شۆڕش حاجی: چەمکی گۆڕانخوازی لەبەردەم دوڕیانی مەترسی تێکشکان‌و هیوای سەرکەوتندایە

لەلایەن ستاندار Posted on 234 جار بینراوە

 

ستاندەر

د.شۆرش حاجی ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتارێک لە ژێرناویشانی چەمکی گۆڕانخوازی لەبەردەم مەترسی تێکشکان‌و هیوای سەرکەوتندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەرکی بەرەی گۆڕانخوازان ئەوەیە هەمو بەیەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی هەوڵ‌و پیلانی بەرەی بەرامبەر پوچەڵ بکەنەوەو ئەم رەوتە بەرەو سەرکەوتن ببەن، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان هی هەمویانە. ئەمەش بە پەیڕەوکردنی گیانی گوێگرتن‌و قبوڵکردنی یەکتری‌و، رێزگرتن لە بیروڕای جیاواز نەک رەتکردنەوەی یەکتر‌و، سەپاندنی بیروبۆچونی تاکەکەسی‌و، خۆبەپاڵەوان کردن‌و بۆسە نانەوە بۆ شکاندنی یەکترو، کارکردن بە گیانی تۆڵەسەندنەوەو، دەرخستنی شڕوشیتاڵی یەکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

نوسیویەتیشی  لەم بارودۆخەی ئێستادا نەک بزوتنەوەی گۆڕان بەڵکو چەمکی گۆڕانخوازی لەبەردەم دوڕیانی مەترسی تێکشکان‌و هیوای سەرکەوتندایە.

 

دەقی وتارەکەی شۆڕش حاجی بخوێنەوە:

چەمکی گۆڕانخوازی لەبەردەم مەترسی تێکشکان‌و هیوای سەرکەوتندا

بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەرکەوتنی وەک جوڵانەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستانی عیراق، بوە هەوێنی کۆکردنەوەی هەمو ئەو ئاراستەو تاک‌و لایەنەنانەی کە بڕوایان بە گۆڕینی سیستمی سیاسی‌و واقیعی ئابوری‌و کۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیری کوردستانی عیراق هەبو. ئەو رەوتە چاکسازی‌و گۆڕانخوازییە لە ماوەیەکی کورتدا بوە جێگای ئومێدی رێژەیەکی زۆری هاونیشتیمانیان، چونکە پەیام‌و ئامانجەکانی لە بەرژەوەندی زۆربەی چین‌و توێژەکان بو بەبێ ئەوەی هەڵگری هیچ ئایدیۆلۆژیایەک بێ. لەبەرامبەردا بوە مایەی ترس‌و دڵەڕاوکێی هەمو ئەو تاک‌و دەستەو هێزو لایەنانەی کە بەرژەوەندیان لە مانەوەی ئەو واقیعە سەپێنراوەی ئەو سەردەمەدا بو. هەردو بەرە بە جیدی چونە ناو ململانێیەکی  توندەوە بۆ بەلاداخستنی ئەو بۆڕبۆڕێنە تازەسەرهەڵداوەو تا ئێستاش بەردەوامە، چونکە بەرژەوەندی لایەکیان لە تێکشکاندنی ئەو رەوتەدایەو قازانجی لایەکەی تر لە سەرکەوتنیەتی.

بزوتنەوەی گۆڕان خەباتی مەدەنی‌و پەرلەمانی هەڵبژارد وەک شاڕێی گۆڕانکاری؛ پرۆژەی چاکسازی بۆ زۆربەی جومگەکانی دەسەڵات‌و دامەزراوەکانی حکومەت پێشکەش کرد؛ پەیکەرێکی رێکخراوەیی حیزبیی جیاوازی داهێنا؛ خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ ئێستاو ئایندەی کوردستان خستە بەردەم هاونیشتیمانیان؛ میکانیزمێکی نوێی بڕیاردانی لە ناوخۆی حیزب پیادە کردو تێڕوانینێکی هاوچەرخی سەبارەت بە بایەخدان بە نەوەی نوێ‌و سودوەرگرتن لە سامانی مرۆیی‌و رەخساندنی دەرفەت بۆ هەمو تواناکان هێنایە کایەوە. بەڵام ئەو هەلومەرجە سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەی کوردستانی عیراق‌و، شێوازی باوی کاری حیزبی‌و، کلتوری پاشماوەی شەڕی ناوخۆو، نەفەسی یەکترقبوڵنەکردن‌و،  توندڕەوی‌ لە زیهنییەتی بەشێک لەوانەی لەناو کایەی سیاسەتدا بون کاریگەریان لەسەر شێوازی کاری حیزبی‌و بەیەکەوە کارکردنی خاوەن بیروڕا جیاوازەکان لە چوارچێوەی یەک رێکخراوی سیاسیدا دروستکرد. هەر لەبەر هەمان ئەو هۆکارانە زۆر جار شێوازی ململانێی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە رێچکە سروشتییەکەی خۆی دەرچو. بێگومان ئەو بارودۆخە رەنگدانەوەی لەسەر ناوخۆی گۆڕان‌و خیتابی ئیعلامی‌و کاری پەرلەمانی‌و جەماوەری گۆڕانیش دروست کردوە. هەروەها کۆچی دوایی کاک نەوشیروان وەک کەسایەتییەکی سیاسی دیارو رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەلومەرجێکی نالەباری تری هێنایە ئاراوە، کە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە لەئێستادا کارێکی ئاسان نیە. هەمو ئەوانە بارودۆخێکی هەستیارو نوێی هێناوەتە کایەوە کە پێویستە تێڕامان‌و هەڵوەستەیەکی ژیرانەی بۆ بکرێ.

ئێستا لەم ساتەوەختەداو لەبەردەم دوڕیانی شکست‌و سەرکەوتنی ئەو رەوتەدا ئەرکی ئەوانەی بەرەی یەکەم، کە بریتین لە هەڵسوڕاوان‌و سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و گۆڕانخوازان‌و رۆشنبیران‌و نوخبەی کۆمەڵگای کوردەواری‌و هەمو ئەوانەی ئومێدیان بە گۆڕانکارییە، قورسترە.

ئەرکی بەرەی گۆڕانخوازان ئەوەیە هەمو بەیەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی هەوڵ‌و پیلانی بەرەی بەرامبەر پوچەڵ بکەنەوەو ئەم رەوتە بەرەو سەرکەوتن ببەن، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان هی هەمویانە. ئەمەش بە پەیڕەوکردنی گیانی گوێگرتن‌و قبوڵکردنی یەکتری‌و، رێزگرتن لە بیروڕای جیاوازو، هەڵسەنگاندنی بابەتییانە  بۆ روداوو پێشهاتەکان‌و، دەوڵەمەندکردنی کارەکان بە پرۆژەی واقیعی‌و هاوچەرخ‌و رەخنەی بابەتییانە لە چوارچێوەی ئۆرگان‌و کەناڵە فەرمییەکاندا. نەک رەتکردنەوەی یەکتر‌و، سەپاندنی بیروبۆچونی تاکەکەسی‌و، خۆبەپاڵەوان کردن‌و بۆسە نانەوە بۆ شکاندنی یەکترو، کارکردن بە گیانی تۆڵەسەندنەوەو، دەرخستنی شڕوشیتاڵی یەکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

دیارە کە بەرژەوەندی هەر رێکخراوو حیزب‌و تەنانەت خێزان‌و کۆمپانیاو دامەزراوەی مەدەنی‌و حکومیش لەوەدایە کە چوارچێوەو پرەنسیپ بۆ کاری بەیەکەوەیی‌و  هەنگاونان بەرەو ئایندە دابنێ. ئەگەر ئەوە پەیڕەو نەکرێ هەمو شتێک لە گرێژەنە دەردەچێ‌و ناتوانرێ بەرەو پێش هەنگاو بنرێ. لەهەمان کاتدا پەیڕەوکردنی خەسڵەتی رەخنە لەخۆگرتن‌و داننان بە هەڵەو کەموکوڕییەکان ماکی سەرکەوتنی هەر کەس‌و دەستەو دامەزراوەو حیزب‌و رێکخراوێکە لە بواری کارکرندا.

لە کۆتاییدا دەبێ بوترێ کە لەم بارودۆخەی ئێستادا نەک بزوتنەوەی گۆڕان بەڵکو چمکی گۆڕانخوازی لەبەردەم دوڕیانی مەترسی تێکشکان‌و هیوای سەرکەوتندایە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان شکست بێنێ ئومێدی خەڵک بە گۆڕانکاری بۆ ماوەیەکی زۆر خامۆش دەبێ. ئەمەش وا دەکا ئەم واقیعە ناجورە سەپێنراوە بەردەوام بێ‌و ئەرکی نەوەکانمان لە دواڕۆژ زۆر قورستر بێ.

د. شۆڕش حاجی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.