یەکێتیی داوکارییەکانی دەگۆڕێت

لەلایەن ستاندار Posted on 205 جار بینراوە

سه‌رتیپ وه‌یسی

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بەمەبەستی ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان باڵەکان، پاکێجی داواکاری پۆستەکانی کابینەی داھاتووی گۆڕیوە، لە ئێستادا جگە لە داواکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت، لە بری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان داوای ھەریەک لە پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم و وەزیری ناوخۆ دەکات، لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممەی مەکتەبی سیاسیش لەوبارەیەوە گفتووگۆکراوەو، چاوەڕواندەکرێت لەم ھەفتەیەدا لەگەڵ پارتی لەوبارەیەوە گفتووگۆی جدی بکەن و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕەتبکەنەوە.
یەکێتیی دەیەوێ قوباد تاڵەبانی بگاتە جێگری سەرۆکی حکومەت، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ وەزیری ناوخۆ، حاکم قادرو عیماد ئەحمەدیش یەکێکیان بۆ جێگری سەرۆکی ھەرێم.
یەکێتیی دەزانێت ئەگەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەرگرێت، ئەوکات بە ناچاری دەبێت ڕێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی بکاتە سەرۆکی پەرلەمان، لەبەرامبەردا ھەریەک لە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و حاکم قادر و عیماد ئەحمەد، دەبێت یەکێکیان ببنە جێگری سەرۆکی حکومەت ، بەمەش کێبڕکێیەکی توند لە نێوانیان دروستدەبێت، چونکە ئەو سێ کەسە زۆر بە سەراحەت و بە ئاشکرا، بە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیان ڕاگەیاندوە: دەیانەوێ ببنە جێگری سەرۆکی حکومەت و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی خۆیان ھەڵدەبژێرن، ئەمەش قوباد تاڵەبانی قەڵس کردووە.
ھەرچەندە ھەینی ڕابردوو بڕیاربوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی کۆببێتەوە، لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئێستادا ئەو حزبە لەگەڵ ئەوەدایە دوای ئەوەی لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە ئینجا ئەو دانیشتنە ئەنجامبدات، تاوەکو بزانن لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی چیان بەردەکەوێت، ئینجا ئەو پرسە دەھێنەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، دواتر دەنگ لەسەر کاندیدەکان دەدەن.
تازە گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی وەرگرتووە، ئەگەر یەکێتیی ئەو داواکاریەی ھەبێت لە پارتی بۆ گۆڕینەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، زەحمەتە پارتی بەمە ڕازیبێت، چونکە لە پێشووتردا ئاماژەیان بەوەکردبوو: ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان ھەر لای خۆیان بمێنێتەوە نایدەن بە بزوتنەوەی گۆڕان.
یەکێتیی پۆستی سیادی وەزیری پێشمەرگەی ناوێت، داوای وەزیری ناوخۆ دەکات، وەزیری ناوخۆو سامانە سروشتییەکانیش بەلای پارتیەوە ھێلی سوورن.
تاوەکو ئێستا یەکێتیی و پارتی ھیچ ڕێککەوتنێکی واژووکراویان نییە، لەبارەی ئەو پۆستانەی بە یەکێتیی دەدرێت لە کابینەی داھاتوودا، بەڵام بە ھەموو پێوەرەکان وەرگرتنی پۆست لەسەر ئاستی وەزیر لە نێو یەکێتیی لەم خولەدا ئاسان نابێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە نیازی وەرگرتنی پۆستن، ئەگەر ئەوان خۆیان کاندید بکەن، چانسی کەسانی دەرەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی کەمتر دەبێتەوە.
تاکە چانسی قوباد تاڵەبانی، بۆئەوەی ببێتەوە جێگری سەرۆکی حکومەت، تەنھا ئەوەیە کە لە ھەڵبژردانی ٣٠ی ئەیلول، سەرۆک لیست بووەو یەکەم دەنگی ھێناوە، ئەگەر نا ئەستەم بوو بچێتەوە شوێنی خۆی، لە دواین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش، کە ڕێککەوتنی سیاسیان واژووکرد، شاندی یەکێتیی بە پارتیان وتووە ئەوان یەک کاندیدیان بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.