کورسیە تاپۆ کراوەکە

لەلایەن ستاندار Posted on 214 جار بینراوە

شوانە حسن

ئەگەر تێڕامێنین دەبینین تەواوی گوتارەکانی ئەمڕۆ لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا وەک سەرۆکی ھەرێم، بریتیبوون لە خۆزگە و ئاوات، لەوەش زیاتر بریتیبوون لە نمایشێکی رووت. نمایشێک بە ھەموو ھێزییەوە خەریکی شاردنەوەی دیوی ناوەوەی و دەرخستنی وێنەیەکی ساختەی دەرەوەی بوو.
گوتارەکانی ئەمڕۆ، سەلماندنەوەی جارێکی دیکەی ئەو راستییە بوون، کە متمانە لەسەر گوتارەکان ھەڵنەچنین، ئەمانە دیوە ساختەکەی دەرەوەمانن، گوزارشت نین لە دیوە دۆزەخییەکەی ناوەوەمان.
ئەمڕۆ ھەمووان وەک فریشتە باڵەکانیان کردبوویەوەو بەسەر ئاسمانی پایتەختدا ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی و مافی مرۆڤیان دەبەشییەوە. وەک پیشەی ھەمیشەییان ، ھێزە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی ، تەنھا ڕۆڵی تەماشاکەرێکی گوێڕایەڵ دەبینن لە کۆی ئەو ڕووداوە سیاسیانەی لە ھەرێمدا روودەدەن ، ھۆکاری ئەم پاشکۆیەتێی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی تەنھا پەیوەستە بە پاراستنی بەرژەوەندێکانیانەوە ، ھەرەوەھا یەکێتیش کە خاوەنی ھێز و نفوز و شوێنە ھەمیشە ڕۆڵی پاشکۆیەتی ئەو ڕووداوە سیاسیانە دەبینێت کە پارتی دەیانخولقێنێت ، بە ھۆکاری نەبونی مەرکەزی قەراردان لەسەر پرسە سیاسیەکان لەناو یەکێتیدا وایکردوە یەکھەڵوێست نەبن و ھەمیشە پێچەوانەی خواستی بنکەی جەماوەریەکەی سیاسەت بکات ، بەرژەوەندیە ئابوری و دارایەکانی بەرپرسانی یەکێتی ھۆکارێکیتری خراپی ھەڵوێستی یەکێتیە لە پرسەکاندا
وێنەی سەرەکی سیاسییەکانی ئەمڕۆ، ئەوەی ھەمووان دەمانتوانی ئاسان بیبینین، دیوی دەرەوەیان بوو، ئەو دیوەی دەسەڵات و سیاسییەکان پێشبڕکێیانە لە ھەرچی زیاتر جوانتر دەرخستنی، وێنەیەک لە ھەموو شوێنێکەوە دێت لە ناوەوەیان نەبێت. ئەمڕۆ ھەمووان خەریکی داپۆشینی راستییەک بوون، کە پێویست بوو بگووترێ، ئەو راستییەی لە بەشی ناوەوەی قسەکەرەکاندا خەفەکرابوو.
ئەمڕۆ ھەمووان پێیانگووتین، ئاسانترین شتێک کە نە تەنھا سیاسییەکان، بەڵکو مرۆڤە ئاساییەکانیش دەسەڵاتیان بەسەریدا دەشکێ و دەتوانن بیڵێن، بریتییە لە گوتاردان و ریزکردنی وشە و رستەی رەنگاوڕەنگ، ئەو وشە و رستانەی، بەشی ھەرە گەورەی مرۆڤە ئاساییەکانی ئەم ھەرێمی کوردستان و عیراقە لە سیاسییەکان زیاتر باوەڕیان پێیەتی.
ئەمڕۆ رۆژی پەیمان نوێکردنەوە بۆ ئەم راستییە فیکری و مێژووییە بوو، کە چۆن سیستەم، کە چۆن دەسەڵات، وەک ئەرکێکی بنەڕەتی خۆی کار بۆ شاردنەوەو داپۆشینی حەقیقەتی ناوەوەی خۆی دەکات. وەک ھەمیشە گوتارەکان، وشە و رستە رەنگاوڕەنگەکان چەند تەعبیر بوون لە وێنە ساختەکەی دەرەوە، سەدان ھێندەش ھەوڵدان بوو بە ئاراستەی داپۆشین و شاردنەوەی وێنە راستەقینەکە، کە دیوی ناوەوەی مرۆڤەکانە.
بۆ ئەوەی بڕیار لە رەفتار و جوڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی سیاسییەک، یان ھەر مرۆڤێکی ئاساییش بدەین، دەبێ بەر لە بینینی دەرەوەی، خەریکی قوڵبوونەوە لە دیوە شاراوەکەی ناوەوەی بین. ئەوە ناوەوەیە پێناسەی دەرەوەمان بۆ دەکات، نەک بە پێچەوانەوە دەرەوە، ناوەوەمان پێبناسێنێ.
ئایا ئێمە ھەر وەک پێشتر خەریکی چەپڵەلێدان لەسەر بنەمای بیستنی گوتارەکانی دیوی دەرەوەی مرۆڤەکان دەبین، یان کەمێک زیاتر ھەوڵی خۆماندووکردن دەدەین و دەمانەوێ بڕێک زیاتر لە ناوەوەیان تێبگەین؟

ئەگەر واقعیانە تێڕامێنین تێدەگەین کە بیرکردنەوە و تێڕوانینی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم ، ڕەھەندێکی مێژووی ھەیە ، بارزانیەکان ئەو پۆستە وەک ئیستحقاقی مێژویی و میراتی مەلا مستەفا دەبینن و ئامادەنین لە ھیچ بارودۆخێکدا سازشی لەسەر بکەن ھەربۆیە بەدرێژای مێژوو ئەم بیرکردنەوەیە چەسپاوەو بۆتە نەھامەتی بۆ خەڵکی باشوری کوردستان و بە نەھامەتیش دەمێنێتەوە بۆنەوەکانی داھاتوو لەکاتێکدا میللەت ئومێدێکی بە ئۆپۆزسیۆن بو بۆ تێکشکاندنی ئەو بیر و تێڕوانینە بەڵام بەداخەوە دواجار ئۆپۆزیۆنیش کەوتە بەر لێشاوی دەسەڵات و بە پلەو پۆست و پارە لەڕێڕەوی خۆی لایدە ملکەچی خۆی بۆ دەسەڵات ڕەگەیاند.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.