کابینەی نۆ و سەرەتاش کۆمەڵی ئیسلامی

لەلایەن ستاندار Posted on 208 جار بینراوە

ئارام ھادی

دواجار فشارە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵی ئیسلامی ئەو حزبەی ناچارکرد، لەسەر بەشداری لە حکومەت بێنەدەنگ و بەقسەی ئەمیرەکەیان بێت “بەشداریکردن لە حکومەت خێری تێدانەماوە” ئەمەش دوای ئەوە ھات، کە ھەینی رابردوو سێ سەرکردایەتی کۆمەڵ دەستلەکارکێشانەوەیان ڕاگەیاند و دوای یەک ڕۆژیش چوار کارگێڕیتری مەڵبەندی ھەولێر بۆپشتیوانی لە سێ سەرکردایەتیە دەستلەکارکێشاوەکە، ھەمان ھەڵوێستیان وەرگرت و دەستیان لەکارکێشایەوە، ھەرچەندە مامۆستا (علی باپیر) ڕای خۆی وت لەسەر بەشداریکردن لە حکومەت و وتیشی ئەو پرسە پەیوەندی بە سەرکردایەتی کۆمەڵەوە ھەیە.

کۆمەڵی ئیسلامی سیاسەتێکی ئاقڵانەی لە چوارساڵی ڕابردوو پەیڕەوکرد و توانیتی باشتر لە یەکگرتوی ئیسلامی لەڕێگەی پەرلەمانتارەکانیەوە گەندەڵی ئیداری ھەناردەی سەر شاشەی تیڤیەکان بکات، ھاوکات ھاوشانی گۆڕان ڕۆیشت تاکۆتایی و بە مردنی (نەوشیروان مستەفا)ش دەستبەرداری دۆستایەتی لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە نەبو، خاوەن سیاسەتێکی ڕوون و حەکیمانە بو، ئەمەش وایکرد لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سەرەڕای داکشانی کورسیەکانی (یەکگرتو_ گۆڕان) بەڵام کۆمەڵ کورسیەکی بۆ حزبەکەی زیادکرد و لە شەش کورسی کە لە ڕابردوو ھەیبو کردی بە حەوت کورسی.

ھەڵەی کۆمەڵ لەوە دابو لەدوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە کە ٢٠٤ڕۆژ بەسەریدا تێپەڕیوە، لەو ماوەدا بەفەرمی خۆی یەکلانەکردۆتەوە کەبەشداردەبێت لە حکومەت یا ڕێگەی ئۆپۆزسیۆن بون دەگرێتە بەر، ئەمە لەکاتێکدا تائێستاش براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە کە پارتی یە فەرموی بەشداری لە حکومەتی لێنەکردون!!، ھێشتنەوەی سیاسەتی کۆمەڵ لە نێوەندی چونە دەسەڵات و بون بە ئۆپۆزسیۆن وایکرد ئەو حزبە بەرنامەیەکی ڕوونی نەبێت و دواجار بەخراپ بەسەر خۆیدا شکایەوە و بەشێک لە سەرکردایەتی و کادرانی خوارەوە لەم سیاسەتەی ناڕازی بن.

سەرکردایەتی و کارگێڕانی دەستلەکارکێشاوەی کۆمەڵ، یەکێک لە ھۆکارەکانی وازھێنانیان بۆ ئەوە دەگێڕنەوە (نەبونی سیاسەتێکی ڕوون بۆ بەشداری لە حکومەت یا ھەڵبژاردنی ئۆپۆزسیۆن) لەلایەن حزبەوەیە کە تائێستاش یەکلانەبۆتەوە، لەبەرامبەرئەمەشدا ڕایەکیتری ناو کۆمەڵیش ئەوەیە کە دەیانەوێت بەشداری لە حکومەت بکەن و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی ئاسایی بکەنەوە.

یەکێکیتر لە ھۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی سەرکردایەتیەکانی کۆمەڵ ئەوەیە، کە کێشەی ناوخۆییان ھەبوە لەسەر پشتگوێخستن و کارنەکردن بە پەیڕەوی ناوخۆ لەدەستنیشانکردنی بەرپرسی مەڵبەندی ھەولێر، کە بەڕای دەستلەکارکێشانەوەکان دیاریکردنی کەسێک بۆ بەرپرسی مەڵبەند دەبو بە ھەڵبژاردنی کۆنفرانسی محەلی مەڵبەند بوایە، نەک وەک ئێستا کە بە تەداخولکردنی باڵی زۆرینە و بە تەعین کەسێکیان سەپاندوە، ئەم کێشەیەی ناو باڵەکانی کۆمەڵ، ڕەگێکی قوڵیشی ھەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنی ئەو حزبە، ھەردوولاش ڕەتی دەکەنەوە دەستلەکارکێشانەوەکان پەیوەندی بە دەستوەردانی پارتی یەوە بوبێت، بەڵام تەوقیتی دەستلەکارکێشانەوەکە جێگەی ھەڵوەستە لەسەرکردنە و داھاتو دەبێتە وەڵام دەرەوە کە دەستی دەرەکی تاچەند پاڵنەربوە.

دواجار فشاری دەستلەکارکێشانەوەکانیش مەیلی ئەو حزبەی بۆ بەشداری لە حکومەت دوورنەخستۆتەوە و تائێستاش ھەڵوێستێکی ڕوونیان نیە، جگە لە قسەکانی مامۆستا (علی باپیر) کە پێی وایە بەشداریکردن لە حکومەت خێری بۆ کۆمەڵی ئیسلامی تێدانەماوە.

کابینەی نۆ بە تامی شەراب
وتەیەک ھەیە دەڵێت “شەراب تا کۆن بێت تامی خۆشترە”، پێدەچێت پارتی وەک براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، پێکھێنانی کابینەی نۆ بە (خۆشکردنی شەراب) تێگەیشت بێت، کە لەئێستادا یەک لەسەر ھەشتی ماوەی چوار ساڵی تەمەنی پەرلەمان ڕۆیشتوە و تائێستا ئاسۆی پێکھێنانی کابینەکە دیار نیە!!، ئەمە لەکاتێکدا تۆپەکە لە ساحەی خودی پارتی دایە، چونکە سەرەتا گۆڕان و دواتر یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسیان لەگەڵ پارتی ھەیە بۆ حکومەت و بەقسەی کاربەدەستانی ئەو دوو لایەنەش، دەڵێن ھیچ شتێکیتر نەماوە لەگەڵ پارتی قسەی لەسەر بکەین.

گەر پارتی دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕیکنەکەوتنی گۆڕان و یەکێتی لەسەر مەسەلەی دووجێگری بۆ سەرۆکی ھەرێم ئەوا پەیوەندی بە نەرمی نواندنی پارتی یەوە نیە وەک ئەوەی باسی دەکەن، بەڵکو پەیوەندی بە ھەڵە ستراتیژیە سیاسیەکانی پارتی یەوە ھەیە لە دەست نیشانکردنی (سەرۆکی ھەرێم و حکومەت کە جێگۆڕکێی بە یەکەمیان کرد، وە ڕێککەوتنیەتی لەگەڵ ھێزی سێ یەم بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ ھێزی دووەم، دواتریش کە بەبێ گەڕانەوە بۆ گۆڕان جێگرێکی بۆ یەکێتی زیادکرد لە سەرۆکایەتی ھەرێمدا)، لەمانەش سەیرتر سەرۆکی ئێستای حکومەت دەڵێت دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت ئاساییە!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.