ستاندەر
پارتی دیموکراتی گەلان ناسراو بە هەدەپە ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند 53 کەسیان لە ئەستەنبوڵ لە نیوەشەودا دەستگیر کراون کە بریتین لە کاندیداکانی ئەنجومەنی شارەوانی.
هەدەپە دەڵێت دەستگیرکردنەکان هێرشێک بووە بۆ سەر پارتەکەیان و ئەم هەنگاوەش کاردەکاتە سەر ڕەوایەتی هەڵبژاردنەکان.
ئاژانسی دەنگوباسی دمیریۆن دەڵێت پۆلیسی دژە تیرۆر چەند هەڵمەتێکی لە چەندین ناوچەی جیاجیای ئەستەنبوڵ ئەنجام داوە.
حکومەت هەدەپە بە پەیوەندی هەبوونی لەگەڵ پەکەکە تاوانبار دەکات لە کاتێکدا 10 ئەندام پەرلەمان و 40 شارەوان و هەزاران لە چالاکوانانی ئەو پارتە لە زینداندان.
ڕۆژی شەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو تاوانبارکردنەی دووپاتکردەوەو پارتەکەی بە ” تیرۆر دۆست” ناودێر کرد.