ترامپ و ڕوبەرو بونەوەیەکی نوێ

لەلایەن ستاندار Posted on 307 جار بینراوە

كمال محمد

ململانێکانی ئێران و ئەمریکا مێژویەکی درێژی ھەیە ،کە خۆی لە بانگەشەی شەڕ و سزاکان ئەبینێتەوە بەتایبەت سزا ئابورییەکان و ھەندێ جاریش لێدان و ھێرشی موشەکی و سەربازی بۆ بەسەر بەرژەوەندی و پێگەکانیان لە ناوچەکەدا ،ھەرچۆنێک بێت ھەردو وڵات ھێزی بەرگیری بون لە بەرژەوەندی و ستراتیژیاندا لە ھەمو گۆڕانکارییەکانی رۆژھەڵاتی ناویندا بەکارھێناوە ،ھەمو گۆڕانکارییەکانیش دەرەنجامی زەمینە خۆشکردنی سیاستی ئابوری و بەربەرێکانی داگیرکردنی ئابوری بوە بەو پێیەی رۆژھەڵاتی ناوین ناوچەیەکی ستراتیژ و دەوڵەمەندە بە کانزاکان ،بۆیە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش تەنھا بە ویستی بەرجەستە کردنی داخوازییەکانی زلھێزە باڵادەستەکان نەخشە رێژ ئەکرێت ،تێپەڕبونی قۆناغی ئێستای رۆژھەڵاتی ناوین دەتوانین بەھەژمونی وڵاتانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری دابنێن بۆیە تەواوی دەوڵەتان ئەیانەوێت ھێزی خۆیان بسەلمێنن لە مەیدانەکەدا،

ئەم فۆرمە لە سیاسەت و ململانێیەی ئەمریکاو ئێران بەدرێژایی ساڵانی رابردو لە دوای روخانی شای ئێرانەوە نەیتوانیوە بەربەستێک بۆ دەسەڵاتە ھەژمونگەراییەکەی دابنێت لە ناوچەکە دا ،بەپێچەوانەوە ئێران بەسود وەرگرتن لە دەسەڵاتە ئایینزاییەکەی کەسەرچاوەکەی سەفەوییەکانە توانیویەتی برە بە دەسەڵاتەکانی بدات ،بەڵگەی ھەرە زیندوش ئەمەیە کە ئێران ھەتا ئەمڕۆتوانیویەتی ھەمان ئەو سیاسەتە پێڕەو بکات ،بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە شیعەی تێدایە ،ھەرلەسەرەتای دروست بونی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ململانێ بوە ناسنامەی نێوان ئەمریکا و ئێران ،ئەم دروشمە لەبەرەنگار بونەوە درێژەی کێشاوە بەشێوەیەک کە چەندان سەرۆکی ئەمریکا نەیانتوانیوە زامنی نوێنەرایەتی سیاسەت و ستراتیژی ئامانجەکانی ئەمریکا بکەن لەبەرامبەر ئێراندا ،لەم چوارچێوەیەدا ھەریەکە لە جیمی کارتەر و ڕۆناڵد ریگان و جۆرج بۆش و جۆرج دەبلیو بۆش و بن کلینتۆن و ئۆباماش جگە لە خزمەتکردنی سیاسەتەکانی ئێران لەناوچەکە ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبینیوە کە ئەمریکا توانای جێبەجێکردنی داواکارییە سیاسی و ئابورییەکانی خۆی ھەبێت و تەنیا لەسەر بنەمای دەربازکردنی کێشەکان ساڵانی دەسەڵاتدارێتییان بەرێ کردوە ئەگەر دەسەڵاتی ئێران لە رابردوەوە بۆ ئێستا بە بنەما بگیرێت لە ناوچەکەدا !

بە پێچەوانەوەی سەرۆکەکانی پێشوترەوە ترامپ ھەرلە سەرەتای بون بە سەرۆک بریاریدابەکشانەوە لە رێکەوتنە ئەتۆمییەکە،ئەمە ئەو بژاردەیە بوو کە ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دو وڵاتەی خستە قۆناغێکی نوێوە و بەسەپاندنی چەندین سزای ئابوریی و رێگریکردن لە فرۆشتنی کانزا و نەوتی ئێرانی ھەژمونگەرایی زەنگێکی بۆ ئەو وڵاتە لێدا کە چیدیکە نەتوانێت لەمڕۆکەی دنیای سەرمایەداریدا لەگەورە پیشاندانی ھێزی خۆی زێدەرۆیی بکات ،ئەتوانین بڵێین ئەمە یەکەمین سیاسەتی ڕادیکاڵانەی ئەمریکا بو کە جێگای باس بێت بە بەراورد لەگەڵ سەرۆکەکانی پێش دۆناڵد ترامپ ،ئەمەش تا رادەیەکی زۆر ئێرانی خستۆتە دۆخێکی ناسەقامگیری ئابوریی سەختەوە کە بەجەنگی سارد ناوزەند ئەکرێت و لەم دواییانەشدا رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەلێدوانێکیدا وتی کە جەنگی ئابوری ھیچی کەمتر نییە لە جەنگی سەربازی و گەلی ئێران پێویستە بەرگەی ئەم قۆناغە بگرێت و روبەروی ببێتەوە کەبەرای من مەبەست لێی توانای روبەروبونەی ھەرئەگەرێکی جەنگی سەربازییە لەلایەن دەسەڵاتدارنی ئێرانەوە ،
ئێران وڵاتی کۆبونەوەی تەواوی ئەتنیک و ئایین و مەزھەبەکانە ناوچەیەک نییە بە ئاسانی لەلایەن ئەمریکاو وڵاتانی خۆرئاواوە شیکار بکرێت و رەنگە کێشەکان بەو شێوەیە ئاسان نەبێت کە ئەمریکا بەتەنھا بتوانێت لەرێگەی سەربازییەوە ڕژێمی ئەو وڵاتە بگۆڕێت ،بۆیە ئەمریکا لەرێگەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانەوە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی و وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە ھەوڵی دۆزینەوەی دەرەتانێک ئەدات کە لەئەگەری شکستھێنانی جەنگی ئابوریدا بتوانێت ھێز گەلێک بەدەست بھێنێت بۆ روبەروبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ،

بەرلە ھەمو شتێک ئایا ترامپ مێژوی سەرۆکەکانی پێش خۆی دوبارە ئەکاتەوە یان ئەزمونی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی ئەوان وانەبەخشێک ئەبێت بۆی تا بتوانێت سنورێک بۆ حیسابە ھەژمونگەراییەکەی و پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی دابنێت کە بە بڕوای ئەوان مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ،لێرەدا ئەوەی گرنگ دەستنیشانکردنی پێشوەختی بڕیاردان نییە ،بەڵکو ئامادەباشی و توانای روبەروبونەوە و بەرگری ھەردو وڵاتە لە ھاتنە کایەی ھەر پێشھاتێکدا کەکامیان ئەگەیەنێتە خاڵێکی بەھێز ،ئێرانێکی دەسەڵاتداری ناوچەکە کە بەپێی قۆناغەکان لە بەھێزیدایە یان سیاسەتەکانی ترامپێکی جیاوازتر لەسەرۆکەکانی پێشوی خۆی ؟.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.