پاشەکەوت ئەو ئەولیایەی کە کچەکەی لە چاڵی سەنعاندا سەگ خواردی !

لەلایەن ستاندار Posted on 288 جار بینراوە

سـوپا سـلام (ماجستێر لە زانستی ئابووری)

دوای راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە لابردنی ئەو بڕیارەی کە ناویان لێنابوو (پاشەکەوت) لە ٨/٣/٢٠١٩،بەشێکی زۆری رۆژنامەنوسان و چاودێران کەوتنە ھەمان ھەڵەی زانستی کاربەدەستان لە بەکارھێنانی دەستەواژەی (پاشەکەوت) بۆ ئەو پرۆسەیەی کە نزیکەی (٣ ساڵە) بەرۆکی مووچە خۆرانی ئەم ھەرێمەی گرتووە، لەکاتێکدا پاشەکەوت(Saving) بە کورترین دەربڕین گوزارشتە لە دەست ھەڵگرتنی کاتی لە خەرجکردنی بەشێک لە دەسھاتی ئێستا بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە و بە گەڕخستنی لە ئایندەدا،جا بۆ بەکارھێنان بێت (consumption) یاخود بۆ بواری وەبەرھێنان (Investment).
کەواتە لێرەوە بەروونی دوو پێکھێنەری سەرەکی پاشەکەوت بەدی دەکرێت کە بریتین لە:
١- پرۆسەیەکی کاتیە
٢- ئارەزوو مەندانەیە و تاک سەرپشکە
ھەروەھا تاکی بەکارھێنی ژیر(Rational consumer ) لە تیۆرە سەرەتاییەکانی زانستی ئابووریەوە ئاماژەی بۆ کراوە کە دەسھاتی خۆی دابەشدەکات بەسەر (بەکارھێنان + پاشەکەوت)
(Y = C + S ) بەواتا ھەرکات بەکارھێن بە دەسھاتەکەی پێداویستیەکانی خۆی لە بەکارھێنان پڕکردەوە،پاشان دەست دەکات بە پرۆسەی پاشەکەوت کردن لەسەر ئەو دوو بناغە سەرەکیەی کە باسکران،بەڵام ئەوەی لە ھەرێم گوزەرا بەکارھێن نەک پێدایستیەکانی دابین نەدەبوو بە دەسھاتەکەی بەڵکو پەنای بۆ چەندان سەرچاوەی دیکەی وەک (قەرز، ھاوکاری ،فرۆشتنی کاڵاکانی …ھتد) دەبرد ھەتا پێداویستیەکانی رۆژانەی پڕ بکاتەوە لە کوێ ئەم (پاشەکەوت)ەی بۆ دەستەبەر بووە؟
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەماوەی سێ ساڵی رابردوو ھیچ وشەیەک بە ھێندەی (پاشەکەوت) ئەتک نەکراوە،کە بەبۆچوونی ئێمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەزا نازانستیەی کە کۆی جومگەکانی کارگێڕی گرتووەتەوە کە مەحکومە بە جەھل و وتنەوەی چەمکەکان توتی ئاسا،چونکە ھەنووکە لەکۆی ئەو سوپایە لە وەزیر و پەڕلەمانتار و بریکار و راوێژکار و…ھتد بە ئەندازەی پەنجەکانی دەستێک پسپۆڕی ئابووری بەدی ناکرێت،سەرەڕای ئەوەی میدیاکانیشدا غیابێکی تەواوی کادری ئابووری ھەیە، بەشەکەی دیکەی پەیوەندیدارە بە بەکارھێنانی ئەم دەستەواژەیە بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەسڵی بابەتەکە،بە ئامانجی ئەوەی کە پرۆسەکە (پاشەکەوت) جۆرێک لە سەربەستی و دەستھەڵگرتنی کاتی پێوەدیارە و رۆژێک دادێ کە ئەو پاشەکەوتە دەتوانن بیخەنەوە گەڕ،کە ئەم بەشەیان زیاتر لەلایەن بەرپرسانی کابینەی ھەشتەمەوە رەنگە لێزانانە بەو ئامانجە کاری لەسەر کرابێت.
ھەردوو بەشەکە بە (جھل) یاخود (قێد) زاراوەی پاشەکەوت بۆ ئەم پرۆسەیە کە خراوەتەگەڕ لە تەرازووی زانستی ئابووری دا سەنگی خۆی نیە.دەکرێت لە بری بەکارھێنانی (پاشەکەوت) چەمکی (قەرزی زۆرە ملێی بێ بەروبوو) بەکارببرێ کە بە ھێڵێکی جاڵجاڵکە لە باج (Tax) جودا دەکرێتەوە، لەبەر ئەوەی باج (Tax) ھاوشێوەی ئەم ھەنگاوەی حکومەت بریتیە لە بڕینی بەشێک لە دەستھاتی تاک بە شێوەی زۆرە ملێ لە بەرامبەر ھیچ کاڵا و خزمەتگوزاریەکدا،ئەو ھێڵە باریکەش کە باج لە ھەنگاوەکەی حکومەت جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە(باج)دا چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە دەسھاتە لە ئایندەدا ناکرێت،بەڵام لەسەر زاری بەپرسانی کابینەی ھەشتەم ھەتا ئێستا بە فەرمی دانیان نەناوە بەوەی کە مووچە خۆران چاوەڕیی بەشە دەسھاتی لێبڕاوی ساڵانی رابردوویان نەکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە پەڕلەمانتاران و کەسایەتیەکانی دەرەوەی ئەم کابینەیە بێئاگا لەوەی کە لابردنی ئەو بڕیارە لەسەر مووچەخۆران دەستخۆشانەی ناوێ ھەتا شەڕ لەسەر خاوەندارێتی ئەم ھەنگاوە بکەن،چونکە پرسەکە و چەمکەکە ھەر دووکیان لە سەرەتاوە نازانستی بەکار براون،ھاوکات لە زانستی ئابووریدا ئەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان ھەیە ھەر ئەوانیش ھۆکاری بڕینی ئەو بەشەی دەسھات بوون لە ماوەی رابردوودا لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی مالی (Financial Authority ) ھەتا ئێستا لەلای ئەوانە،بۆیە ناکرێت وەک کابرای ریاباز کۆی بابەتەکە لنگەوقوچ بکەن و پێوەرە زانستیەکان لەبەر چاو نەگرن تەنھا لەبەر ئەوەی بڵێن شتێک لە ھەگبەیاندایە.
دەگێڕنەوە کابرایەک تەنھا لەبەر ئەوەی خۆی دەرخا کە گوایە لە دین شارەزایە، چووە وتاری مەلای گوند و وتی: مامۆستا ئەوە کام ئەولیابوو کچەکەی لە چاڵی سەنعاندا سەگ خواردی،مەلاش وتی چیت بۆ راستبکەمەوە؟ ئەولیا نەبوو ئەنبیا بوو،کچ نەبوو کوڕ بوو، چاڵ نەبوو بیر بوو، سەنعان نەبوو کەنعان بوو، سەگ نەبوو گورگ بوو، نەشی خوارد ئەوە حەزرەتی یوسفی کوڕی یەعقوب بوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.