د. نیاز نەجمەدین
پێش ئەوەی بۆچونی خۆم لەسەر پێدانەوەی موچە بڵێم، رونکردنەوەی چەمکێک یان دووان بە گرنگ دەزانم.
پارەیەکی زۆر بخەرە بازاڕەوە، نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەکات بە ئاسماندا. پارەیەکی زۆریش لە بازاڕ بکشێنەرەوە، نرخەکان دەشکێنێت. ئەوەی یەکەمیان پێی دەوترێت ھەڵئاوسان (گرانیی)، کە پلە بە پلەیە. خراپترین جۆری ھەڵئاوسان ئەوەیە کە ناسراوە بە توندە-ھەڵئاوسان (التچخم الجاحفhyperinflation-). بۆ ئەوەی دووەم، ئەگەر پلەکەی زۆر توندبێت من دەستەواژەی بێبازاڕیی(Depression-الکساد) بۆ بەکاردەھێنم. ئەگەر پلەکەی خاوتربێت، پێیدەوترێت بازاڕکزیی، یان داکشانی ئابوریی(الرکود-recession).
وەک چۆن فەلەکناسان تا ئێستا لە زۆر دیاردەی گەردونیی تێنەگەیشتون یان چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، پزیشکان لە زۆر نەخۆشیی تێنەگەیشتون یان چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، ھەرواش ئابوریناسان وەڵامێکی پڕاوپڕیان نییە بۆ ھۆکارەکانی نەخۆشیی قەیرانی ئابوریی و چارەسەرەکانیشیان بنبڕ نیین، سەرباری ئەوەی چارەسەری زانستییش پێشکەش بکرێت مەرج نییە گوێی لێبگیرێت(خۆتان دەزانن جێگاکردنەوەی زانست لەناو کۆمەڵگەدا ئاسان نییە!!).
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پێدانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەر قەیران چارەسەردەکات، قوڵتری دەکاتەوە، یان کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت؟ لە پرسیارێکی لەم چەشنەدا، کات (زەمەن) گرنگە رەچاوبکرێت: کەی کێشە دەنێتەوە؟ کەی چارەی دەکات؟
وەڵامی پرسیاری یەکەم رونە: پێدانەوەی موچەی کارمەندی حکومەت چارەسەری قەیرانە قوڵەکەی ھەرێم (رێژەی بێکاریی، ھەژاریی، قەرزاریی، پاشەکشەی وەبەرھێنان، ھتد)ناکات. خۆ ئەگەر بیکردایە، ئەبوو لەو وڵاتانەی کارمەند موچەکەی لە کاتی خۆیدا وەردەگرێت، قەیران روینەدایە. دەکرێت پێدانەوەی موچە تەنیا یەک کەرەستە بێت لە چارەسەری قەیرانەکە، بەڵام دەیان ھەنگاوی تر دەبێت بنرێت بۆ ئەوەی ھەم دەرچین لێی و ھەم کە دوبارەبوەوە ھێندە توند نەبێت. بەھەرحاڵ، وەک دەرمانی پزیشک، پێدانەوەی پاشەکەوت کاتی دەوێت تا کاریگەریی ئەرێنیی جێدەھێڵێت، ئەویش بەو مەرجەی نەخۆشەکەمان (کە حکومەت و حزبەکانیانن) گوێڕایەڵ بێت و بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پەیمان و پلانەکانی.
ھێندەی من تێبگەم، پاشەکەوت بەم نزیکانە (چەند مانگی داھاتوو) کێشەی گەورەش لە ئابورییەکەدا دروستناکات. ئەمەی خوارەوە پاساوەکانمن:
یەکەم: کێشەی موچە تەنیا بڕینی پاشەکەوت نەبوو، بەڵکو دواکەوتنیشی بوو. ھیچ مەرج نییە بۆ ئەمساڵیش تەواوی موچەی بڕیارلەسەردراو بگات بە فەرمانبەران. خەڵک لای کەم دەمودەست متمانە بە حکومەت ناکاتەوە و بگاتە بازاڕ و پارەکانی خەرج بکات (باسی کاریگەریی وەرزی بەھار ناکەم). تەنانەت دیواری متمانەی خەڵک و حکومەتی عێراقییش ھێندە ئەستور نییە ھانی بەکاربردن بدات. بڕی پێدانەوەی موچەکەش بە کۆ ھێندە زەبەلاح نییە .
دووەم: بەشێکی زۆر لە خەڵک قەرزارن، ئەولەوییەت دەدەن بە پێدانەوەی قەرزەکانیان. دوا کەس کە قەرزەکەی بە دەست دەگاتەوە، مەرج نییە متمانەی بە بازاڕی ھەرێم ھەبێت و بیخاتەوە بازاڕ. رەفتاری مرۆڤ دوای قەیران شتێکی کەمیش بێت دەگۆڕێن.
سێیەم: حزبەکان و سیاسییەکانیان متمانەیان لە دەست داوە و قسەکانیان کاریگەریی لەسەر خەڵک کەمبۆتەوە. پەیمانی درەوشاوە چیتر بەم زوانە ھانی خەڵک نادات روبکەنە بازاڕەکان و بە کەیفی خۆیان پارە خەرجبکەن.
چوارەم: ئێمە لە کینزەوە فێربوین کە ھوروژمی پارە بۆ بازاڕ ئەوکاتە خراپە کە سەرچاوە ئابوریی و سروشتییەکان بێکار نەکەوتبن، گەیشتبنە بەگەڕخستنی تەواوەتیی (واتە full-employment). بەڵام لە ھەرێمی کوردستاندا سەرچاوەیەکی زۆر ھەن بێکارن، نەخراونەتەگەڕ. بۆ نمونە، سەرەتا خانووە بەتاڵەکان پڕدەبنەوە، رەنگیشە یەک تۆز نرخ بجوڵێت بەڵام ھێندە نا بەکاربەر بترسێنێت و پێی باشربێت لەگەڵ خەسوی تا ئەبەد شەڕە دەنوک بکات لەبری ئەوەی کرێێ بەرزتر بدات. (ھەڵبەت کێشەی شەرەدەنوکی بوک و خەسوو لە بەرژەوەندیی خاوەن خانووە (ھھھھھھھھھھە…چاومانن ژنان).
خاو(ھێواش) بەرزبونەوەی رێژەیی نرخ بۆ گەشەی ئابورییەکە باشە. وەک چۆن وەرزش نەکەیت لەش تەممەڵ دەبێت، ھەرواش ئەگەر نرخ تۆزێک بەرزنەبێتەوە، ئەوا فرۆشیاران تەممەڵ دەبن و بیر لە بەرھەمھێنان ناکەنەوە. بەڵام خستنەڕوو پەرچەکرداری جیاوازی ھەیە و تەواوی وێنەکە نە رونە و نە ئەشتوانیین لێرەدا باسی بکەین. بیر لە کەرتی پزیشکیی و خوێندن بکەرەوە. ئەوانەی کەمێک چارەسەری نەخۆشیی و جوانکاریی لەشیان دواختسبوو، ئێستا پارەی لەسەر خەرج دەکەن. ئەگەر کەرتی خوێندنی حکومەتیش وەک ئێستا دۆڕاو و شکستخواردوبێت، ئەوا دایکان و باوکانێکی تریش مناڵەکانیان دەنێرنە خوێندنی کەرتی تایبەت. بەگریمانەی بەردەوامیی ئەم دۆخە، مادام خواست لە پڕا زیاددەکات و خستنەڕوو بە ھەمان خێرایی وەڵام ناداتەوە، ئەوا نرخی خزمەتگوزاریی لەم دوو کەرتەدا (بەتایبەت جوانکاریی) بەرزدەبێتەوە، پسپۆڕان و خاوەنکارەکانیان زیاتر قازانج دەکەن.
راستییەکەی وردبونەوە لە پەیوەندیی حکومەت بە خواست و خستنەڕوەوە و کاریگەرییان لەسەر نرخ و قازانژی خاوەنکار ئاڵۆزە، توێژینەوەی قوڵ و رشتەی دورودرێژی دەوێت. ئەمەش یانی ئەوەی باسەکەی منیش زۆر دیوی رون نەکردۆتەوە.
ئایا ھاوشانی پێدانەوەی موچە چییتر لەسەر حزبەکان و حکومەت پێویستە؟ زۆر شت، کە لە تەحەمەولی ئەم باسەدا نییە. بەڵام لەبیرمان بێت کە ئەگەر ھەڵئاوسان روبدات، ئەوا موچە و موچەخۆران بەرپرس نیین.