ستاندەر
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە، یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكان ناكۆكن، تاوەكو ئێستا ئەو پۆستانەی یەكێتی داوایان دەكات پارتی نایانداتێ، یان ئەو پۆستانە داوا دەكات كە پێشتر پارتی رێككەوتنی لەسەر كردوون لەگەڵ گۆڕان، بۆیە لەسەر پۆست رێكناكەون.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان پێشی وایە، گۆڕان بە قەبارەی خۆی پۆستی وەرگرتووە، رەنگە خەڵكێك هەبێت پێی وابێت گۆڕان زیاتری لە قەبارەی خۆی وەرگرتبێت، رەنگە بەرێژەیەك شتێك زیاتر یان كەمتر هەبووبێت.
عەلی حەمەساڵح، جەخت لەوەش دەكاتەوە، پێشتر هاوكێشەی سەرۆكایەتی هەرێم لەنێو دابەشكارییەكاندا نەبووە كە سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆكی هەرێم، هەروەها راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشیش ئەمجارە ئەم پۆستانەشمان هێناوەتە نێو دابەشكارییەكە، بۆیە ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكان كە رەنگە لە فۆرمدا وای دەربخات كە گۆڕان زۆری بەركەوتووبێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتيشی، جاران پارتی زۆر زۆری پۆست لەلابووە، پارتی جاران نزیكەی ٦٠ بۆ ٧٠ لەسەدی پۆستەكانی لەلا بووە، بەڵام ئێستا پارتی رێژەی ٤٥ لەسەدی لەلا دەبێت.