رواندا ، فێتنام ، ھەرێمی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 227 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

لەسەدەی رابردوودا جگە لەولاتە زلھێزە ئابووریە ناسراوەکانی جیھان وەکو ئەمریکاو روسیا وبەریتانیاو فەرەنساو ئەلمانیا ، ھێزی ئابووری تازەش سەریان ھەڵدا ، کە لەماوەیەکی کەمدا توانیان ژێرخانێکی ئابووری زەبەڵاح بۆ خۆیان دابینبکەن و بەربەرەکانی وڵاتە زلھێزەکانیش بکەن . ھەڵبەت وڵاتی چیین یەکێک بووە لەو وڵاتانەی وەکو ئابووریەکی بەھێزو رکابەر بێتە مەیدان ، لەخوار ئەویش وڵاتانی تریش ئابووریەکانیان گەشەی سەندو بوونە ژمارەیەک لە ئابووری جیھانی ، بەتایبەتیش بەشێک لەوڵاتانی ئاسیا وەکو مالیزیاو سەنگاپوورەو کۆریای باشوور .

ئەزمونی بەرێوەبردنی ئەم وڵاتانە ئیلھامبەخشبون بۆ زۆربەی وڵاتانی دیکەی دواکەوتووی جیھان ، چونکە ئەوانەی باسمان کردن لەژێرخانێکی سوتماک و رووخاوەوە بوون بەخاوەن جوانترین ئەزمونی سەدەی رابردوو. لەھەزارەی سێیەمیشدا ئەزمون گەلێکی تریش گەشانەوە ، کە دوو لەجوانترین نمونەیان وڵاتانی روانداو فێتنامە کە ئەم دوو وڵاتەش بەسروشت و واقیعی رووداوەکانیان زۆر نزیکن لەوەزعی ئێمەی کورد لەھەرێمی کوردستاندا .

وڵاتی رواندا لەناوەڕاستی نەودەکاندا دووچاری شەڕێکی خوێناوی زۆر سەخت بوو لەنێوان ھەردوو خێڵی ھۆ‌توو توتسی، لەماوەی چەند مانگێکدا نزیکەی ملیۆن ونیوێک خەڵکی ئەم وڵاتە بوونە قوربانی شەڕەکە و، دوو ملیۆن کەسیشان ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون. کووچەو شەقامی شارەکانی ئەم وڵاتە پڕ بوون لە لاشەی کوژراوانی ھەردو خێڵەکە. لەم ئانوساتەدا کەسایەتیەکی گەنجی ئەم وڵاتە دەرکەوت کە ناوی بۆل کاغامی بوو . مێژووی ئەم وڵاتە بەئاوی زێر ناوی ئەم کەڵە سەرکردە قارەمانە ئەنوسێتەوە ، کە توانی لەماوەیەکی کورتدا دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێ . لەجیاتی ئەوەی ببێت بە بەشێک لەشەڕە خوێناویەکە ، یەکەم ھەنگاوی ئاشتکردنەوەی ناوخۆیی بوو . بەبریاری حکومەتەکەی یاسای لێبووردنی گشتی دەرکرد، دواتر نزیکەی ١٢٠ ھەزار تاوانباری جەنگی رادەستی دادگای نێودەوڵەتی کرد . بەدوای ئەمەشەوە راستەوخۆ کەوتە ئاساییکردنەوەی باری وڵاتەکەی بەوەی ئاسەواری جەنگە ناوخۆییەکەی خستە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە ، بەمەش یەکەم ئامانجی خۆی پێکا لەبەرگرتن لەسەرھەڵدانەوەی ناکۆکی خێڵەکی لەوڵاتەکەیدا . دواتر دەستی بەچاکسازی ئابووری کردو، سەرەتا بەشێوەیەکی بەرفراوان زەوی بەسەر ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی دابەشکردو خەڵکی کەوتنە سەر کاری کشتوکاڵی بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانیان . دواتر کۆمەڵێک لە گەنجەکانی وڵاتەکەی لەسەر حیسابی دەوڵەت ناردە وڵاتانی جیھان بۆ تۆژینەوە لەچۆنیەتی پێشخستنی ئابووری وڵات .ھەر لەوساوە دەرگای وەبەرھێنانیشی کردەوە لەبەردەم وڵاتانی دونیا کە لەماوەیەکی کەمدا رژانە سەر پڕۆژە وەبەرھێنانەکانیان لەم وڵاتەدا . بەمشێوەیە لەمەودایەکی کورتدا ئەنجامی چاکسازییەکانی لەبواری پەروەردەو ئابووری بەدەرکەوتن ، ئێستا ئەم وڵاتە بووە بە ئەزمونێکی ئیلھامبەخش بۆ وڵاتەکانی تری کیشوەری ئەفەریقا لە بواری پێشکەوتنی ئابووریدا .

وڵاتی فێتنام لەسەدەی رابردوودا کەوتە بەر ململانێیەکی تووندی ھەردوو جەمسەری ئەمریکاو روسیا ، بەمەش بۆ ماوەی دەیان ساڵ دووچاری جەنگێکی وێرانکەر بوو کە بووە ھۆی لەتبونی وڵاتەکە بۆ دوو پارچەی جیا . گەلی فێتنام ھیچی نەما و ھاتە سەر سفر ، دوای سەرکەوتنی ئەم گەلەوکۆتاییھاتنی جەنگەکەش ، فێتنام لەسفرەوە دەستی پێکرد. ھەرچەندە حزبی شیوعی ئابووریەکی مەرکەزی چڕی بەسەر ولاتەکەدا سەپاندبوو ، بەمەش وڵاتەکە لەرێزبەندی وڵاتە ھەرە ھەژارەکاندا مایەوەو لەپەلوپۆ کەوت . ئا لێرەشدا سەرکردەیەکی شیوعی بەدەر کەوت کە ناوی نیجوین فان لین بوو ، ئەو‌یش ھاوشێوەی پاڵەوانە ئابووریەکانیتر ،قوڵی ھەڵماڵی و کەوتە بنیاتنانی ئابووری وڵاتەکەی ، ھەرچەندە ئەو سەرکردەیەکی دڵسۆزی شیوعیەت بوو، بەڵام ئەمەش رێگر نەبو لەوەی فان لین دەست بەچاکسازی بکات ، ئەویش بە چاکسازی کشتوکاڵیەوە دەستی پێکرد ، دواتر وردەو وردە پەرژایە سەر چاکسازی لەبواری پەروەردەو پیشەسازی وئابووری، لەماوەیەکی کەمدا فێتنامیش ھاتە ریزی وڵاتە ھەرە پێشکەوتوەکانی ئابووری جیھان .

نمونەی تریش زۆرن لەم بارەیەوە، ھەر لە ئەسیوبیاوە بۆ مالیزیا و، لە ئیماراتەوە بۆ ھیندستان ، ھەڵبەت باسی وڵاتانی ئەوروپاش ناکەین ، چونکە ئەمانە دەمێکە پێشکەوتون ، باسمان لەم وڵاتانەیە کە لەھیچەوە دەستیان پێکردو، لەناو داروپەردووی جەنگە درێژخایەنەکانیانەوە سەریان بەرز کردەوەو گەیشتنە ترۆپکی ئاسمانەوە .

ئەزمونی بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان ، سەرباری تەمەنی بیستو ھەیشت ساڵەیدا تاکو ئەمڕۆش لەشوێنی خۆی موراوەحە ئەکات، یەک ھەنگاو لەرووی ئابووریەوە نەچۆتە پێشەوە . ململانێی حزبی و دەستبەردار بوون لەمەبادیئەکانی شۆڕش و گەندەڵی و بەرژەوەندخوازی حزبی وکەسی ھەرێمەکەمانی گەیاندۆتە خاڵی سفرەوە، ئێستا ئەگەر پارە لەبەغداوە نەیەت حکومەتەکەمان ناتوانێ مووچەی فەرمانبەرانیشی بدات ، ئەمەش لەکاتێدایە کەوا ھەرێم لەسەر دەریایەک نەوتەوەیە.

ساڵی پەنجاو شەستەکان ھەرێمی کوردستان نانی ھەمو وڵاتی عیراقی ئەدا ، تەنھا دەشتی ھەولێر و کەندێناوە گەنمو جۆی وڵاتی دابین ئەکرد ، لەسەدا حەفتای دانیشتوانی ھەرێم خەریکی فەلاحەتی بوون لەدەشتەکانی نەینەواو کەرکوکەوە تا دەگاتە گو‌ندەکانی سەر سنور . مێوەو سەوزەی خۆماڵی بەشی ھەمو دانیشتوانی ئەکردو ھەناردەش دەکرانە شارەکانی تری عیراق . بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی حوکمڕانی کوردەوە ، کەرەوزو تەماتەو خەیاریشمان لەوڵاتانی دەوروبەر ھاوردە دەکرێ ، بەمەش ملیاران دۆلاری ئەم وڵاتەی ئێمە ئەچێتە گیرفانی بێگانەوە . سامانی نەوتمان رادەستی دوژمنانمان کردوە ، تەنانەت چەتەکانی داعشیش خێر لە سامانەکانی ئێمەدا ئەبینن .

ئەم ئەزمونە شکستخواردوەی ئابووری ھەرێم پێویستی بە فریادڕەسێکی وەکو فان لین وبۆل کاغامی ھەیە بۆ ئەوەی ئەگەر نەشتوانین ژێرخانی دەوڵەتێکی سەربەخۆمان بۆ دابینبکەن ، لانیکەم ھاوڵاتیانمان ژیانێکیان بۆ زامن بکەین کە کەرامەتی ئینسانیان پارێزراو بێت ..

ھەڵسانەوەی ھەرێم لێرەوە دەست پێدەکات کە ھەردوو حزبی پارتی ویەکێتی ، ھەردوو بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی ، ھەردوو زۆنی سەوزو زەرد ، پرۆسەیەکی ئاشتەوایی سەرتاسەری رابگەیەنن ، چاکسازی راستەقینە دەست پێبکەن لەگشت بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابووری وپەروەدەوە ، ئێمەش وەکو وڵاتانی تری ئەم دونیایە ئەزمونی سەرکەوتوی خۆمان ھەبێت ، ئەمەش تەنھاو تەنھا بەوە دەکرێ کە تەجریم وتەحریمی گەندەڵی بە پلە یەک ، کۆتاییھێنان بە ناکۆکی وململانێی حزبی بە پلەی دوو، سەروەری یاساو عەدالەتی کۆمەڵایەتیش بەدوایانەوە ، بەمەش ئەتوانین ئەزمونێکی تازە بێنینە کایەوە کە وای لێبێت میللەتەکەمان بەسەربەرزییەوە بژی ومێژووش بە شانازییەوە باسی میللەتەکەمان بکات ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.