چاکسازی لە سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆو پەیمانگاکان لەبەر ڕۆشنایی چەند خاڵێک دا:

لەلایەن ستاندار Posted on 419 جار بینراوە

ئەندازیار: سەعدی مستەفا خۆشناو

ووردی و بەهێزی وچۆنایەتی لە سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆو پەیمانگاکان بە یەكێك لە گرنگترین پڕۆسەكانی بەرەو پێش چوونی سەرجەم كەرتەكانی تری كۆمەڵگا دادەنرێت، چونكە پڕۆسەی دیاریكردنی داهاتوی تاكی قوتابی و خوێندكارە بۆ ڕۆڵ بینین و ڕۆڵ پێدان لە كۆمەڵگاکەیدا.

چەند ساڵێک پێش ئێستا سیستەمی وەرگرتن لە ڕێگای پڕكردنەوەی فۆڕمی هەڵبژاردنی دەستی بوو كە ئەوكات هەم ژمارەی قوتابی و خوێندكار بەو ڕێژەیەی ئێستا نەبوو هەمیش بەش و پسپۆڕی زانكۆو پەیمانگاكان بەم شێوە زۆرە نەبوو ، بۆیە بە ئەلیكتڕۆنیكردنی ئەو سیستەمە بە یەكێك لە كارە باشەكانی کەرتی زانکۆو پەیمانگاکان دادەنرێت، بۆئەوەی ماوەی پێشكەشكردن و دەرچوونی ناو لە زانكۆو پەیمانگاكان كەم بكرێتەوە لەلایەك، لەلایەكی تریشەوە شەفافیەت بەرپا بێت لەو پڕۆسەیەدا ، هەروەها سیستەمی وەرگرتنی تایبەت (قبول خاص) نەمێنێت، كە چەند ساڵێک پێش ئێستا بە ئاشكرا كاری پێدەكرا.

لە سۆنگەی دڵسۆزیم بۆ ئەو بوارەو بە ئومێدی ئەوەی چیتر قوتابیان و خوێندكاران نەبنە قوربانی كە ساڵانە بە هەزارەها دەرچووی پۆلی (١٢) ی ئامادەیی دەبنە قوربانی ،هەروەها هەزارانیان بێبەش دەكرێن لە وەرگرتنیان لە زانكۆو پەیمانگاكان، لەبەرامبەریشدا زانکۆ و پەیمانگا ئەهلیەکان ساڵانە رەواجی زیاتریان پێدەدرێت.
بۆیە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە لە پرۆژەیەکدا بە پێویست دەزانم ئاماژەیان پێبكەم، بەڵکو رۆژێک دابێت لایەنی پەیوەندیدار سوودی لێببینن.

١- پێویستە فێرخواز لە پۆلی 12 و لەکاتی دەوامدا چەند سیمینارێکی بەسوودی پێ بدرێت دەربارەی سیستەماکانی وەرگرتنی لە زانكۆو پەیمانگاکان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی گونجاوترین پسپۆری، هەروەها زانیاری دەربارەی هەڵسوکەوت و یاساو رێسای خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان.

٢- پێویستە سەرپەرشتی كردنی پڕۆسەی دابەشكردنی قوتابی و خوێندكار بەسەر زانكۆو پەیمانگاكان لەلایەن چەند كەسێكی شارەزاو لێهاتوو سەرپەرشتی بكرێت تا بەشێوەیەك کار بکەن زۆرترین قوتابی و خوێندكاری دەرچووی پۆلی (١٢) ی ئامادەیی جێیان بۆ بكرێتەوە لە زانكۆو پەیمانگا حكومیەكان بە بێ بەرامبەر، بەڵام بەهێشتنەوەو بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن.

٣- پڕۆسەی ئەلیكتڕۆنی سیستەمەكە ئاسان بكرێت بۆئەوەی قوتابی و خوێندكار بۆخۆی لایەنی تەكنیكیەكەی ئەنجام بدات، پێویستی بە ناوەند و شوێنی بازرگانی نەبێت كە بەداخەوە زۆرجار ئەوشوێنانە بونەتە هۆی نەهامەتی و كێشە بۆ قوتابیان و خوێندكاران.

٤- پێدانی ڕێنمایی و بڕیاری نوێ لە دەستپێكی سەرەتای ساڵی خوێندن دەبێت ، نەوەك لە كۆتایی ساڵ و دوای تاقیكردنەوەكان ڕێنمایی و بڕیاری نوێی وا بدرێت بە قوتابیان كە دواڕۆژی پسپۆڕی زانكۆو پەیمانگاكانی پێوە بەند بێت، نمونەش ئەو سیستەمەی پارساڵ بوو كە قوتابی و خوێندكاری پێوە سەرقاڵ و نیگەران بوو، كە بە (./.٧٠) بە (./.٣٠) ناسراوبوو ، بۆیە پێویستە ئەو ڕێنماییە نوێیانە پشتی بەستبێت بە توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی زانستی.

٥- پێویستە ڕێنمایی و لیستی زانكۆو پەیمانگاكان بەشێوەی نامیلكە لەدوای تاقیكردنەوەكانی سەری ساڵ بدرێتە قوتابی و خوێندكاران بۆئەوەی جوان بیخوێننەوەو لە مەرج و ڕێنماییەكان باش تێبگەن ، نەك وەک ساڵانی پێشوو،
كە بە (pdf) لە ئینتەرنێت بڵاودەكرایەوە، ئەویش لە كاتێكی درەنگ.

٦- ڕوونی ڕێنماییەكان بەشێوەیەك بێت كە قوتابیان و خوێندكاران بەئاسانی لێی تێبگەن.

٧- جگە لەو ڕێنماییانەی كەلە ڕێبەری وەرگرتن دا هاتوە كار بە ڕێنمایی تر نەكرێت، بە نمونەش لەساڵی رابردوودا، وەرنەگیرانی قوتابیان و خوێندکاران لەزۆرێك لە كۆلێژەكان بۆ قوتابیانی دانیشتووی دەرەوەی پارێزگاکان ، كە بەهیچ جۆرێك لەڕێنماییەكان دا نەهاتبوو.

٨- سیستەمی وەرگرتنی مەرجدار بە چاوپێكەوتن ودیتن ، لە ڕێنماییەكانی ڕێبەری زانكۆو پەیمانگاكان بەڕوونی ئاماژەیان پێبكرێت، پێش دەست پێكردنی ماوەكەی پێویستە ڕێبەرەكە گەیشتبێتە بەردەستی قوتابیان و خوێندكاران.

٩- لە سیستەمی كریدیت تەنها ئەو وانانە نمرەیان لەسەر بێت كە بەڕاستەوخۆیی پەیوەندیان بەبەش و پسپۆڕی زانكۆو پەیمانگاكانی هەڵبژێردراو هەبێت.

١٠- سیستەمی وەرگرتنی پارالێل نەمێنێت ، ئەگەر بشمێنێت با تایبەت بكرێت بەو قوتابیانیەی كە تەمەنیان گەورەیە، ڕێژەی وەرگرتنەكەش كەم بكرێتەوە ، كە بەداخەوە لە ساڵی رابردوودا ڕێژەكەی لە هەندێك كۆلێژ و پەیمانگا دەگەیشتە (٥٠./.) ی كورسیەكانی خوێندن ، ئەگەر ڕێژەكەش هەرزیاد دەكرێت بۆئەوەی زۆرترین قوتابی جێبكرێتەوە ، با بینایەی نوێ و ستافی كارگێڕیی و مامۆستای تایبەت بە خۆیان هەبێت ، چونكە ناكرێت بەهەمان هۆڵ و بینایەی جاران و ستافی كارگێڕیی و مامۆستای جاران بێی بەشێكی زۆری كورسیەكان جیابكەیەوە بۆ قوتابیان و خوێندكارانی دەوڵەمەند ، هەروەها كەم كرنەوەی نرخی ساڵانەی خوێندنیان.

١١- ئەو مەرج و ڕێنماییانەی كەلە ڕێبەر داهاتوە پێویستە لە سیستەمەكە جێبەجێ بكرێت كاتێك كە قوتابیەكە بەش و كۆلێژەكان دەست نیشان دەكات تەنها ئەو بەشانەی بەردەست بێت كە لەگەڵ مەرجە تاییبەتیەکانی قوتابیەكە گونجاوە، كە بەداخەوە لە ساڵی رابردوودا لەلایەن سیستەمەكەوە هیچ حیسابێك بۆ مەرج و ڕێنماییەكانی هاتوو لە ڕێبەری نەدەكرا،
بۆ نمونە قوتابیەك ئەگەر نمرەكەی لە (٥٠ بۆ ٦٠) بوایە دەیتوانی كۆلێژە نمرە بەرزەكان دەست نیشان بكات ، كە زۆرجار فێرخوازەکە دەچێت هەموو كۆلێژ و پەیمانگا نمرە بەرزەكان دەست نیشان دەكات و دواتریش ناوی لە هیچ شوێنێك ناگەڕێتەوە.

١٢- پێویستە خوێندنی ئێواران بایەخی زیاتری پێبدرێت بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی حەزیان لێیە كۆلیژ و پەیمانگایەكی وابەستە بە حەز و خولیای خۆیان تەواو بكەن، لەبەرامبەر بڕە پارەیەكی کەم لە قوتابی و خوێندکارەکە وەربگیرێت، وە پێویستە ستافی بەرێوەبردن و مامۆستای تایبەت و بینای جیای خۆیان هەبێت.

١٣- پێویستە نرخی خوێندنی پارالێل وئێواران پێش كارابونی سیستەمەكە بڵاوبكرێتەوە ، یاخود لە ڕێبەری چاپكراوی بەردەستی قوتابیان بەڕونی نرخەكانیان دیاریكراوبێت ، نەك وەك ساڵی رابردوو، کە بەهیچ شێوەیەک چ لە سەرەتا و چ لە کۆتایی پرۆسەکە نرخی خوێندن لە زانكۆو پەیمانگاكانی پارالێل ئاشكرا نەكرابوو، كە ئەوەش قوتابیان و خوێندکاران توشی دڵەڕاوكێ دەكات لەنێوان هەڵبژاردن و هەڵنەبژاردنی ئەوجۆرە سیستەمە.

١٤- دوای هاتنەوەی ناوی قوتابیان و خوێندکاران ئەوانەی حەزناكەن لەوشوێنەی لێی وەرگیراون بخوێنن پێویستە مافی پێشكەشكردنی فۆڕمی دابەزین (تنازلیان) هەبێت بە مەرجی تایبەتی خۆی، كە بەداخەوە لە ساڵی رابردوو لە ڕێنماییەكان هاتبوو، كە بەشەكانی پارالێل و سیستەمی كریدیت ناتوانن دابەزین بكەن لەوشوێنەی لێی وەرگیراون.

١٥- ئەوپەڕی كارئاسانی بكرێت لە مەرج و ڕێنماییەكان بۆ قوتابیان بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆو پەیمانگا حكومیەكان ، نەوەك بە پێچەوانەوە ، كە گومان دروست ببێت لەلایەن قوتابیان و خوێندكاران ، كە كاربەدەستان و بەرپرسان ڕێككەوتنی ژێر بە ژێریان هەبێت لەگەڵ زانكۆو پەیمانگا حكومیەكان بۆئەوەی بازاڕی زانكۆو پەیمانگا ئەهلیەكان گەرم بكرێت ، كە ئەو گومانانەش زیاتر لەوەوە دروست بوە كە هەندێک رێنمایی کۆنکریتی لە ڕێنماییەکانی وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران دا هاتبوو.

۱٦ـ  بە ئالیەتێک پرۆسەی وەرگرتنی فێرخواز لە زانکۆ و پەیمانگا ئەهلیەکان رێکبخرێت لەگەڵ زانكۆو پەیمانگا حكومیەكان، چونکه ساڵانە فێرخوازێکی زۆر شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن لە زانكۆو پەیمانگا حكومیەكان و دەچنە زانکۆ و پەیمانگا ئەهلیەکان و شوێنەکەشیان پرناکرێتەوە بە فێرخوازی تر لەبەرامبەریشدا فێرخوازێکی زۆر لەبەر کەمی نمرەکانیان وەرناگیرێن.

۱۷- لەکاتی پێشکەشکردنی هەڵبژاردەی زانکۆو پەیمانگاکان،
فێرخواز مافی ئەوەی هەبێت لەو ماوەی کەدانراوە ئەگەر هەڵبژاردەکەی پێشکەشکردو دواتر بەدڵی نەبوو پەشیمان بوویەوە تا 2 جار بۆی هەبێت دووبارە بگەرێتەوە بۆ دەستکاریکردن و رەتکردنەوەی پێشکەش کردنەکەی.

۱٨- چاوخشاندنەوە بەوەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگا ئەهلیەکان و بازرگانی نەکردن بە فێرخوازان لەسەرحسابی پەروەردەو فێرکردن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.