ئەو بەھارە بەچیەوە گرتوومانە, لە خدر بێگەڵاسیەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 193 جار بینراوە

سەلمان کۆچەری

کلیپە تازەکەی خدر بێگەڵاسی و وێنەو قسەو مقابەلەکانی, باوترین وێنەی لە ناو کونجێکی زێراب بوو کە زۆرترین لایک و شەیری ھەبوو, بەنداوی دووکان کەی پڕ دەبێت, چەند مەترو سانتیمی ماوە, ئاوەکە نەڕژایە کونەکە, زیاتر لە نیوەی گەلی کورد لە باشور چاوی بریوەتە ئەو کونە ( دەرچەی) ئاوی دەربەند ئاخۆ کەی ئاوەکە دەچێتە ناوی یان نا, دەربەندی رانیە و پردەکەی, ئاوەکە گەیشتە پردەکە یان ئەوەندەی نەماوە و پڕ دەبێت انشااللە, دوو مووچەیە, پاشەکەوت وەردەگرینەوە یان نا, دەبێ ھەرێم نەوت بنێرێ یان نا….
ئەو بەھارە نیوەی گەلی کورد لە باشور بەو مانشێت و روداوانەی گرتووە جا ھەر ئەوە بەشتێکمان گرت, کاک. خدر بێگەلاسی گەنجێکی قسە خۆش و پەند بێژ گەنجانی قەڵادزە بۆ مجلیسەکانی خۆیان دەبرد, ھەر ئەوە چەند ڤیدیۆیەکی لەسەر بڵاوبوویەوە سەروبنی فەیسبووک بوو بەخدر, وتیان رۆژێک کەناڵێکی ئاسمانی داوای مقابەلەی لێکردووە وتوویەتی مجالم نیە…. ئەو بەندەرەی ڕانیە تا وشکە ساڵی بوو کەس بەلایدا تێپەڕ نەدەبوو ئێسا لە ھەولێرەوە بۆ سێڵفی دێنە دەربەند, ئەو کونەی بەنداوی دووکان لەوەتەی دروست کراوە لە ساڵی ١٩٥٨ ەوە کەس پێی نەزانیبوو بەھۆی بارانبارینی زۆری ساڵ وا گەورەو بچووکی کورد لێی بۆتە باس ئاخۆ کەی ئاوی تێدەچێت بەشکوم خودا ئاوەکە بچێ و بیبینین…
ئەو حالەت و رووداوانە ک ئێمە پێمانەوە گرتووە لە کاتێکدایە کوردستان لەبەردەم دۆخێکی زۆر خراپدا گوزەر دەکات لەرووی ئیداری و سیاسیەوە و وا شەش مانگە ھەڵبژاردن کراوە و حکومەت تەشکیل نەکراوە و دەنگ و بەھای مرۆڤ خراوەتە ژێر ئیرادەی حیزبێک و چەند کەسێک, ڕۆژانە بەھەزان بەرمیل نەوت لە کوردستانەوە دەفرۆشرێت و داھاتەکەشی بۆ چەند بنەماڵەیەک و دزێکەو داواش لە بەغدا دەکەن بەردەوام بێت لە ناردنی بەشە بوجەی ھەرێم, بۆردوومان و تەراتێکردنی وڵاتانی تورکیا و ئەمریکا و ئێران لە خاکی باشوور و ھەرێم بەردەوامە کەس نووقەی لیوە نایەت, زۆرینەی پرد ڕێگاکان دارماون و حکومەت ھەر باکیشی نیە و چاککردنەکەی پینەیە, سێکتەری پەروەردەو تەندروستی لە وێرانەدایە و چاکسازی و پاکسازیش بەو حکومەت و دەستەڵاتە ناکرێ…
ئەو دۆخەی لە ھەرێم ھەیە لە ھەر شوێنێکی تر بووایە ئەوا چەندین حکومەت و دەسەڵات دەگۆڕاو بەسەدان دۆسیە دەکرایەوە و بەرپرسە دز و بێویژدانەکانیش سزا دەدران بۆیە لە ئێستا تاکە ڕێگەی دەڕچوون لەو دۆخە مالوێرانیەی ھەرێم چاکسازی کۆمەڵایەتیە و دەبێ تاک و کۆمەڵگە ھۆشیار بکرێتەوە و پۆل پۆل جوڵەی کۆمەڵایەتی لە شار و لادێ دەست پێبکاتەوە و ئەو لایەنەی زووتر دەست پێبکات ئەو دەبێتە براوە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.