كەناڵی رووداوی سەرۆکی حکومەت ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی قوڵتردەکاتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 246 جار بینراوە

ستاندەر

دوو رۆژە میدیاكانی سەر بەپارتی دیموكرات، بەتایبەتی كەناڵی رووداو، كە راستەوخۆ لەلایەن نێچیرڤان بارزانی پشتگیری ماددی دەكرێت، دەستیان بەهەڵمەتێك لەسەر سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ شاری موسڵ كردووە.
بەپێی ئەو زانیارییەکان، ئەو هەڵمەتانە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی نیگەران كردووەو پێیانوایە، كە ئەو هەڵمەتانە بەمەبەستو لەلایەن چەند ئاراستەیەكی ناو پارتی ئەنجامدەدرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی نیگەرانییەكانی بەرپرسانی یەكێتی، رەنگە كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی نێوان ئەو حیزبەو پارتی دیموكرات دوابخرێت، كە بڕیاربوو لەم هەفتە بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەنجامبدرێت.
لەو بارەوە ئارام حەمەی مینە، كەسایەتی نزیك لەبەرهەم ساڵح بۆ ماڵپەری شارپرێس وتی: ئەوە بۆ یەكەم جار نییە كەناڵی رووداو بەو شێوە كاربكات، كە بەدڵنیایی كاریگەری لەسەر ئاراستەی پەیوەندییەكانی نیوان پارتی‌و یەكێتی دەبێت، بەتایبەت لەم كاتە هەستیارەدا ئەوان خەریكی گفتوگۆن بۆ پێكهینانی حكومەت
ئارام حەمەی مینە رەخنەی لەنێچیرڤان بارزانی گرت‌و دەشڵێت: “ئێمە واچاوەروانمان دەكرد نێچیرڤان رۆڵێكی جیاواز ببینێت، بەڵام بەداخەوە چاوەڕوانییەكەمان لەجێگەی خۆیدا نەبوو، دەنا هەموو كەس دەزانێت ئەو میدیایانەی خاوەندارییەتی دەكرێت چۆن ئیش دەكەن، بۆیە ئێستا گومانەكانمان لەڕۆلی رووداو و خودی نێچیرڤان بارزانی چووتە ئاستێكی باڵاتر، چونكە بەتایبەت لەم رووداوەی موسڵ لەوە زیاتری نیشاندا، كە ئەوان چۆن هانی خەڵك دەدەن‌و چۆن ئاراستەی رووداوەكان بۆ رای گشتی دەخەنەروو، كە خۆش بەختانە رووداوەكان بەقازانجی سەرۆك كۆمار شكایەوەو پێگەی ئەوی لە كوردستان و عێراقیش بەهیزتر كرد.
ئەو كەسایەتییەتی نزیك لەبەرهەم ساڵح، باسی لەوەش كرد، ئەو هەڵمەتانە خوشبەختانە رای زۆرینەی پارتییەكان نییە و رەنگە ئێستا هەندێك كاراكتەر و ناوەندی بڕیاربەدەستی پارتیش لەو گەمەیە باشتر تێگەشتبن.
بەرهەم ساڵح رۆژی هەینی بەسەردانێكی رانەگەیەنراو چووە موسڵ، ئەوەش بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوەی رۆژی پێنج شەممە لەشارەكە روویدا، كە بەهۆی ژێرئاوكەتنی بەلەمێك، زیاتر لە سەد كەس بوونە قوربانی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.