لەجێی منەت پۆزش، لەجێی سوپاس سەرزەنشت

لەلایەن ستاندار Posted on 253 جار بینراوە

کەمال رەئوف

سەرەتایترین ئەرکی حکومەت، پێدانی موچە و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گرنگ و سەرەتاییەکانە بۆ ھاوڵاتیان، حکومەتی ھەرێم کە وەک پێویست ئەوەشی نییە و نەبووە، بەردەوام منەتیشی کردوە، ئەگەر چوار ساڵی رابردوو بە نمونە وەربگرێت، حکومەتی ھەرێم لە جۆری خراپترین حکومەتەکانی سەردەم بوە کەنەیتوانیوە، نەسەروەری خاک بپارێزێت، نەشکۆی ھاوڵاتیەکانی و نەتوانیویەتی دەستەبەری مافی موچەخۆران و فەرمانبەران دابین بکات، کێ دەزانی لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا لەکۆی فەرمانگەو قوتابخانەکان، چەند دەوام کراوە، ئێمە لەبێباکی و بێ بەرنامەیی حکومەت، تەنھا زیانی ئەوەمان نەکرد کە ستەمی پاشەکەوتی موچە سەپێنرا بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆراندا و ژیانی کولەمەرگی سەپێنرا، بەڵکو ئینتیمای کارکردن و دڵسۆزی و دەوامکردن بوە گاڵتەجاری و رێزگرتن لە فەرمانگە و خوێندنگاکانمان تا ئاستی راگرتنی تەواوەتی و ھەڵوەشانەوەو پەکخستن ھێنایە خوارەوە.

لە حکومەتی نوێ عێراق لەموازەنە بۆ ساڵی ٢٠١٩ موچەی فەرمانبەران بەھەرێمیشەوە دیاریکراوە، دیارە پارەکەش ھەر لەوێوە دەنێرێت بۆ ھەرێم، بۆیە رۆڵی حکومەتی ھەرێم لە پێدانی موچە، زیاتر ئەرکی نەقڵکردن و دابەشکردنە وەک کارمەندێکی بانکی نەک حکومەتداری و منەتکردن بەسەر خەڵکدا وەک ئەوەی خۆیان لەداھاتی ھەرێم پارەکەیان پەیدا کردبێت.

حکومەتی ھەرێم ئەگەر بەئەمانەتەوە ئەو پارەیەی بەغداد بگەیەننە دەست فەرمانبەران و موچەخۆرانی ھەرێم، ئەوە ئەبێت خەڵک بایی ھەر ئەوەندە سوپاسیان، دەبێت سوپاسی حکومەت بکەن کە پلانێکی باشیان ھەبێت بۆ دابەشکردن نەک پەیداکردن، دەبێت سوپاسیان بکەن کە پیلانیان نەبێت بۆ تێکدان و شێواندنی بازار، چونکە رەنگە قازانجی ئەوان لەبازاری شێواودا بێت نەک ئارام.

بەدەر لەوبڕە پارەیەی لەقەرزی پاشەکەوت کەوتۆتە لای حکومەت و ئایندەی دیار نییە، ھاوڵاتیان مافی خۆیانە باس لەقەرەبوو کردنەوەی ئەوەش بکەن، کاتێک فەرمانبەرێک منداڵەکەی چوار ساڵ بووە و ژانی کردوە و خەمی دنیایی لێخواردوە بەھۆی ئەوەی نەیتوانیوە لەقۆناغی باخچەی ساوایانیدا وەک پێویست خەرجی بکێشێت، یان منداڵی شەھیدێک بەھۆی ئەوەی موچەی شەھیدانەکەی باوکی بەدەستیان نەگەیشتوە، زیاتر لە سێ ساڵ ژیانی بەرەزالەت بەڕێوە بردەوەو لەخوێندن دواکەوتوە لەژیان بەھۆی پێنەدانی نەوت و نەبوونییەوە تاڵاوی بەدەست سەرمای زستان چەشتوە، ئێستا چۆن قەرەبووی ئەوە دەکرێتەوە، با ئێمە واز لە مەعاناتی ئەو دایک و باوکانە بھێنین، ئەوانەی لەچاوەڕوانی وەرگرتنی چارەگە موچەکەیان لەشاشەی تیڤیکانەوە دەر ئەکەوتن و بە قورگی گریانەوە باسی خراپی بژێوی خۆیان ئەکرد، بەڵام مافی خەڵکە لەوە بپرسنەوە چۆن بەبێ باکی و ھەڵەی سیاسی کۆمەلێک خەڵک، بەھۆی خراپی بژێویانەوە سەدان و ھەزاران خێزان لەبەریەک ھەڵوەشانەوە، خەڵک مافی خۆیەتی بپرسێت ئەوە کێ بەرپرسیارێتی ئەو ھەموو نەھامەتیە دەخاتە سەرشانی خۆی، یان کێن ئەوانەی بایی ئەوەندە ئازایەتی و بوێریان تێدایە، بەراشکاوی بەخەڵک بڵێن، ئێمە ھەڵە بووین و بەرپرسیارین، نەک ئێستا لە پاڵ کۆمەڵێک رستەی دووبارەدا وێنەی پاڵەوانی درۆینەمان نیشان بدەن و وەک مەکرەمە و منەت پێدانی موچە بکەنە دەستکەوتی سیاس و خۆبەپاڵەوان کردن، خەڵک ھەقی خۆیەتی لەھەموو بەڵێنێکی ئەوان بەگومان بێت، ئاخر خۆ ھێشتا دیار نییە، ئەو تیمەی پێشتر کە بەناوی ئابووری سەربەخۆوە کەتنەکەیان کردوە، دەستبەرداری ھەڵلوشینی نەوت دەبن و پابەند دەبن بە رێککەوتنەکەی بەغدادەوە یان نا، خۆ ئەگەر پابەند نەبن، بەدڵنیاییەوە ئەگەری ئەوە بەھێزە بۆ چوار ساڵی تر، چاوەروانی رووداوی خراپتر و ئابوریەکی تێکشاوی زیاتر¬و قاتوقری یەکی خراپتر بکەین لەچوارساڵی رابردو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.