نەوەی نوێش بو بە حیزبی بنەماڵە

لەلایەن ستاندار Posted on 489 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

کاتێک مەلا مستەفا بارزانیی بەتەواوی پارتیی کۆنترۆڵ کرد، کاری بۆ بەبنەماڵەییکردنی حیزبەکەی کرد. ئێستا پارتیی هی بنەماڵەی بارزانییە. کاتێک جەلال تاڵەبانیی بوە سەرۆکی عێڕاق، هێدی هێدی بنەماڵەکەی خۆی خستە ناو حیزبایەتییەوە، دواتر خێزانەکەی بەتەواوی کۆنترۆڵیان کرد، بێگومان بنەماڵەی دیش هەن لەناو یەکێتیی لە ئاست پێگەی خۆیان کاریگەرییان هەیە، بە نمونە بنەماڵەی کۆسرەت رەسول. نەوشیروان مستەفا لە ژیانیدا بەتەواوی دژی بەبنەماڵەکردنی حیزبایەتیی بو، بەداخەوە کە کۆچی دوایی کرد حیزبەکە وا دەبێتە حیزبی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا. جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سەرەتاوە حیزبی شاسوار عەبدولواحید بوە. خۆی لە سلێمانیی بەتەواوی حیزبەکەی کۆنترۆڵ کردوە، بەڵام لە بەغداد بە هۆی هەبونی رابون مەعروف و سەرکەوت شەمسەدینەوە کە دو کەسایەتیی ناسراوی حیزبەکەن و لێهاتویییەکەیان لە شاسوار زۆر زیاترە، نەیدەتوانی بەتەواوی حیزبەکە لەوێ کۆنترۆڵ بکات. ئێستا خوشکی خۆی کردۆتە بەرپرسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغداد و کۆنترۆڵی تەواوی کارەکانی کردوە. شاسوار ئامانجیەتی لە داهاتودا بچێتە ناو کۆمەڵێک گەمەی سیاسیی لەڕێی سروەوە کە زیاتر دابەشکاریی پشک و بزنس و پۆست دەبێت لە بەغداد.
شاسوار لە سلێمانیی و سروە لە بەغداد ئەو حیزبەیان کردۆتە حیزبی بنەماڵەی خۆیان. یەکێتیی و پارتیی و گۆڕان هێشتاش بەتەواوی مەکتەبی سیاسیی و خانەی راپەڕاندنیان لەکارنەخستوە، کەچی شاسوار بۆ ئەوەی بەتەواوی حیزبەکە کۆنترۆڵ بکات، ئەنجومەنی باڵای ئەو جوڵانەوەیەی پەکخستوە و هیچ بڕیارێک لەو ئەنجومەنە نادرێت و یەک کەس بیردەکاتەوە، بڕیاردەدات و دونیابینیی پۆپیولیستی خۆی دەسەپێنێت. ئەو خۆسەپاندنەیە وای کردوە ئارام سەعید، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و کەسێکی کاریگەری جوڵانەوەکە، بەهێمنیی لە جوڵانەوەکە بکشێتەوە.
کێشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان تەنها هەبونی حیزبی ترادسیۆنیی گەندەڵ و بنەماڵەیی و بێ مەعریفە و دونیابینیی و ئایندەبینیی نییە، بەڵکو کێشەیەکی قوڵتریش ئەوەیە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن ببنە ئەلتەرناتیڤ زۆر نابات دەبنە یەکێتیی و پارتیی. کە یەکێتیی دەستیپێکرد لە سەرەتاوە دژی پارتیی بو، دواتر بو بە پارتیی. گۆڕان دژ بە یەکێتیی بو، دواتر بو بە یەکێتیی. نەوەی نوێ دژ بە گۆڕان بو، دواتر بو بە گۆڕان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.