سڵاو له‌ مورسی به‌ڵام..

لەلایەن ستاندار Posted on 420 جار بینراوە

پ ی د. رعد رفعە

“لستُ بالخِبِّ، ولا الخِبُّ يَخدعُني”
واته‌: نه‌فێڵبازم ونه‌فێڵبازه‌كانیش فێڵم لێ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ ووته‌یه‌كی به‌نرخ وكاریگه‌ری عومه‌ری كوڕی خه‌تابی سه‌رڕاست وده‌وڵه‌تمه‌دار وخاوه‌ن ئه‌زموونه‌.
سیاسیه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێ زۆر قووڵ بیربكه‌نه‌وه‌ له‌ گۆڕانكاری. پرۆسه‌ی چاكسازی له‌و ووڵاتانه‌ی ئێمه‌ پێویستی به‌ زانسته‌ سیاسیه‌كان وتێگه‌یشتن له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی وناسینی چومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌یه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت، وهه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تاندن به‌ به‌ڵێن وبه‌رنامه‌ی سه‌ركاغه‌زی ده‌سه‌ڵاتداران ونه‌كه‌وتنه‌ ته‌ڵه‌ی: تاكه‌ رێگای گۆڕانكاری زۆری ژماره‌ی كورسی په‌رله‌مانه‌.
بۆیه‌ گۆڕانكاری له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا ته‌نها به‌قسه‌ وكورسی په‌رله‌مان و وه‌زیری ده‌سته‌مۆ ناكرێ؛ به‌ڵكو پێویستمان به‌:
– سیاسی دڵسۆز وراستگۆ له‌گه‌ڵ خۆی وخه‌ڵك وبه‌ڵێنه‌كانی هه‌یه‌.
– سه‌ركرده‌ی حزبی سیاسی تواوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك وخاكه‌كه‌ی نه‌ك تواوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی وداروده‌سته‌كه‌ی. له‌ پێناو خه‌ڵك ئاماده‌ی لێدان وكوشتن وزیندان وده‌ربه‌ده‌ری بێت، نه‌ك له‌به‌ر پۆستێكی حكومی وڤێلا ومعاشێكی مانگای چه‌ور یان ته‌نها ترساندن به‌له‌ده‌ستدانی ئه‌مانه‌ سازش له‌سه‌ر هه‌ڵوێست وپرۆژه‌ وبه‌رنامه‌ وچاكسازیه‌كانی بكات.
– په‌رله‌مانتاری به‌توانا و وه‌زیری چاونه‌ترس هه‌یه‌، نه‌ك په‌رله‌مانتاری مووچه‌ وبندیوار وچاوچنۆك و وه‌زیری ترسنۆك وماستاوچی ونه‌زان له‌كاره‌كانی. پێویسته‌ ئه‌و پۆست وپلانه‌ به‌كاربهێنرێن له‌ناو خه‌ڵك بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌رچونی ناوه‌كانیان سه‌یاره‌ وخانوو وژن وقوتابخانه‌ وزانكۆكانیان وه‌كو وه‌زیر وپه‌رله‌مانتاره‌كانی ده‌سه‌ڵات لێبكه‌ن وگه‌نده‌ڵكاران بكه‌نه‌ سه‌رمه‌شقی ستایلی ژیانیان.
– له‌پاڵ خه‌باتی په‌رله‌مانی -وه‌كو ئه‌وه‌ی باسمان كرد- ده‌بێ جوڵاندنی شه‌قام وفشاری دبلۆماسی له‌ده‌ره‌وه‌ وهه‌ڵمه‌تی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كانی ناوخۆ وده‌ره‌وه‌ وه‌كو ئامرازی گۆڕانكاری ده‌ستی پێوه‌بگرین.

له‌كۆتاییدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شه‌هید موحه‌مه‌د مورسی خه‌باتگێری راستگۆ وهیوادارم ژیاننامه‌ وهه‌ڵه‌ سیاسی وحكومڕانیه‌كه‌ی ببێته‌ ئه‌زمون وعیبره‌ت بۆ ئه‌و سیاسیانه‌ی خه‌می گۆڕانكاریان هه‌ڵگرتوه‌و له‌و پێناوه‌دا ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ قوربانیه‌كن وپێویسته‌ توێژه‌ران زۆر به‌ ووردی بكۆڵنه‌وه‌ له‌و ئه‌زمونه‌ شتكسخواردوه‌ی میسر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.