پۆست لە خزمەتی دەستەڵاتی شاراوە

لەلایەن ستاندار Posted on 168 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

ئەوە گرنگ نییە کێ چ پۆستێک لە چ پێگەیەکی حوکمڕانیی باڵا وەردەگرێت، ئەوە گرنگە کێ ئەو پۆست و پێگەیەی بەو کەسە بەخشیوە.
دەکرێت سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی پارلەمان بیت، بەڵام لە پشتی تۆوە دەستەڵاتێکی شاراوە ھەبێت ھەڵتبسوڕێنێت. ئەو دەستەڵاتە شاراوەیە جۆری زۆرن. روسێل لە محازەرەکەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا، ئەمە ناودەنێت دەستەڵاتی شاراوە. نمونەی کەسێکی ئەڵمانیی دەھێنێتەوە کە چۆن کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەوەی کردبو بێئەوەی دەربکەوێت.
باڕۆن ھۆلشتین، سیاسەتی دەرەوەی ئیمپڕاتۆریی ئەڵمانیی لە ١٨٩٠ تا ١٩٠٦ کۆنترۆڵکردبو. ئەو لە تەویلەیەکدا دەژیا؛ ھەرگیز لە کۆمەڵگەدا دەرنەدەکەوت؛ خۆی دوردەگرت لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیمڕاتۆر تەنھا لە یەک تاکە بۆنەدا نەبێت ئەویش بە تکا و ڕجایەکی زۆری ئیمپراتۆر؛ ئەو ھەمو داوەتنامەکانی کاروباری دادگای رەتکردەوە، گوایە خاوەنی جلوبەرگێکی دادگا نەبو لەبەری بکات. ئەو ئەو نھێنییانەی لابو کە توانای ترساندنی راوێژکار و زۆر لە خۆشەویستانی قەیسەری ھەبو. ئەو دەستەڵاتی ترساندنی بەکاردەھێنا، نەک بۆ بەدەستھێنانی سامان یا ناووبانگ و ھیچ ئیمتیازاتێک، بەڵکو تەنھا بۆ تەبەنیکردنی ئەو سیاسەتی دەرەوەیەی ئەو بە لایەوە پەسەند بو.
دەکرێت سەرۆکی حکومەت بیت بەڵام کۆمپانیایەک، بانکێکی ناودەوڵەتیی، وڵاتیکی ئیقلیمیی، یان زلھێزێک ھەڵتبسوڕێنێت. دەکرێت وەزیر بیت و کوڕی بچوکی بنەماڵەی دەستەڵاتدار بە تەلەفۆنێک لەسەر پۆستەکە لات بات. ھەر بۆیە، ھەر پۆستێک و دەستەڵاتدارییەک کە لەڕێی پشتیوانیی گەلەوە نەبو، لەڕێی رێککەوتنی ژێر-بە-ژێر و بۆ بەرژەوەندیی کەس و حیزب و بنەماڵە و گروپ بو، پۆست و دەستەڵاتدارێتییەکە لەبری چاکەی گشتیی بەرژەوەندیی تایبەتیی حیزبیی و کەسیی دەکاتە ئامانج. کێ پۆستت پێبدات تۆ لە خزمەتی ئەودا دەبیت. ئەگەر پێتوابو گەل ئەو پۆست و دەستەڵاتەی پێتدا بو، بەرپرسیار دەبی لە بەرانبەر گەل. ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا رودەدات، کەس خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لە بەرانبەر گەلدا، چونکە کەسیان گەل دەستەڵاتی پێنەبەخشیون، ھەربۆیەشە ھەر ھێزێکی ناو حکومەت تا ئێستا ھێندەی لە خزمەتی بەرژەوەندیی حیزبیی و کەسیی و ئیقلیمیی و ناودەوڵەتیی بونە، لە خزمەتی گەل نەبونە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.