی داناوە کە گرتنەدەستی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە لە ھەرێمدا، گواستنەوەی ھەیمەنەی بنەماڵەیە لەناو حیزبەوە بۆ ناو حکومەت. پارتی دەیەوێت نەک تەنھا گوڵبژێری ئەو حیزبانە بکات کە دەیانەوێت لە حکومەتەکەیدا بەشداربن، بەڵکو دەیەوێت ڕۆڵبژێری سیاسیی ئەو ھێزانەش بکات کە دەچنە ناو حکومەتەکەیەوە. واتە پارتی بەکردار ئیملای سیاسەتی داھاتووی ھەرێم دەکات، ھەم ئەو ھێزانە بۆ حکومەت ھەڵدەبژێرێت کە خۆی دەیەوێت و ھەم ئەو ڕۆڵانەشیان بۆ دەستنیشاندەکات کە دەبێت بیبینن.

پڕۆژەی ئەم دەستورە تۆپە ئاگرێکە و خلۆردەکرێتەوە بۆناو کۆمەڵگای ئێمە، مەترسییەکەشی لەوەدایە، وەک ئەوەی لە مۆدێلی تورکیای ئەردۆگاندا بینیمان، دەستورێکی سوڵتانیی ”رێکوپێک“ بە ریفراندۆمێکی شکڵییانەی پڕ تەزویر تێپەڕێنرێت. پێدەچێت حیزبەکانی تریش، وەک پیشەی ھەمیشەییان، کاتی باوێشک و وەنەوزی سیاسییان ھێندە زۆر بێت، نەک ھەر نووزەیان لێوە نایەت، بەڵکو ڕێکوپێک دابنیشن و ھێندەی بیر لە شوێنگەی سیاسیی داھاتووی خۆیان لەناو ئەم حکومەتەدا دەکەنەوە، ھێندە بیر لە کەوتنەوەی ئاگرە گەورەکەی ناو کۆمەڵگاکە نەکەنەوە.

(٣)
بەبۆچوونی ئێمە بزوتنەوەی گۆڕان لە پێش ھەموو ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ترەوە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم دۆخەیە، ئەم ھێزە ئەگەرچی ڕووی لە پوکانەوەی سیاسیی و خلۆربوونەوە و کەوتنێکی گەورە و سەرتاسەرییە، بەڵام ڕەنگە یەکێک لە ئەگەرەکانی ھەڵسانەوەی بریتیی بێت لەوەی ڕێگربێت لە پیادەکردنی ئەو سیناریۆ سیاسییانەی لەسەرەوە باسمانکردن و نەھێڵێت بەم ئاسانییە تێبپەڕن. ئەمەش کاتێک ئەگەری دروستبوونی ھەیە کە ڕۆڵی ھێزێک ببینێت کە”نا“ بەو دۆخە نالەبارە بڵێت و لەگەڵ ھێز و بەشە جیاوازەکانی تری ئەم کۆمەڵگایەدا و لەسۆنگەی ھەستکردن بەمەترسییەکانی ئەم پرۆژە سوڵتانییە، کۆببێتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت بە ڕاشکاوی وەڵامی ھەندێ پرسیاری بێبەزەیی بداتەوە، ئایا بۆچی پێش چەند مانگێک بەنھێنیی و بێ ئاگاداریی ڕای گشتیی، تەنانەت بێئاگاداریی زۆرێک لە کەسایەتیی و ئەندامانی حیزبەکەی خۆشی، دەنگی بە یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم دا و پارتی لەو ئیحراجییە سیاسییە گەورەیە رزگارکرد کە ڕووبەڕووی بووبووەوە؟ ھەروەھا بۆچی لەداھاتووشدا دەچێتە ناو حکومەتێک کە یەکێک لە پڕۆژەکانی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەیە کە ئەوان دەنگیان بە ھەڵپەساردنی دا. لەوەش کارەساتبارتر پلانی تێپەڕاندنی دەستورێکە کە ئەوان لە ڕابردوودا دژایەتیی سەرسەختیان دەکرد و لەسەر ئەمەش ڕووبەڕووی سزادانێکی سیاسیی گەورە بوونەوە، کە لە داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی سەرۆکەکەی و وەزیرەکانی ئەواندا بەرجەستەبوو.

(٤)
ھەم ئێمە و ھەم نووسەرانی تر و ژمارەیەکی بەرچاوی رۆژنامەنووسان و رێکخراوانی کۆمەڵگای مەدەنیی لە ڕابردوودا چەندین جار تاووتوێی مەترسییەکانی دەستورێکی سوڵتانییمان بۆ ھەرێمی کوردستان کردووە. ئەوەی لە ئێستا و داھاتووشدا گرنگە بیرکردنەوەیە لە ئایندەی ھاونیشتیمانیانی ئەم ھەرێمە و لە مۆدێلی ڕێکخستنی کۆمەڵگا سیاسییەکەی و لە شێوازی پێکەوەژیانی دانیشتوانەکەی. بۆیە سەرەکییترین کارێک ھێزە سیاسییە بەرپرسەکان کاری لەسەر بکەن بریتییە لە ڕێگەگرتن لە دەستورێکی سوڵتانیی و کۆبوونەوەی ئەو ھەموو دەسەڵاتانە لە دەستی خێزانێکی سیاسیدا. ھاوکات گەڵاڵەکردنی چوارچێوەیەکی دەستورییە کە ئەم ھەرێمە لە مەرکەزییەتی حیزبیی و لە تەوریسی خێزانیی سیاسیی ڕزگاربکات. ئەوەی ئێمە بە گرنگی دەزانین ئەوەیە کە نەک تەنھا سیستمە سیاسییەکەی ھەرێم پێویستە بکرێت بە سیستەمێکی پەرلەمانتاریی، بەڵکو ھاوشان بەوەش پێویستە کۆتایی بەو مەرکەزییەتە سیاسییە بھێنرێت کە لە ھەولێردا ھەیە و بڕێکی زۆری دەسەڵاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێن. بەمەش مۆدێلێکی نوێ لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن دادەھێنرێت و لێپرسینەوەی دانیشتوانی پارێزگاکان لە کاربەدەستەکانیان چالاکتر دەکرێت و مەرکەزییەت و ھەیمەنەی ڕەھای خێزان و ھێز و ناوچەیەک بەسەر سیستمی سیاسیی ھەرێمدا، ناھێڵرێت. ئەم ھەنگاوە ڕەنگە بتوانێت نەفەسێکی دیموکراسیی بۆ کۆمەڵگای ئێمە بگێڕێتەوە و ئاساییشی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی داھاتوومان بپارێزێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.