کۆتایی زەمەنی پاڵەوان

لەلایەن ستاندار Posted on 297 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

ڕای من لەسەر شەڕەکان و توندوتیژییەکان تەنیا ئاشتی و ناتوندوتیژییەو جگە لەو دووانە لە ھیچ کات و شوێن و دۆخێکدا، بڕوام بە خیارێکی تر نەماوە.

وەلێ ئەگەر قسە لە شەڕبێت، ئەوەی لە منبەج کرا، لە ڕەھەندی تەکتیک و خۆپارێزییەوە، ھەنگاوە دروستەکەیەو زۆر باشترە لە شەڕی خۆتڕێن و کاولکاریی.

بەڵام بە ڕای من نا بە مەنتقی چەک و شۆڕشگێڕی و جوداخوازیی، ڕۆژئاوا بکەوێتە دەست تورکیا باشترە!

لەلایەک چونکە گەڕانەوە بۆ سوریا گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفرو سەت ساڵ لەمەوپێش و بۆ ئەو دۆخەی کە ئەم ناوچەیە شکڵی لەسەر گرتووەو کورد بە دڵی نیە. لەلایەکیش بۆ ئەوەی تێبگەین، شەڕ لەگەڵ کێ بکەین و کێ دوژمنەو کێ شۆڕشگێرە!

ئەمری واقع بە دەوڵەتی بە ھێزی وەکو ئیسرائیل دروستئەکرێ کە جۆلانی داگیرکردوە، بە دەوڵەتی بەھێزی وەکو تورکیا دروستئەکرێ کە قوبروسی داگیرکردەوە.. واقعی چوارپارچەیی ئێمەش بە ئێمەی نادەوڵەتی دەرەوەی سیستەمی جیھانی دەسکاریی ناکرێ، بە دەوڵەتە بەھێزەکان و خودی سیستەمی جیھانیی دەسکاریی ئەکرێ.

جا نەک ھەر ڕۆژئاوا، باشورو ڕۆژھەڵاتیش ھەر ھەمووی یەکجار بکەوێتە دەسی تورکیا یان ئێران، بۆ ئێمەی کورد قازانجە، بۆ ئەوەی لەم ھەژدیھا چوار سەرە نەجاتمان ببێ!!

ئەوکات شەڕ لەگەڵ یەک دەوڵەت ئەکەین، بە دابەشکردنە تەقلیدییەکەش ئەبین بە دوو بەشی باش و جاش، بەشێکی شۆڕشگێڕ کە دژی دەوڵەتەو بەشێکی جاش کە لەگەڵ دەوڵەتایە.. ئەگەرچی لەگەڵ شەڕا نیم، بەڵام شەڕکردن لەگەڵ یەک دەوڵەت بڕێک ماقوڵترەو بەرچاو ڕوونترە.

وەلێ شەڕکردن لەگەڵ چوار دەوڵەت، لەگەڵ ئەمیان بە پشتی ئەو، لەگەڵ ئەویان بە پشتی ئەم (کە ھەرچواریشیان دوژمن بن) ،، ئیتر شتەکە ڕێک بەرھەمھێنانی تەسلیمبونە بە خودی بەرگریی! ڕێک بەرھەمھێنانی جاشە بە خودی شۆڕش!

مەبەستیشم ئەو جاشە نیە کە دژی شۆڕشگێڕەکان ئەداتە پاڵ ڕژێم، مەبەستم خودی شۆڕشگێڕەکەیە کە بە خۆشی خۆی بێت یان بە ناچاریی پشتی بە دوژمنێک بەستووە!
یەعنی لە دۆخی چوارپارچەییدا، قەدەری شۆڕش بۆ ئێمە ھەر جاشێتییە بۆیە نابێ بیکەین!

لە شەڕی چواردەوڵەتدا پیاو ھەر سەری لێتێکئەچی و نازانێ کێ دوژمنەو کێ شۆڕگێڕەو کێ جاشە، چونکە شۆڕشگێرەکە دوو ڕەھەندەو تەنیا لە یەکێکیانەوە شۆشگێرە، لە بوعدەکەی ترەوە سەیریکەیت جاشە!!

شەڕی دەوڵەت بۆ کاراکتەری نادەوڵەت قورس و شبھە موستەحیلە، ئەمە زەڕبی چواری بکەیت ئیتر ناکرێ، ئێمە کەرین کە کردومانە! ئاخر شۆڕش بۆ ئێمە شتێکە (کە لە زاتی خۆیدا نەک لە کاردانەوەدا) جاش دروست ئەکا، ئەمە کوێ ی شۆڕشە؟

مۆدێلی چەک و شۆڕشی چەکداریی، مۆدێلی (پارتی و یەکێتی و پەکەکەو کۆمەڵەو دیموکرات..) ئەمانە تا زوو بیانخەینە زبڵدانەوە درەنگە، وانەکەین ئەوان بە خۆیانەوە ئەمانخەنە زبڵدانەوە!

چونکە ئەم مۆدێلە خۆشی باش بێت دنیاکە خراپی ئەکات، خۆی خراپبێ ئەبێ بە دەسکەلای ئەمو ئەو، باشیشبێ دنیاکە ئەیکا بە تۆپی بەر قاچی ئەمو ئەو!
بۆ تۆش ھیچ فەرقی نیەو بە دەستەوەبن یان بە قاچ، ھەردوکی ھەر مەکینەی بە کوشتدان و کاولکاری و ماڵوێرانییە.

گرنگە کورد لە ھەر چوار دەوڵەتەکەدا بەلای لەتە نانێک و لەتە زمانێکەوە دانیشێ، تا ئەم دنیایە خۆی شتێ لە خۆی ئەکات، تا ئەم دەوڵەتانە خۆیان شتێک لە خۆیان ئەکەن! ئاخر کورد ناتوانێ ھیچ لەوان بکات بەڵام ئەتوانێ غەزەب و بەڵای زیاتری ئەوان بۆ سەر خۆی بھێنێ، دەی نەیھێنێ و کەمیکاتەوە باشترە!

ئەو چەکەی کە کورد ھەڵیئەگرێت، ھەرئەونە بۆ خۆیەتی کە ئەوانیتر ئیشیان پێی نیە، ھەرکات ئیشیان پێی بێت ئەبێ بە چەکی ئەوان، بۆیە نابێ ھەڵیگرین.

گرنگە کورد لەوە تێبگات، بەبێ چەک ئەتوانێ جاش نەبێت، بەڵام بە چەکەوە ھۆکاری خودییش نەبێ، جەبرێکی جیھانی ھەر ئەیکا بە جاش!

جاشێتیش ھەر فۆڕمە قێزەونەکەی ۳۱ی ئاب و ۱٦ی ئۆکتۆبەرنیە، (ئەوەشی کە لەوپەڕی دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەرییدا، “بە چەکەوە” ھەر مەحکومیت بە تەسلیمبوون بە ئیرادەی ئەوانیتر) ئەوەش ھەر قووڵکردنەوەی جاشێتییە ئەگەرچی نیەتیش پاکە!!

(بەرگری بە مانای خۆپاراستن و مانەوە، لە چەکداناندایە نەک لە چەکھەڵگرتن) کورد لەمە تێنەگات زنجیرەی جینۆسایدو ماڵوێرانییەکەی سەدەی پێشووی، سەدەیەکی تریش بەردەوام ئەبێت.

لەو کاتەدا کە پاڵەوان خۆی باوەڕی بە پاڵەوانێتی لەقبووەو ئەمەی ئەمڕۆی منبەج لەوەی دوێنێ ی عەفرین بە باشتر ئەزانێ،، گرنگە ئەمە ببێتە ھۆشیاریی گشتیی و ھەموومان زەمەنی پاڵەوان تێپەڕێنین و چیتر شیعرو شانامەیان تیا خەسارنەکەین! چونکە پاڵەوان لە ڕاستترین پێناسەداو بۆ ئێمە، ھەر ئەوەیە کە ماڵوێرانمان ئەکاو ھیچی تر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.