کارگەکانی فاشیزم و ئیسلامۆفۆبیا

لەلایەن ستاندار Posted on 312 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

ڕۆژئاوا(ئەوروپا و ئەمریکا) ئێستا خۆشترین شوێنی ژیانن، ھەموو پەلەمانە بۆ ڕۆژئاوا، وەک عەتا محمد لە ڕۆمانی پاسەوانانی خوا دەڵێت؛ ڕۆژھەڵات چۆڵبووە، چونکە زۆربەمان بیرمان لەشەقامەکانی لەندەن و پاریسە لە ڕۆژئاوا.

ئێستا ڕۆژئاوا باشترین شوێنی ژیانکردنە، خۆشترین شوینی دونیایی بوونە.
بەڵام کەم ئاوڕ دەدەینەوە بۆ دواوە، گە ر ئاوڕ بدەینەوە بۆ مێژووی بەڕیتانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا و پاشان ئەمریکا بۆمان دەردەکەوێت ئەمانە خوێنمژەکانن، مێژووی ھەزار ساڵ لەمەوبەر پێمان دەڵێت بەڕیتانیا خوێنمژترین گەلی دونیا بووە، بەریتانییەکان زۆرکات خەریکی چەتەگەریی بوون، لەسەر خوێنی گەلانی تر ژیاون و پەلاماری زۆر شوێنیان داوە و یەکسەر کاولیان کردووە و داھاتەکەین دزییوە، دوای دۆزینەوەی ڕێگا ئاوییەکان چەتەگەریی بەڕیتانی گەیشتە ھیندو چین. ئیسپانییەکان و پرتوگالییەکان دوای دۆزینەوەی ئەمریکا ملیۆنان ھیندی سووریان کردە قوربانی و بە ٤۰چل ملیۆن کوژراو مەزەندە دەکرێت. بەتایبەتی دوای دۆزینەوەی باروت لای پرتوگالییەکان کوشتارەکان گەورەبوون. ئەفریقا مەرگەسات بوو بەدەستی ڕۆژئاواوە، زۆریان کوژران و زۆری تریان بە پاپۆڕەکان گواسترانەوە بۆ ئەمریکا بۆ کار کردن تامردن، پاشان لەسەدەی نۆزدە لەڕێگەی ڕۆژھەڵاتناسییەوە کە کارییان جاسوسی و قڕکردنی میللەتان بووە، لەسەدەی بیست ئەمریکا و فەرەنسا و بەڕیتانیا لەڕێگەی کۆلۆنیالیزمەوە ھەزاران جێگەیان کاول کرد.

بۆچوونە فاشیزمەکانی فەیلەسوفانی وەک ھۆبز و نیچە و مارکس و مۆنتسکیۆ و ڤۆڵتیر و فۆکۆیاما و ھەنتگتۆن کە گەلانی ڕۆژئاوایان بەگەورەتر زانیوە لە گەلانی تر و ڕەوایەتیان بە داگیر کاری داوە، گەلانی ئەڵمانی و ئینگلیز و فەرەنسی خۆیان لەسەروی گەلانی دونیا داناوە.
زانستەکانی وەک ئەنترۆپۆلۆجیی و سۆسیۆلۆژیی و ڕۆژھەڵاتناسیی بۆ ڕەوایەتیدان بە داگیرکاری ڕۆژئاوا بەکارھاتن.
سیستەمی سەرمایەداریش کەبەرھەمی ڕۆژئاوایە ئەختەبوتە، بەرھەمەکەی زۆرینەی گەنی و کەمینەی خەنییە.

بەشێکی گەورەی مێژووی خۆرئاوا مێژووی تیرۆر و خوێنڕێژییە، سەرچاوەی جەنگ و کوشتارە گەورەکانی جیھان بووە، تا ئێستاش خۆرئاوا سەرچاوەی فاشیزمی جیھانە. دەبینین ڕێژەی کورسی ڕاستڕەوەکانی پەرلەمانی ئەوروپا زۆر زیادبوون، ئەمانە گرنگی بەترس دەدەن لەبێگانە بەتایبەتی مسوڵمانان.

ئیسلامۆفۆبیا لە خۆرئاوا بۆتە دیاردەیەکی سۆسیۆلۆجی، لەنەستی خۆرئاوادا خۆرھەڵات بچووکە و نزمە و شایەنی کۆیلەبوونە، تێزەکانی مارکس و مۆنتسکیۆ دەڵێن کە خۆرھەڵات شایەنی حکومکردنە لەلایەن خۆرئاواوە و خۆرھەڵات لانەی کۆیلایەتییە.

دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا لەلایەن فاشیزم و ڕایسیستەکانەوە ئاڕاستە دەکرێت، ڕق لە کۆچبەران و بەنزم سەیرکردنیان دیاردەیەکی خۆرئاواییە، تڕەمپ یەکێکە لە ڕایسیست و فاشیزمەکان کەبەردەوام دژایەتی کۆچبەران دەکات.
ڕووداوە تیرۆرستییەکەی نیوزلەندا تەنیا ڕقە لە ئیسلام و سەرچاوەی ڕووداوەکە ھەستی فاشیزمیی و ئیسلامۆ فۆبیایە. خۆرئاوا تا ئێستاش لانەی فاشیزم و خۆ بەگەورە زانینە، خۆرئاوا سەرچاوەی سەرەکی دروستکردنی بزووتنەوە تیرۆرستییەکانی دونیایە. ئیسلامۆفۆبیا لەئەوروپا بۆتە کارگەی فاشیزمەکانی دونیا.

کاری فاشیزمی دەبێت ڕیسوابکرێت و بنەچە سۆسیۆلۆجییەکانی بدۆزرێتەوە، جا لەھەر ئایین و ئایدۆلۆجیایەکدابێت، چونکە زۆرینەی ئایدۆلۆجیاکان مەترسی بوون بە فاشیزمییان ھەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.