نەوشیروان مستەفا ڕاپەڕینی کرد بە موڵکی هەموان

لەلایەن ستاندار Posted on 249 جار بینراوە

 پێشڕەو بابەشێخ

یەکەم شۆڕشگێڕ و مێژوونوسە، خاوەندارێتی ڕاپەڕین و شۆڕشی لەمۆرکی کەسی و تایبەتەوە گۆڕی بۆ موڵکی گەل ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ بە وەرچەرخانێکی گرنگ و دیار دادەنرێت لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد بەگشتی و گەلی کوردستان لە باشوری کوردستان بەتایبەت . ڕوداوێکە بە هۆی گرنگی و لێکەوتەکانی ودەرەنجامەکانی بوە بە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی گەلی کورد . ئەوەی مەبەستمە باسی لێوە بکەم هۆکارەکانی ڕاپەڕین و دەرەنجامەکانی دوای ڕاپەڕین نیە، بەڵک و ئەوەی ئامانجەکەمە بتوانم شیکردنەوەیەک بۆ ڕۆڵی ( ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا) بکەم وەک نەخشە داڕێژەر و ئەندازیارو کاراکتەری سەرەکی ڕاپەڕین و جێبەجێکاری ڕاپەڕین و لە پاڵ ئەمەشدا خۆ دەرنەخستن و خۆ بە پاڵەوان نەکردن و بەکەسی نەکردنی ڕاپەڕینەکە . ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ یاخود ڕاپەڕینی باشوری کوردستان ئەگەرچی دۆخی ناوخۆی عێراق و ناوچە کە و نێودەوڵەتیش لەباربوون و کوڵانی ناوچەکە بوو بەڵام هەر لە خۆوە و خۆڕسکانە نەبوو، بەڵک و پلان بۆ داڕێژراووئامادەکاری بۆ کراوبوو لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشی ئەوکات و لەناویشیاندا بەسەرکردایەتی و ڕابەرایەتی خودی نەوشیروان مستەفا ئەمین . بەتایبەت دوای جەنگی عێراق- ئێران و شاڵاوەکانی ئەنفال و هەڕەشەکانی ڕژێمی دەسەڵاتداری بەعسی عێراق بۆ دەوڵەتە دراوسێکانی و لە دواجاریشدا هێرشکردنە سەر وڵاتی کوەیت و هەڕەشەکانی هاوپەیمانان بۆسەر عێراق . هەموو ئەمانە هۆکاربوون بۆئەوەی بەرنامە ڕێژی خێرا و بەرنامەیەکی تۆکمە دابنرێت بۆ ڕاپەڕین و بەگژداچونەوەی ڕژێمی بەعس کە دەمێک بوو زوڵم و زۆرداری بەرامبەر بە گەلی کورد گەیشتبوو بە ترۆپک. بە پێی هەموو بەڵگە نامەکان بیرکەرەوەوداڕێژەری هەموو ئەم بەرنامانەی بۆ ڕاپەڕین دانران دەگەڕێتەوە بۆ خودی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە . بە وردبونەوەی تەنها چەند لایەنێکی ئامادە کاریەکان بۆ ڕاپەڕین دەگەین بەو ڕاستیەی کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕابەری ئەم بیرە بووە :

٭ پەیوەندیەکان / بە پێی هەموو بەڵگە نامە نوسراو و تۆمارکراو و شایەتحاڵەکانیش ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی شار و شاخ و کۆکردنەوەی هێزە پەرتەوازەکانی دوای ئەنفال لەناو شارەکان و دروستکردنی هێزی چەکداری ( سرک ) بەسەر پەرشتی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا بوە . پەیوەندی بە کەسایەتیە نیشتمانیەکان و کورد پەروەرە دێرین و دیارەکانی کورد لە شارەکان و لەلایەکی تر پەیوەندی کردن بە بەشێک لە چەکدارە کوردەکانی ئەوکاتی ڕژێمی عێراق و بەرپرسەکانیان بۆ هاوکاریکردن و هاندانیان تا لە ڕاپەڕین پشتیوان بن و بەشێک بن لە ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە بۆ خودی نەوشیروان مستەفا لە ڕێگەی پەیوەندی کەسی و نامەوە . جگە لە پەیوەندیکردنی بە سەرکردایەتی بەشێک لە سەرکردایەتی هێزەکانی نێو بەرەی کوردستانی و هەوڵەکانی بۆ بەشداریکردنی کارایان لەم ڕاپەڕینە .

٭ ڕاگەیاندن / وەک ئەوەی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان تاکە کەناڵی بیستراوی ئەو سەردەمە بوە و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا لەم کاتەدا بەڕێوە چوە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە گەیاندنی ئاماژەکان و ئەو جفرانەی تایبەت بون بە ڕاپەڕین و ئەو کاسێت و نوسراوانەی پێویست بوون لەم کاتەدا و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بۆ داوای هاوکاریکردن . لەو کاتەدا ڕادیۆ باشترین ئامێری بەیەک بەستنەوەی پەیوەندیەکانی شاخ و شار بوو بەتایبەت ئەو ڕادیۆ گەڕۆکەی لەگەڵ خودی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو لەم کاتانەدا . جگە لە هەموو ئەو پەخشنامە و نوسینانەی گیانی شۆڕشگێڕی و یەکبون و گیانی هاریکاری لە نێو هێزەکان پتەوتر دەکرد کە لەلایەن ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە دەنوسران . ئەگەر هەوان کۆکبین لەسەر ڕۆڵی ئەم ڕاگەیاندنە لەم کات و ساتەدا، ئەوە هەوڵ و کاریگەری سەرپەرشتیکاری ڕاگەیاندن کاریگەرترو بیرمەندانەتر دەردەکەوێت لەم سەرکەوتنە .

٭ سەربازی / هەر کات جەماوەری کوردستان دڵنیایی هەبوبێت لە پشتیوانیەکی سەربازی بەهێزوتۆڵەستێنی چیا ئاسا، ئازایانەتروچاونەترسانەتر ڕوبەڕوی ڕژێم بۆتەوە، کاتێک هێزی پێشمەرگە ڕێکدەخرێتەوەوئامادەدەکرێن، بۆ دابەشکردن بەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و بەسەر چەند میحوەرێک دابەش دەکرێن لە ڕێگای چەند ڕەتڵێکی پارتیزانی، هۆکارێکن بۆ پاڵپشتیەکی بەهێز و هەستانەوە و دروستکردنەوەی ئومێد و ئیرادە بۆ جەماوەری کوردستان . هەموو ئەو شانە چەکدارانەی لەناوشارەکان لە لایەن ئەو پێشمەرگانەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێم چەکیان دانابوو وە هەموو ڕێکخستنەکانی پێشوو و بەردەوامەکان و هەموو پارتیزانەکان و ڕەتڵە جیاواز جیاوازەکانەوە کە سەپەرشتی دەکران لە لایەن خودی (نەوشیروان مستەفا) وە. وە هەر جوڵەیەکی سەربازی بە ئاگاداری ئەو بەڕێوە چوە و بەفەرمانی ڕاستەوخۆی داڕێژەری ڕاپەڕین بوە . تەنها بە گەڕانەوە بۆ ئەم سێ لایەنەی پێکهێنەری ڕاپەڕین ئەوە دەسەلمێندرێت کە ڕاپەڕین بە بیر و کارکردن و فەرمانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەستی پێکردوە بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە بەشێکی زۆری باس و خواسی ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕین و لە دواجاریشدا جێبەجێکردنی لە کاراکتەری ترەوە پێمان گەیشتوە نەک لە خودی نەوشیروان مستەفا، کە هەر یەکێک لەو کاراکتەر و شۆڕشگێڕ و بەشداربوانەی ڕاپەڕین لە باسکردن و گێڕانەوەی مێژووی ڕاپەڕین بەبێ ئاماژەدان بە ڕۆڵ و کاریگەری نەوشیروان مستەفا نەیانتوانیوە باسەکەیان تەواو بکەن و ئەو ڕاستیەیان خستۆتە ڕوو کە لە دواجاردا هەموو فەرمانەکان لە ئەوەوە وەرگیراون . ئەوەی لای من مایەی تێڕامانە و شایەنی قسە لەسەر کردنە، بۆچی خودی نەوشیروان مستەفا بۆ جارێکیش هەموو ئەمانەی بەتەنها نەکرد بە مووڵکی کەسی ؟ بۆچی نەوشیروان مستەفا پێش هەمووان و وەک یەکەم سەرکردە دەڵێ خەڵک ڕاپەڕینی کرد؟ بۆچی ئەم ڕۆڵە گرنگ و کاریگەرە لە ڕۆڵی تاک و گروپ و لایەنێک و هێزێک کورت ناکاتەوە و دەیکات بە ڕۆڵێکی گشتی و دەیکات بە موڵکی گەلێک ؟ بۆچی وەک یەکەم کەس و وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین خاوەندارێتی ئەم قۆناغەی مێژوویئەگەر بە لاپەڕەکانی مێژووی کورد دا بچینەوە زۆری شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد بە ناوی کەسایەتی و ڕابەران و ناوچەکانەوە بوە، لەگەڵ ئەوەی نمونەی (یەکێتی کوردانی ) شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و( خۆیبونی) سەردەمی احسان نوری پاشا و چەندانی ترمان هەیە بەڵام لە دواجاردا شۆڕشەکە بەناوی کەسایەتیەکەوە ناونراوە . دەتوانم بڵێم لە مەشدا نەوشیروان مستەفا پێشەنگ بوو بۆ خزمەتی مێژووی گەلی کورد، نەوشیروان مستەفا نەک هەر خۆی نەکرد بە پاڵەوان و ئەندازیاری ڕاپەڕین، بەڵکو بە ئینسافەوە ڕێگری کرد لە بەخشینی مۆرکی کەسی و ناوچەیی و هێز و لایەنێکی تایبەت و بەرەو عەشیرەت بە ڕاپەڕین و هەموو خەڵکی کوردستانی کرد بە خاوەنی ڕاپەڕینی گەلی کورد لە باشوری کوردستان . ئەو دەیتوانی مۆرکی کەسی یا حزبی بدات بە داینەمۆ و داڕێژەری ڕاپەڕین بەڵام مۆرکی نەتەوەیی و گشتی پێدا . ئەو دەیتوانی مۆرکی بەرەی کوردستانی پێبدات و بیکات بە موڵکی بەشێک بەڵام بە بەخشینی مۆرکی جەماوەری هەر تاکێکی کرد بە خاوەنی ئەم قۆناغە پیرۆزەی مێژووی گەلە کەمان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.