عەبدوڵا حەوێز
ئایا بەشداری گۆڕان لە حکومەت باشە یا خراپ؟
(تکایە هەمووی تا کۆتایی بخوێنەوە)
.
– یەکەم شت دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پرسیارێکی ئاوا دەکەى، پێویستە بە عەقڵێکی کراوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەیەوە نەک ئەوەى پێش پرسیار کردن وەڵامەکەت لە گیرفانت دانابێت. هیوادارم هەمووان بەم شێوەیەش وەڵامەکەى من بخوێننەوە چونکە من کە ئەم پرسیارەم کردووە، دواى دیراسەکردن و خوێنەوەى زۆر لەسەر ئەزموونی بەشداری ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتانى نیمچە ئیستبدادی هاوشێوەی کوردستان ئینجا بیریاری خۆم داوە کە بەشداری گۆڕان باشە یان خراپ
.
– لە سیستمی نیمچە ئیستبدادی (یاخود semi competetitive authoritarianism) هاوشێوەى کوردستان، گۆڕانکاری و ئاڵوگۆری دەسەڵات لەرێی سندوقەکانى دەنگدانەوە ناکرێت. بە گشتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دوو بژاردەیان لەبەردەمە، یان نزیکبوونەوە لە دەسەڵات بەهیوای چاکسازی و گۆڕانکاریکردن لە سیستمەکە لە ناوەوە یانیش ئەوەى کە لەرێی کارکردن بۆ راپەرین و شۆرشەوە گۆڕانکاری لە سیستمەکە بکەن (کە ئەم بژاردەیەی دووەم لەوانەیە هەندێ جار ساڵانێکی زۆر بخایەنێت).
.
– لەراستیدا گۆڕان لە سەردەمی نەوشیروان مستەفاوە، ئەو کاتەى کە لە لوتکەى هیزیاندابوون بۆیان دەرکەوتبوو کە گۆڕانکاری و ئاڵوگۆری دەسەڵات لە کوردستان بە سندوقەکانى دەنگدان ناکرێت بۆیەش لەو کاتەوە بڕیاری بەشداریکردنیان دا لە حکومەت، لەکاتی داخستنی پەرلەمان ئەمە زیاتریش روون بوویەوە.
.
– کەواتە کە گۆڕان تەنها ئەم دوو بژاردەیەى لەبەردەم دایە، پرسیاری ئەوە دێتەوە پێشەوە، کە مادام رەوشەکە وایە، ئایا بەشداریکردنی گۆڕان لە نەکردنی باشتر نیە؟
.
– وەڵامەکەى من بە نەخێرە، بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت خراپە و زیانی لە باشیەکانى زۆر زیاترە (ئەگەر بەراستی ئامانجیان گۆڕانکاری و رۆیفۆرم بێت لە سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان)، لەبەر ئەم هۆکارانەى خوارەوە:
.
– لە ئەزموونی سیستمی نیمچە ئیستبدادی وڵاتی تر ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە نزیکبوونەوەى ئۆپۆزسیۆن لە دەڵاسەت هەمیشە بە زیانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکە و بە قازانجی دەسەڵاتداران تەواو بووە، چونکە دەسەڵاتداران لەم جۆرە سیستمە بەشداری ئۆپۆزسیۆن بۆ قایمترکردنی پێگەى حۆیان بەکار دەهێنن
.
– ئەم جۆرە لە بەشداریپێکردنی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێی دەوترێت (co-optation) واتە تاواندنەوەى ئەم پارتە ئۆپۆزسیۆنە لە دەسەڵات بەشێوەیەک کە ئەم پارتە لای قورس دەبێـت یاخود ناتوانێت چیتر رەخنەی جددی لەم دەسەڵاتە بگرێت چونکە خۆى بووەتە بەشێک لێی
.
– ئەم جۆرە ستراتیژە هەر بۆ پارتی سیاسی بەکار نایەت بۆ رۆژنامەنوس و کەسایەتی سیاسیش بەکار دێت. بۆ نموونە کە کەناڵێکی وەکو رووداو رۆژنامەنوسی وەک هیوا جەمال یاخود رەنج سەنگاوی دێنێت ئۆتۆماتیکی وایان لێدەکات کە لە چوارچێوەى سیاسیەتەکانى ئەم کەناڵە بجوڵێنەوە بەمەش ناتوانن کار لەسەر پرسی جددی بکەن کە هۆکاری سەرەکی کێشەکانى کوردستان لەوانە دەسەڵاتەکانی بنەماڵەی بارزانی و ئەوەى ئەمە چۆن گەیشتینە ئەم رۆژە کە نێچیرڤان ببێتە سەرۆکی هەرێم و مەسروریش سەرۆک وەزیران و بارزانیش هاوشێوەى عەلی خامنەیی وەک رێبەری هەرێمی کوردستان مامەڵە بکات. بێگومان چونکە ناتوانی رەخنە لەوان بگری ناتوانی پرسیاری ئەوەش بکەى کە چۆن و بۆچی یەکێکتیش خەریکە دەبێتە حیزبی بنەماڵە و گۆڕانیش بەهەمان شێوە. ئیتر وای لێدێت ئیشی تۆ دەبێتەوە ئەوەى پرسیاری سادەى وەک ئەوەى بکەى کە بۆچی ئەم جادەیە قیر نەکراوە یانیش بۆ ئەم گوندە خەستەخانەیەکی لێ نیە و، لەم ناوە پرسیارە بنەرەتیەکانى وەک سیستمی حکومڕانی کە هۆکاری شتە بچووکەکانى وەک قیرنەکردنی جادەکە و نەبوونی خەستەخانەکەن بزر دەبن. رێک ئەمەش فیکرەى (کۆ-ئۆپتەیشن)ـە و وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ “کرینی” راگەیاندنکار و کەسایەتی و پارتی سیاسی لەلایەن زۆرێک لە سیستمە نیمچە ئیستبدادیەکانى جیهان بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناوەراست بەتابیەت بەکار هێنراوە.
.
– لەراستیدا گۆڕان گەورەترین خزمەتی بە بنەماڵەى بارزانی کرد کە لەم قۆناخە حەساسە رازی بوو بە بەشداریکردن لە دەسەڵات چونکە ئەم قۆناخە بۆ بنەماڵەى بارزانی قۆناخێکی زۆر حەساسە چونکە خەریکی گواستنەوە دەسەڵاتن لە مەسعود بارزانیەوە بۆ جیلی سێیەمی بارزانیەکان. پارتی هەرگیز بروای نەدەگرد قۆناخی راگوزاری بۆ جیلی نوێی بارزانیەکان، بەتایبەت لەم رەشەى کوردستان دواى ریفراندام و بارودۆخی ئیقلیمی، بەم شێوەیە سانایە بچێتە سەر. چونکە ئەم کاتە ئەم هەموو سەر ئێشەیە بۆ مەسعود بارزانی خۆى دروستکرا لەکاتێکدا ئەو هەم لەرووی تەمەنی شاخ و هەموویش وەک سەرۆکی حیزبەکە هێز و شەرعیەتی زیاتر هەبوو، کەچی بۆ قۆناخی گواستنەوە بۆ کوڕە و برازاکانی زۆر ئاسانتر بوو و ئەمەش بەشێکی سەرەکی بەهۆى تەسلیمبوونی زۆر ئاسانی گۆڕان بوو
.
– پارتی (و یەکێتیش) بەهیچ شێوەیەک بە گۆڕانکاری ریشەیی رازی نابن چونکە ئەمە واتای رازیبوون بە نەمانی بەشێکی گرنگ لە دەسەڵاتەکانیان دێت و هەرگیز بەمە رازی نابن، بەڵام مەسرور بارزانی هەوڵی هەندێ چاکسازی رووکەش دەدات کە رەنگە لە کورتمەودا هەندێ باشی هەبێت بەڵام لە دوورە مەودا کاریگەری یەکجار نەرێنی دەبێت، چونکە ئەم چاکسازیە کورت خایەنانە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆى بەکار دەهێنێت نەک وەک ئامانجێکی ستراتیژی بۆ چاکسازی ریشەیی. جگە لەمە کاک مەسرور تەنها هەندێ چاکسازی لە بواری ئابوری دەکات و وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی پێگەى خۆى لەرووی سیاسیەوە بەکار دەهێنێت.
.
– گۆڕان هیچ ئامرازێکی ئەوتۆى لەبەردەم نیە کە بەر بەم هەواڵەنەى مەسرور بگرێت و تەنها دەتوانێت وەک من و تۆ ئاوات بخوازێت کە چاکسازی بکرێت و بە دووری نابینم مەسرور بەهەندێک چاکسازی شکلی ئابوری چاوی گۆڕان بگرێت و گۆڕانیش وەک دیارە بریاری داوە ببێتە بەشێک لەم سیستمە و چاکسازی ریشەیی موئەسساتی پێناچێت بەشێک بێت لە ئەولەویەتی کارەکانیان لە ئێستادا چونکە:
.
– هەندێک شت کە مەسرور بارزانی و پارتیش پێیان خۆشە و هیچ کێشەکەیان نیە کە ئەنجامی بدەن و وەک گۆڕانکاری و چاکسازی گرنگیش دەردەکەوت پرسی یەکخستنەوەى پێشمەرگە و بابەتی لەم شێوەیەی کە لە ئێستادا تەواو لە قازانجی پارتیە چونکە پارتی لە رووی دامەزراوە حکومیەکان و لەرووی پارە و نەوتەوە هەموو جمگەکانی لە رژێر کۆنترۆڵ دایە، بێگومان حەزی لە یەکگرتنەوەى پێشمەرگە هەیە کە دەتوانێت بە ئاسانی ئەم هیزە بە بەتەواوى کۆنترۆڵ بکات و بە تدریجی پێشمەرگەى یەکێتی لەناو پێشمەرگەى کوردستان بە گشتی بتونێتەوە و بەشێوەی تەدریجی بەهەمان شێوەیەى هەولێر و دهۆک، کۆنترۆڵی سلێمانیش بکات. (تێبینی: من لەگەڵ بە موئەسسەکردن و بەنیشتمانیکردنی پێشمەرگەم بەڵام نەک بەم شێوەیەی ئێستا و “یەکگرتنی” پێشمەرگە چونکە ئەمە تەواوى بە قازانجی پارتیە و زیانی زیاترە لە قازانجی).
.
– لەراستیدا ئامانجی سەرەکی پارتی لەوەى کە ئەوا بە حەماسەوە دەیەوێت گۆران بەشداری لە حکومەت بکات هەر بۆ ئەوەیە کە شەرعیەت بداتەوە هەوڵەکانی بۆ یەکگرتنەوە پێشمەرگە، بەڵام نەک بۆ بەنیشتمانیکردنی بەڵکو بۆ ئەوەى بەتواوی دەستی بەسەدا بگرێت و بەم شێوەیەک دەسەڵاتی خۆى بەرەو ناوچەى سلێمانی غلۆر بکاتەوە. ستیراتیژی پارتی لە چوار ساڵی داهاتوو بەهێزترکردنی دەسەڵاتەکانى نیە لە هەولێرو دهۆک، چونکە لەم دوو شارە هەموو دەسەلاتێکی هەیە، بەڵکو ئامانجەکەى چوونە بەرەو سلێمانی و کۆنترۆڵکدرنی ئەم ناوچەیە بە پشت بەستن بە چەند تەکتیکێکی سیاسی زۆر زیرەکانە، گۆڕان لەم ئاستە نیە کە گەمەی سیاسی لەم ئاستە بەرزە بکات بۆیە لەجیاتی گۆرانکاری دەبنە بەشێکی لە گەمەى پارتی بۆ بەهێزترکردنی نفوزی لە تەواوی کوردستان.
.
– دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا گۆران بە ئاشکرا دژی پەرەلەمانتارەکانى خۆى لە بەغدا وەستایەوە و بەرگری لە سیاسیەتی نەوتی هەرێم کرد و وتی دەبێت “بەزمانى گوڵ رەخنە بگرین” کە ئەم قسەی کۆتایی مانای ئەوەیە کە نابێت هیچ رەخنەیەکی جددی بگریت و دەبێت وەک ئەو رۆژنامەوانانەى رووداو تەنها هەندێ رەخنەى سەتحی و بێ بەها بگرین
.
– دووەمیش وەک لەم وێنەیە خوارەوە دیارە گۆران هیچ کێشەکی نیە کە هێمن هەورامی کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانە وەک شاندنی پارنی و لەخوار مەسرور بارزانی دانیشتووە لە کاتێکدا ئیشی هیمن هەورمانی وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان چاودێری و لێ پێچینەوەى مەسرور بارزانی و حکومەتەکەیەیتی، سەیرێکی ئەم وێنەیە بکە و پرسیار لەخۆت بکە: هێمن نەک هەر ئەوەی چاودێری و لێچێنەوە لە مەسرور بارزانی ناکاتەوە، ئایا ئەسڵەن دەوێرێت بیر لەشتیکی ئاوا بکاتەوە؟ ئینجا پێشوازی گۆران لە شاندەکە بەم شێوەیە ماناى وایە گۆڕانی ئەوەى پێ ئاساییەوە و چیتر کار لەسەر چاکساری ریشەیی سیاسی و بە موئەسسەکردنی دامەزراوەکانى هەرێم ناکات و ئێستا بە چەند چاکسازیەکی کورتمەودای ئابوریش و تەکتیکیش هەر رازیە.
.
– دوای چوار ساڵی تر کە پارتی ئیشتی بە گۆِران نەما و گۆڕانیش بێگومان تا ئەو کاتە لە رووی جەماوەریەوە تەواو لاواز دەبێت، ئیتر کاری گۆرانیش تەواو دەبێت و دەبێتە حیزبێکی بچووکی بێ بەها وەک هەر یەک لەم حیزبانەى تر و رێگەکەش لەپێش بنەماڵەى بارزانی بۆ کۆنترۆڵی تەواوی هەموو جومگکان لە هەموو کوردستان ئەوەندەى تر ئاسان دەبێت.