نەوزادی موھەندیس
• سوریا یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبیانەی ماوەی زیاتر لە ٥٣ ساڵە لەلایەن تاکە حیزبێکەوە کە حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکیە و لەلایەن تاکە بنەماڵەیەکەوە کە بنەماڵەی ئەسەدە و لەکەمایەتی عەلەوین لەو وڵاتەدا ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبەن بەسیستەمی ئاگر و ئاسن و دیکتاتۆریەت و توتالیتاری دوور لە بوونی دیموکراسی و ئازادیەکان و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن،ھەرچەندە ئەم باڵەی حیزبی بەعس بەبەراوورد بە باڵی وڵاتی عێراق بە چەپڕەو ناودەبرێن،بەڵام لە جەوھەردا ھەردوولایان لەلایەن تاکە کەسێکی مەسیحیەوە ((میشێل عەفلەق ))لەساڵی ١٩٣٧وە دامەزراوە و خاوەنی ئامانجی ((نەتەوەی عەرەب یەک نەتەوەیە و خاوەنی یەک نامەی نەمریشە))و دروشمەکانی((یەکێتی و ئازادی و ئیشتراکیان))بەرزکردۆتەوە،بەڵام ھیچ یەکێک لەو دروشمانەیان بەکردارەکی لەسەر زەمینەی واقع بەرجەستە نەکردوە و ھیچ کاتیش نەتەوەی عەرەبیان یەک نەخستوە و ھیچکاتیش لەجەنگەگانی دژ بە ناعەرەبەکان لە تورکیا و ئیسڕائیلیەکاندا براوەی جەنگەکان نەبوون .
• سوریا بۆخۆی وڵاتێکی ھەژاری بچوکە لەڕووی پانتایی خاک و ژمارەی دانیشتوان و بونی سامانە سروشتیەکانیەوە ،بەڵام خاوەنی پێگەیەکی جیۆسیاسی و ھەڵکەوتەیەکی گرنگی سیاسی و ئابوری و ئەمنیە.بۆیە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە وڵاتە زلھێزەکانیشەوە لە فەڕەنسا و بەریتانیاو لەئێستاشدا ڕوسیا و ئەمریکاوە ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن و درێژەدانی کێشەکانی سوریا لەساڵی ٢٠١١وە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان و ئەوەتا ڕوسیا جەنگی مان و نەمان دەکات لەسوریادا ،چونکە سوریا تەنھا پێگە و قەڵایەکی ڕووسیایە لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا،بۆ ئەمریکاش گرنگە چونکە وڵاتێکی عەرەبی سەرسەختی دژی ئیسڕئیلی ھاوپەیمانێتی.لەوکاتەوەی لەساڵی ١٩٤٨وە ئیسڕائیل وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان دامەوزراوە سوریا لەدژایەتی ئاشکرا و نھێنی نەوەستاوە،ھەربۆیەشە ئیسڕائیلیش بەلایەوە گرنگە کە ڕژێمی سوریا بگۆڕێت بۆ ڕژێمێکی سازشکاری عەرەبی تر و بتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات و پەیوەندیەکانی ئاسایی بکاتەوە وەکو میسر و گەلێک وڵاتی تری عەرەبی ئیدی ترس و دڵەڕاوکێی نەمێنێت لەلای باکورەوە.
• لەجەنگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ کە بە شکستی حوزەیران یان ((جەنگی شەش ڕۆژە))ی عەرەب ئیسڕائیل ناسراوە،توانرا کە بەشێک لە بەرزاییەکانی سوریا یان ((بەرزاییەکانی جۆلان))ی سوریا لەلایەن ئیسڕائیلەوە داگیر بکرێت و تائێستا و ماوەی ٥٢ ساڵە داگیرکراوە و ساڵ بەساڵیش ئیسڕائیل ھەوڵی خۆ جێگیرکردن و بنیاتنانی ٣٠ نشینگەی جولەکەی تیادا دەدات و لەئێستادا کە ٢/٣ی جۆلان لەژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیلدایە نزیکەی ١٧ھەزار جولەکەی تیادا نیشتەجێکردوە و ئەو ئاوارە عەرەبانەش کە گەڕاونەتەوە بریتین لە ٢٠ھەزار کەسێک. کە لە بنچینەدا دانیشتوانی جۆلان لە عەرەب و تورکومان وچەرکەس پێکھاتوە.
• ھەڵکەوتەی جوگرافیای جۆلان کەوتۆتە نێوان ڕووباری یەرموک لە باشور و شاخی شێخ لە باکورەوە کە سەر بەپارێزگای قونەیترەیە،٦٠کم دوورە لەڕۆژھەڵاتی دیمەشقی پایتەختەوە. کۆی ڕووبەرەکەی ١٨٦٠کم دووجایە و درێژیەکەی لەباکورەوە بۆ باشوور ٧٤کم و گەورەترین پانتاییشی بریتیە لە ٢٧ کم.ئەم بەرزاییانە پێکھاتەیەکی بەردەڵانی پاشماوەی گڕکانەکانە.ئسڕائیل لە کۆی ١٦٤گوند ١٣٧ گوند و لەکۆی ١٤٧ باخ ١١٢باخی داگیرکردوە. پێش داگیرکردنی ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٥٤ھەزار کەسبوون و ١٣٨ھەزاریان دەکەوتنە ناوچە داگیرکراوەکەوە،بەڵام بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٠٤ ژمارەی دانیشتوانی ئەم بەرزاییانە بونەتە ٤٠ھەزار کەس و ئەوانیتر ئاوارەبوون بەشارەکانی تری سوریادا.
• سوریا و ئسڕائیل لەململانێیەکی بەردەوامدان لەساڵی ١٩٧٦وە بۆ گەڕانەوەی جۆلان بۆ سوریا وەک بەشێکی دانەبڕاوی خاکی سوریا کەلەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە داننراوە بەمافی خاوەندارێتی سوریا بۆ جۆلان.بەڵام ئیسڕائیلیەکان لەبەر زۆر ھۆکاری ئەمنی و ئابوری و سیاسی لەگفتوگۆکانیاندا ھەمیشە مەرجی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ سوریادا کردۆتە پێش مەرج بۆ سەرخستنی دانوسانەکان و سوریاش بەبەردەوامی ئەمەی ڕەتکردۆتەوە،ھەربۆیەش لە لایەن کەنیستی ئیسڕائیلیەوە لە ١٤/١٢/١٩٨١دا یاسایەک بەناوی ((یاسای جۆلان))دەرچوو،کە داوادەکات لەڕووی ئیداری و دادوەری و یاساوە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوەببرێت.ئەوەبوو سوریا لە جەنگی عەرەبەکانی دژ بە ئیسڕائیل لەساڵی ١٩٧٣دا ویستی جۆلان بگەڕێنێتەوە ،بەڵام شکستی ھێناو ئیسڕائیل توانی بەشێکی تریش داگیربکات.ودواتریش لە گفتوگۆ ھەمەلایەنەکانی ئاشتی ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینیەکان و ئوردون و سوریادا لەژێر ناونیشانی((زەوی بەرامبەر بە ئاشتی)) لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوش ھەر نەگەیشتنە ئەنجام.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئیسڕائیل بەرزاییەکانی جۆلانی بەلاوە گرنگە و دەستی لێھەڵناگرێت؟ و چارەنوسی ئەم بەرزاییانە بەکوێ دەگات؟
• بەرزاییەکانی جۆلان لەڕووی سەربازی و ستراتیژیشەوە زۆر گرنگە:
١. چونکە دەڕوانێتە سەر ئیسڕائیل و ئوردون و لوبنان و ناوەڕاستی سوریا.
٢. وەک لەمپەڕێکی سروشتیش وایە بۆ ڕێگرتن لە ھێرشکردنە سەر ئیسڕائیل لەباکورەوە.
٣. ھەر وڵاتێک ئەم بەرزاییانەی لەژێر دەستدا بێت دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕۆژھەڵاتی دیمەشقی پایتەختی سوریا و شارەکانی ناوەڕاست و باشوری ئیسڕائیلیش بکات.
٤. ھەروەھا کۆنتڕۆڵی ڕێگای سەرەکی بەرەو دیمەشقیشی لەژێر دەستدا دەبێت.
• لەڕووی ئابوریشەوە :
١. خاکی جۆلان خاوەنی سامانی سروشتیە وخاکێکی بەپیتە بۆ ڕواندنی باخی مێو و ترێ،کە ئیسڕائیل بەکاریدێنێت بۆ دروستکردنی مەی و ناردنەدەرەوەی بۆ دەرەوی ئیسڕائیل و بۆتە سەرچاوەی داھاتێکی گەورە بۆ ئیسڕائیل.
٢. ھەروەھا بە شادەماری دابینکردنی ئاوی دەریاچەی تەبەریەی ئیسڕائیل دادەنرێت و ئیسڕائیل نیوەی پێداویستی خۆی لە ئاوی شیرین لەو بەرزاییانەوە دابیندەکات.
• لەڕووی سیاسیشەوە گرنگی گەورەی ھەیە و ئەمنیەتی ئیسڕائیل و خاک و جوگرافیای ئیسرائیلی فراوانترکردوە و ھەڵوێستی سیاسی ئیسڕائیلیشی لەبەرامبەر سوریا و عەرەبەکاندا بەھێزکردوە لە گفتوگۆکاندا و سەنگ و قورسایی زیاتری داوەتە ئیسڕائیلیەکان و مەترسیەکانی سەریشی دوورتر خستۆتەوە.
• ئاشکرایە سوریا لەمێژووی کۆن و نوێیدا گەلێک جار ڕووبەڕووی ھەڕەشەی داگیرکردنی خاکەکەی بۆتەوە ھەر لەساڵی ١٥٢٤وە لەلایەن عوسمانیەکانەوە و دواتریش فەڕەنسیەکان و لەساڵی ١٩٣٩شدا دوای تەواوبونی ماوەی ئینتیدابی فەڕەنسی داگیرکردنی لیوای ئەسکەندەروونە کە بە لیوای پانزھەم دادەنرێت لە سوریادا، لەلایەن دەوڵەتی نوێی تورکیا و گۆڕینی دیموگرافیاو ناوەکەشی بۆ پارێزگای ((ھەتای)) کە تائێستاو ماوەی ٨٠ ساڵە بەداگیرکراوی ماوەتەوە.
• لەم سەردەمی ئێستاشماندا جارێکی تر و لە ١٨/٣/٢٠١٨دا سوپای تورکیا شارۆچکەی عفرینی کوردستانی ڕۆژئاوای لە سوریادا داگیرکردوە و ھەوڵی قایمکردنی جێگە و پێگەی خۆی دەدات.
• ئەم ھەموو داگیرکردن و خاکپچڕاندنانەی سوریا لەکاتێکدایە کە عەرەبەکان لە دۆخێکی سیاسی و ئەمنی و ئابوری زۆر خراپدان و لەوپەڕی لاوازی و دڕدۆنگی و دوورلەیەکترن و لەسەر بچوکترین مەسەلە گرنگەکانی عەرەب و ئیسلامیش لەناوخۆیاندا ڕێکناکەون و ھەریەکەیان دابەشبونەتە سەر بلۆکێک لە ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی دونیا و بەسەر وڵاتە گەورەکانی ناوچەکەشدا لە ئێران و تورکیا و ئیسڕائیلدا، و ھەریەکەیان(( عێراق و سوریا و لوبنان و سعودیە و میسر و لیبیا و ئیمارات و قەتەر و سودان و یەمەن و تونس و جەزائیرو ….ھتد.)) ئەوەندە کێشەی ناوخۆییان ھەیە کە ناپەرژێنە سەر مەسەلە نەتەوایەتیەکانی عەرەب و پێدەچێت سەردەمی زێڕێنی دەسەڵاتی وڵاتانی عەرەبی لەدوای بەھاری عەرەبیەوە بەرەو کاڵبونەوە بچێت و پێویستی بەدەیان ساڵی ئایندەیە تاکو بتوانن کەمێک لەھێز و شکۆی خۆیان بگێڕنەوە ،ئەوەتا لەتازەترین ھەڵوێستی وڵاتی قەتەر لە کۆنگرەی لوتکەی سەرانی عەرەبدا لەتونس لە مانگی ٣/٢٠١٩دا لە کۆبونەوەکە پاشگەزبۆتەوە تەنھا لەبەر ئەوەی وڵاتانی تری عەرەب دژی تورکیا و ئێران قسەیان کردوە.
• لاوازی عەرەبەکان ھەموو کات بۆتە ھۆی داگیر و دابەشکردنی وڵات و خاک و گەلەکانیان و ھیچیشیان پێناکرێت.ھەربۆیەش لە ٢٥/٣/٢٠١٩دا و لەلایەن دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکاوە و بە ئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنایامین ناتانیاھۆ و لە کۆشکی سپی و بەبەرچاوی ھەموو دونیاوە واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد کە ئەمریکا دانی ناوە بەمافی خاوەندارێتی ئیسڕائیل بۆ بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا.کە ھەموو دونیا و نەتەوە یەکگرتوەکانیش باش دەزانن کە ئیسڕائیل ئەو مافەی نیە،پەرچەکردانی سەرانی عەرەب و گەلانی عەرەبیش تەنھا لەچوارچێوەی ناڕەزایی و دەرکردنی بەیاننامەی کۆتایی کۆبونەوەکەیان تێپەڕ نەبوو کە ئەو پەڕی لاوازی نواندن و بێھەڵوێستی بوو.
• ھەربۆیە بەدڵنیاییەوە چارەنوسی بەرزاییەکانی جۆلانی سوریاش بەھەمان ئەنجام و چارەنوسی ٣ دورگە داگیرکراوەکەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەبێت کە لەلایەن شای ئێرانەوە لە ٣٠/١١/١٩٧١دا داگیری کردن و تائێستاش ماوەی ٤٨ ساڵە بەداگیرکراوی ماونەتەوە و عەرەبەکانیش لەوە لاوازترن کە بتوانن بیگەڕێنەوە سەر خاکی عەرەب و تەنھا لە بەیاننامەکانی کۆبونەوەی لوتکەی سەرانی عەرەبدا بیریان دەکەوێتەوە.ھەربۆیە بەرزاییەکانی جۆلانیش بەھەمان چارەنوس دەگات و ڕژێمەکانی سوریا و عەرەبەکانیش لەداھاتوودا تەنھا فرمێسک ڕشتنیان بۆ دەمێنێتەوە ھەروەک چۆن بۆ ئەندەلوس و قورتوبە و ئاگادیر و توڵەیتڵەی ئیسلامیان ڕشت لە ئیسپانیادا کاتێک مەسیحیە ئەوروپیەکان وەدەریاننان و خاکەکەی خۆیانیان ڕزگارکرد.بەڵام بەداخەوە تەنھا بۆ کورد و مافە ڕەواکانی بەھێز و یەکگرتوون کە دژایەتی بکەن و داننەنێن بەمافەکانی گەلی کورددا.