پارتی و پەیوەندییەکانی ساواک

لەلایەن ستاندار Posted on 373 جار بینراوە

دانا مه‌نمی

گەلێک شت ھەن دەبن بە مێژوو، ڕووداو بەسەرھات ، داستان ، چیرۆک ، شەڕو ئاشتی ، داھێنان . ھتد ،ھەندێک لەو ڕووداوانە دەبنە سەربەرزی و ھەندێکیش مرۆڤ شەرمەزار دەکات ، دواتر سڕینەوەشیان ئاسان نابێت ، چونکە مێژوو دڵ ڕەقەو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوە ،ھەموو ئەو سەرچاوانەی کە لە مێژویان کۆڵیووەتەوە لەسەر ئەوە کۆکن ” ئامانج لە خوێندنەوەی مێژوو پەند وەرگرتنە” ڕاڤەکردنی ئەو مێژووە بۆ ئاوردانەوەی ڕابردووو ڕاستەڕێ کردنی ھەنگاوەکانی ئایندەمانە، قسەکردن لەسەرمێژوو بۆخۆی پەند وەگرتنە لە ھەڵەی نەتەوەو سەرکردەو حیزبەکان کە ئەگەر ناتەباو ناکۆک بوون ئێمە یەکڕیزو تەبا بین ،ئەگەریش لە بن شیعاراتی نەتەوەیدا خەریکی دروشم بازی بوون و خزمەتیان بە ڕژێمێکی تر کردووە دژ بە نەتەوەکەی خۆیان ئەوا ساغبکرێتەوەو توێژینەوەی لەبارەوە بکرێت .

مێژووی پارتی ڕووداوی سەیر سەیری لەخۆگرتووە ،لەھەندێک وێستگەدا خیانەتکارو ناپاک دەکاتە قارەمان و نیشتیمان پەروەر، بەڵام دوای ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو دەبینین ئەوەی لە ئێمەیان گەیاندووە تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە ،چونکە مێژویان شێواندووە و ڕاستییەکانیان کردووە بە ژێر لێوەوەو بەپێی بەرژەوەندی خۆیان مێژویان نوسیووەتەوە ، گرنگە مرۆڤ بە دوای بەڵگەو سەرچاوەی جۆراو جۆر بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بگەرێیت بۆ ئەوەی ئایندەی مێژومان لێڵ و ناڕۆشن نەبێت ،مێژووی پارتی پڕە لە چیرۆکی بە شۆرشگیر ناساندنی خیانەتکارو ناپاک ، پارتی جەماوەرێکی بێدەنگ، بێھەڵوێست و ملکەچپێکراوی پەروەردە کردووە ، واتە کوت و کوێرو نابینان بەرامبەر لاپەڕەکانی مێژووی پارتی کە لە ھەندێک وێستگەدا زیانی زۆری بە بزوتنەوەی شۆرشگیری کورد و دۆزە رەواکەی گەیاندووە.

ھەرچەندە پارتی دەیەوێت فایلی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەزگای ساواک و شەھید کردن و ڕادەستکردنی پێشمەرگەو سەرکردەکانی حیزبی دیموکرات بە ساواک و فایلی کەرەج ‌ دیزە بە دەرخۆنە بکات، کەچی واقیعی حاڵ ھەر زوو دەمامکی پارتی ھەڵدەماڵێت و ڕووی ڕاستەقینەی بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەبێت ، زیاتر لە دەیەیەک و نزیک بە دوو دەیە پارتی لەبەرگی کوردایەتیدا بە ناوی قیادە مووەقەتەوە خۆی بۆ ساواکی حەمەرەزاشای ئێران یەکلایکردبویەوە و وەکو مێشە ھەنگ پورەیان دابوو بە ساواکەوە دژ بە دیموکرات و دکتۆر قاسملوو یان ھەر ھێزێکی ترلە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەجەنگان و ئاویان دەکردە ئاشی دوژمنەوە ،نزیکبونەوەی دەزگای جاسوسی ساواک لە قیادە مووەقەتەی پارتی بۆ دژایەتیکردنی و بەرتەسککردنەوەی جموجۆڵ و چالاکی سیاسی و سەربازی ھەر جوڵانەوەیەکی شۆرشگێری بوو لە رۆژھەڵات .

لەبەڵگەنامەکانی ویکیلیکس دا کە پشتی بە ئەرگۆمێنتەکانی C.I.A و حکومەتی بەریتانیاو ئەڵمانیاو ڕوسیاو ساواکی ئێران بەستووەو تێیدا ھاتوەو دەڵێت “ڕێکخراوی ساواکی حەمە ڕەزا شای ئێران لە ساڵی ١٩٧٥ لەسەروبەری ئاشبەتاڵەکەی پارتی پارەیەکی زۆری داوە بە سەرکردایەتی شۆرش و بەتایبەت مەلا مستەفا و پارەکەش شەنتێکی بۆ شۆرش و کوردایەتی خەرج نەکراوە ، ئەم پەیوەندییانەی پارتی و مەلا مستەفا لەگەڵ دەزگای ساواکی حەمە ڕەزا شای ئێران بە جۆرێک نزیک دەبنەوە کە لەسەر حیسابی دەزگای ساواک لە کەرەج خانوویەکی ٨٠٠ ھەزار توومەنی لەو کاتەدا بۆ دەکردرێت، ھەڵبەت ھەوڵەکانی پارتی بۆ خزمەتکردنی ساواک ھەندێک جار سەرکەوتوو بووە لە ڕاوەدوونانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانی رۆژھەڵات و ھەندێک جاریش بە ھەوڵی خەمخۆرو دڵسۆزانی دۆزی کورد لە ڕۆژھەڵات پارتی تووشی شەرمەزاری دیوەخانەکەی ساواک بووە ، یەکێتی لەو سەردەمەدا وەکو ھێزێکی نوێ و بیرێکی نوێی شۆرشێکی نوێی زیندوو کردەوە کە پارتی جاری ئاشبەتاڵی لێدابوو لەکەرەچ خزمەتکاری ساواکی حەمە ڕەزا شای ئێرانی دەکرد .

خدر مەرەسەنە نامەبەری مەلا مستەفا بووەو یەکێکیش بوو لە سەرکردە باڵاکانی حیزبی دیموکرات دوای جیابونەوەی لە دیموکرات لەلایەن دەزگای ئەیلولی پارتییەوەبە پلەی موقەدەم خانەنشین دەکرێت ، بەڵام ناوبراو بەھۆی ڕەخنە گرتنەوە پارتی نانبڕاوی دەکات ، خدر مەرەسەنە لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ڕۆژنامەی ھاوڵاتی دا باس لە ناکۆکییەکانی ناوەڕاستی شەستەکان لەناو پارتی وخیلافاتی نێوان مەلا مستەفا و مامۆستا برایم ئەحمەد و مام جلال دەکات کە بەھۆی ناکۆکییەکانی جەلالی و مەلاییەوە شۆرش دوو لەت بووەو پارتی و مەلا مستەفا بەلای رژێمی شاو ساواکدا شکانەوەو دەستێکەڵکردنی پارتی لەگەڵ دەزگای ساواک حیزبی دیموکراتی کردە قوربانی و تێکۆشەرانی وەکو ( فایەق موعینی مەلا ئەحمەدی وەردی و ساڵح لاجانی خەلیل شەوباش ) و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی ھاوشیوەی ( سدیق ئەنجیری ) پارتی شەھیدی کردن .

مەراقی گەورەی پارتی لە کوردستاندا وەکو مونەزیری فاشیزم ئەوەیە کە گومان دەخاتە سەر پەرێزو رابردووی ھەر حیزب و لایەن و کەسایەتییەکی سیاسی کە ھاوئاوازی خۆی نەبیت ، لەکاتێکدا بۆخۆیشی خاوەنی ڕابردوویەکی تەڵخ و پەرێزی ھێندە خاوێن نییە کە کوردایەتی و شۆرش بە خەڵکی تر بفرۆشێتەوە ، پارتی دەیەوێت خەڵک بەرەو نامۆبوون لە ناو فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرێت و بێ ئومێدیان بکات لە حیزب و ھێزو لایەنی تر ، پارتی وەکو ھێزێکی فاشیزم گرێیەکی دەرونی قورسی لەگەڵ فکرو مەعریفەدا ھەیە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.