محمد لەتیف
ھەروەک چۆن کەسیکی تایبەت ئەھلیەتی قانونی ھەیە بۆ تەسەروف کردن بەو مولک و ماڵەی لەبەردەستی دایە یان ھەرکارێک بیەوێ بیکات سیاسی بێت یان قانونی ، وە ئەو ئەھلیەتە دروست بووە لە ئەنجامی ئەوەی کە ئەو کەسە خاوەن ئەھلیەتە قانونیە دەتوانێت بەشێوەیەکی راست و دروست وە بۆ بەرژەوەندی خۆی مامەڵە بکات وەزیان بە کەسانی دەوروبەری نەگەیەنێت ئەوەش لە کەسێکی عاقڵ و باڵغ و رشید دەبینرێت. وە ئەو ئەھلیەتە نامێنێت بە بوونی ئەو ھۆکارانەی کە کەدەبنە نەمانی ئەھلیەتەکەی لەوانە نەزانینی چاکەو خراپەی خۆی و مەعتوە و وە ھەروەھا لەدەستدانی عەقڵی شێت بوونی. بۆیە ئەو کەسانە دەکەونە ژێر ولایەو وسایەی کەسانی خاوەن ئەھلیە بەگوێرەی نزیکیان لە کەسەکە.
بەھەمان شێوە حکومەتی ھەرێم وەک کەسیکی واتایی ئەھلیەتێکی سیاسی ھەیە لە پاڵ ئەھلیەتە قانوونیەکەی. کە بەھۆیەوە دەتوانێت نوێنەرایەتی خەلکی کوردستان بکات بەھۆی ئەو شەرعیەتەی وەری گرتووە لەپەرلەمان وە بەھۆی ئەو وەعدو بەڵێنانەی کە داویەتی لە کاتی سوێند خواردن. کاتێک ھۆکارەکانی نەمانی ئەھلیەتی سیاسی بەرجەستە دەبن کە بریتین لە نەتوانینی( پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خەلک و جێبەجێکردنی ئەو وەعدو بەڵێنانەی دابوویان لەکاتی پێکھێنانی حکومەتەکە و پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی ئەوناوچانەی کوردستانین.) لێرەدا گومان لەسەر ئەھلیەتەکەی دروست دەبێ بۆچی ناتوانێت ھیچ کام لەوانەی سەرەوە باسمان کرد جێبەجێ بکات؟
ھەروەک ئاشکرایە حکومەتی ھەرێم ئەھلیەتی قانوونی دەمێکە لەدەست داوە دوای ئەوەی شەش مانگ لە ھەلبژاردن و پێک نەھێنانی کابینەی نوێ تێپەردەبێت، ئەگەر پەرلەمانێکی کاراو بەرپرسیارمان ھەبوایە دەبوو ئەھلیەتی سیاسی و قانونی، کە خۆی لە ئەھلیەتی شەرعی بوون دەبینێتەوە وەربگرتابوایە بەڵام کە نایکات نیشانەی ئیفلیج بوونی پەرلەمانە. بۆیە کاتێک حکومەت ناتوانێت بەشێوەیەکی راست و دروست تەسەروف بە موقەدەراتی ئەو خەلکە بکات کە شەرعیەتی (ئەھلیەتی سیاسی و قانونی) لێ وەرگرتووە، وە کاتێک زەرەرو قازانجی حکومەتەکەلێک جیاناکەنەوە و تەنھا بیر لەبەرژەوەندی بکەرەکانی حکومەتەکە دەکرێتەوە کە ئەوان لە راستیدا وەسیلەن بۆ ئامانجە راستەقینەکە ئەویش خزمەتکردنی خەلک بەباشترین شێوەو پاراستینی سەروەت و سامانیان (ژێر زەوی و سەرزەوی) وە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییان و پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی شارە کوردیەکان کە ئەرکێکی زۆر بنەڕەتی حکومەتە.
بۆیە، ئێمەش دەڵێین ئەو حکومەتە نە ئەھلیەی قانونی ماوە وە نە ئەھلیەی سیاسی، چونکە لە دوورو نزیک نوێنەرایەتی خەلکی کوردستان ناکات. باشترین بەڵگەش ئەوەیە لەو سەردانەی دوایی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ کوردستان لە ناو پایتەختی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەیتوانی بەرگری لە کوردستانی بوونی کەرکوک بکات دوای ئەوەی کەسێکی بێگانە لەناو ماڵەکەی خۆمان بێ ڕێزی پێ کردین و پێی ووتین کەرکوک شاری کوردان نیە و (کوردستانی نیە) بەلکو تورکمانییە.
ھۆکاری ئەو بێ دەنگیەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی زۆر بە سادەیی ئەوەیە کە ھەردوکیان گوایە نوێنەرایەتی حکومەت دەکەن ئەھلیەی یاسایی و ئەھلیەی سیاسیان لەدەستداوە، بۆیە زەرەرو قازانجی حکومەتەکەیان نازانن و بە کەیفی خۆیان یاری بە موقەدەراتەکەی دەکەن ، ھەروەک بینیمان چۆن نەیان توانی سامانی ژێر زەوی بپارێزن بۆ ئێستاو داھاتوومان وەک مەعتوھێک بەھەدەریاندا. سامانی سەرزەویشمان ئەوە ھەر باس ناکرێت کەس نازانێت چی لێ دێت .
با گریمانەی ئەوە بکەین لەھەر شوێنێکی ئەو دونیایە کەسێکی بێگانە بچێتە ولاتێکی تر و بانگەشەی نەبوونی سەروەری وڵاتی میواندار بکات لەسەر خاکی خۆی (شارێک لە شارەکانی)چ روودەدات؟ بێ گومان لەوڵاتێکی دیمۆکراسیدا، نارەزاییەکی زۆری سەرشەقامی لێ دەکەوێتەوە سەرەرای وەڵامی توندو خێرای وڵاتی میواندار بۆ ئەو بانگەشە نابەجێیانەی وڵاتی میوان دەیکات و دواتر بانگ ھێشتکردنی باڵوێزخانەی وڵاتی میوان بۆ روونکردنەوەی ئەو بانگەشانەو داوای لێبوردن کردن لەخەلکی وڵاتی میواندار. بەڵام حکومەتێکی بێ ئەھلیەی وەک حکومەتی کوردستان نە سەرۆک وە نە جێگرەکەی وورتەیان لێوە نەھات.