کورد لە بەرداشی تورکیا و ئەمریکادا

لەلایەن ستاندار Posted on 317 جار بینراوە

کەمال محەمەد

لەم رەوشە ھەنوکەییە ئاڵۆزەدا، ھەوڵێکی ناوچەیی ھەیە، بۆ ئەوەی کوردان کاریگەرییەکی بەھێزی وەھایان نەبێت کە وەک حەقیقەتێک گوزارشت لە خۆیان بکەن و لە بواری سیاسیشدا ئازاد بن و رۆڵێکی مەزن لە پەرەسەندنی مانادارترین بونەکانی ئەم گەردونە ببینن وەک نەتەوەیەک لەمیانەی کاروانی ئازادی و دیموکراسی و سۆسیالیزمەوە خۆیان جێگیر بکەن و رێگای ژیانی راستەقینە ئاواڵا بکەن .

کاتێک سەیری ئەو گۆڕانکاری و روداوانە بکەین کە ھاتونەتە ئاراوە نەتەوەی کورد گرێدراوی حیسابە ستراتیژی و ھەژمونگەراییەکانی دەرھەق بە ناوچەکە کراوە لە پێناوی ئاسایشی سیستەم و پێداویستی پەتڕۆڵی ئەو ھێزانەدا ،بۆیە لای تورکیا وا وێنا ئەکرێت کە ئەو ھێزانە دەستبەرداری ناوکی دەوڵەتی نەتەوەی کورد نابن و ھەرچییەک لەپێناو بەھێزکردنیدا پێویست بێت ئەنجامی ئەدەن و بەو ھۆیەشەوە کوردستان و کوردان وەک واقیعێکی دینامیکی بەھێز جێگای خۆیان ئەگرن .

وابەستەیی و درێژەدانی دەسەڵاتی ئاکەپە لەم ساڵانەی دواییدا لەسەر دو بنەما ئەنجامدراوە کە یەکێکیان برینی دەستی سوپایە لەدەسەڵاتی سیاسی کە ئەمەش جگە لە ئیدیعایەک زیاتر ھیچی دیکە نییە ئەوەی دیکەشیان بەکەرھێنانی ناوی کوردانە کە خۆی لە چارەسەری بە حەقیقەتی کوردەکانەوە وەرناگرێت و ئەو جۆرە بانگەشەیەی دەسەڵاتیان بە بەراورد بە دۆخی ئێستا جگە لە ساختەکاری ھیچ مانایەکی دیکەی نییە چانسی ژیان پێشکەش ناکات ،

لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و عەفرین بەتایبەت و بێ دەنگی ئەمریکا و ھاوپەیمانان کارەسات و نەھامەتی بە دوای خۆیدا ھێنا و کردەوەگەلێکی ناپەسندی وەک سنورنەناسی داگیرکاری و تاڵانی بە دوای خۆیدا ھێنا ،بەڵام ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی جێبەجێکرا ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز بو لەلایەن روسیاوە بەھۆی ئەو باڵادەستییەی کە ھەیبوو لە ناوچەکەدا لەچاو وڵاتێکی وەک ئەمریکا بەھۆی ھەندێ ناکۆکی نێوانیانەوە ،بۆیە لەم قۆناغەی دواییدا کە ھەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی خۆرئاوا و مەنبەج بۆتە شرۆڤەی ڕۆژ بەھۆی باڵادەستی ئەمریکاو بوونی سەربازەکانیان لەو ناوچانە کارێکی ئاسان نابێت بە بێ رەزامەندی و قبوڵکردنی ئەمریکا .

لێرەدا دو گریمانە ھەیە :
یەکەمیان ئەوەیە ئایا ئەمریکا و ھاوپەیمانان ئەو بەرژەوەندیانەی پێشتر لەسەر بنەمای نکوڵیکردن لە کوردان بەدەستیان ھێنابوو ئەبێتە ھۆکاری پارێزگاریکردن لێیان یاخود کوردەکان لە پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسییەکان ھەرگیز جێگای باس نابن ،

دوەمیشیان ڕەنگە شرۆڤە کردنی ئەم ھەڕەشەو روداوانە خۆی لە سەرکەوتنی ئاکەپە لە ھەڵبژاردنەکان و لێزانی ئەردۆغان و پارتەکەیدا بێت لە یارییەکی پروپاگەندەییدا .

لە کۆتاییشدا تاوتوێکردنی ئەو ھەژمونگەراو ھێرشە نوێیانەی تورکیا سەبارەت بە رۆژئاواو سەرکوتکارییەکانی ناخۆی باکوری کوردستان و تەنانەت ھێرشە ناوبەناوەکانی کوردستانی باشوریش لە روانگەی تورکیاوە بەواتای ئەوەی کە کوردەکان خاوەنی ھیچ پێگەیەکی یاسایی و دەستوری و جوگرافی تایبەت بە خۆیان نین،بۆیە نەبونی ھەڵوێست ھاودەنگی لایەنی ھەرە مەترسیداری مەسەلەکەش لەوەدایە کەیان بە ھیچ شێوەیەک کوردی رێکخراو و ھوشیار لەئارادا نین یاخود بونیادنانی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی و کۆمەڵگابوونی کوردان لە بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا بە دۆخی گریمانەیی گەیەنراوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.