چ جۆرە حکومەتێک پێویستە لەھەرێمی کوردستاندا ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 342 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ھیچ کات ھێندەی ئەم جارەی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە ٣٠/٩/٢٠١٨دا پێکھێنانی حکومەت و کابینەی نوێ دوانەکەوتوە کە لە ئێستادا ١٠٠ ڕۆژی ڕێکی تێپەڕاندوە،لەزۆربەی دونیای پێشکەوتوو تەنانەت دواکەوتوشدا ماوەی ١٠٠ ڕۆژ دیاردەکەن بۆ ھەڵسەنگاندنی یەکەمی ھەموو حکومەت و ئۆرگانێک بۆئەوەی بزانن لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا چ پلانێکی داناوە و چەند پڕۆژەی جێبەجێکردوە و چ خزمەتگوزاریەکی پێشکەش بە جەماوەر و وڵات کردوە،بەم شێوەیە دەبینین ١٠٠ ڕۆژ لای کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان ھێندە درێژ و کاریگەر و گرنگە کە ١٠٠ ڕۆژ کات و ماوە بەپێویستە دەزانن بۆ ھەڵسەنگاندن وتەنانەت لێپرسینەوەش،بەڵام لای خۆشمان ١٠٠ ڕۆژ ھیچ بەھایەکی نیە،ھەربۆیەش ئەو کۆمەڵگایانەی ڕێزی کات دەگرن ھەمیشە لەپێشکەوتن و گەشەکردنی بەردەوامدان و ئێمەش ھەمیشە بۆ دواوەوە دەگەڕێینەوە.بەداخەوە دوای ١٠٠ ڕۆژیش ھێشتاش ئاسۆکان ڕوون و نزیک نین بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کە ھەر لەسەرەتاوە بە توندوتیژی و نائومێدی دەستیان پێکرد،لەگرتنی بێ ھۆکاری یاسایی کادر و ئەندامانی یەکتر و دواتریش بێ ھۆتر ئازادیان کردن،ئەم ڕۆحیەت و عەقڵیەتی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنە لەسەرەتای ساڵی نوێی ٢٠١٩ و پێشەنگی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نۆھەم،مایەی خۆشحاڵی و ئومێد ھەڵچنینی زۆر نین بۆ ٤ ساڵی ئایندە.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،کە ئایا ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغە و بۆ ٤ ساڵی ئایندە چ جۆرە حکومەتێکی پێویستە؟ ئەمنی بێت ؟ یان خزتمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بێت؟
بەدڵنیایی ھەرێمی کوردستان دوای ٤ ساڵ لە جەنگی تیرۆریستانی داعش و دوای ٤ ساڵ لە قەیرانی دارایی توند کە بۆتە ھۆی کەمبونەوەی مووچە و بودجە و نەمانی پڕۆژە ئاوەدانیەکان و وەستانیان و ئیفلاسبوونی کۆمپانیا و وەبەرھێنەکان و ھەڵتەکاندنی ئەو ژێرخانە لەرزۆکەی کە ھەبوشمان و گەڕانەوەی کوردستان بۆ لانی کەم ١٠ساڵ زیاتر لەڕووی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و …ھتد.بۆیە ھەرێم بۆ ٤ ساڵی ئایندە پێویستی بە قۆناغێکی ئارام و پڕ ئاوەدانی و خزمەتکردن و چەسپاندنی ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەیە،نەک حکومەتێکی ئەمنی توند بەسەر ئازادی ھاوڵاتیان و کاری سیاسی و بڵاوکردنەوەی ترس و ترۆقاندن و ھەڕەشەی گرتن و کوشتن و ڕاوەدوونان،حکومەتێک کە بیر و پلانی تەنھا لەڕووی ئەمنی و عەسکەری و ھەواڵگریەوە بێت ئەوە بەدڵنیایی زۆرینەی بودجەی وڵات بۆ ئەو کەرتە دابین دەکات و مەنتیقیش وادەڵێت کە سەرجەم کەرتەکانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری وەلادەنرێت،وڵات لەڕووی تەندروستی و خوێندنی باڵاو و پەروەردە و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزارەوە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە و جێگەی گرنگی پێدان نابن.
ھەموانیش زۆر باش دەزانین کە چارەنوسی حکومەتە ئەمنی و سەربازی و عەقڵ تەسک و بێ پلانەکانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی چی دەبێت و چۆن شکست بەسەر خۆیان و میلەتیشدا دەھێنن،چونکە حکومەتە ئەمنیەکان ھەمیشە لەچوارچێوەی دەسەڵاتە تاکڕەو و خۆسەپێن وشمولیی و سەربازیەکاندا خۆیان دەبیننەوە کە چارەنوسی ھەموانیانمان بینی کە چیان بەسەرداھات لەڕابووردوویەکی نزیکدا..سەردەم و قۆناغی ئێستا وئایندەش وادەخوازێت لە سەرجەم سەرکردە و پارتە سیاسیەکان کە براوەی گەورەن لەم ھەڵبژاردنەی پەڕلەمانی کوردستاندا کە بە عەقڵیەتێکی کراوە و نەرمونیانتر و ئاسۆ فراوانتر و لێپرسراوانەتر بیربکەنەوەو پلان و نەخشەڕێگا و بەرنامەی گونجاو دابنێن بۆ زیاتر خزمەتکردنی جەماوەر و ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان،قۆناغەکە وادەخوازێت ھەموان پێکەوە کاربکەن و ھەنگاو بۆ پێشەوە بنێن، چونکە کوردستان لە ئێستادا توانای ھەڵگرتنی بار و کێشە وململانێی قورس و مەترسیدار و دووبەرەکی زیاتر و دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ و ئیستیفزازکردنی یەکتر ناگرێت،بۆیە دەبێت ھەرچی زووتر ھەیە سەرجەم کێشەکانی کورد و کوردستان لە ھەرێم و لەبەغداد ھەموانیان پێکەوە چارەسەر بکرێن و ھیچ کام لەو کێشانەش ھێندە سەخت نین کە لەتوانادا نەبێت چارەسەر بکرێن گەر نیەتێکی ڕاستەقین ھەبێت بۆ چارەسەرکردنیان،بۆیە دواخستنی ھەر کێشەیەکیش دەبێتە ھۆی کەڵەکەبوونی و زیاتر قورسبوونی وپشتگوێخستنیشی،زەرورە کە ھەموان بەگیانێکی نیشتیمانپەروارنەوە مامەڵە بکەن و تیڕوانینەکانیان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ،ئەوەی کە دوای ھەمووان بیرلێدەکەنەوە پێویستە وەدەستھێنانی پلەو پۆست و ئیمتیازات بێت بۆ دەستڕۆیشتوەکانی ناو حیزبەکان و بەردەوامبوونیان لەدەسەڵات و خۆشگوزەرانیان تا سنوری ئینتەلاکردن و لەبەرامبەریشدا پەراوێزخستنی کادر و لایەنگر و دۆست و کەسە ئەکادیمیی و سەربەخۆکان و ئەنجامیش برسیکردنی زیاتری جەماوەر تا سنوری مردن و تاوان و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
بۆیە گرنگە کە پێکھێنانی کابینەی نۆھەمی حکومەتی ھەرێم چیدی بەبیانوی بێ ئەزرشەوە دوانەکەوێت و ھەرێمیش نەکەوێتە بۆشایی سیاسی و ئیداری و یاساییەوە،لەکاتێکدا ناوچە و دونیاش لەسەر ئاگرێکی ھێمن دەکوڵێن و ھەموان چاوەڕوانی تەقینەوە و پێکدادانی زلھێزەکانی دونیاو ناوچەکەن و کوردیش بەبێ حکومەت و سەرۆک و پەڕلەمان لەھەموان بێخەمترە،لەگەڵ ئەوەی کە مەترسیە گەورەکان ھەمووانیان ڕوویان لەکوردو کوردستانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.