ھێرش فەقێ حسن: بێدەنگی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ھەرێم گومانی ئەوەی لێدەکرێت رێککەوتنی نھێنی لەگەڵ تورکیا کرابێت، کە نامرۆڤانە خەڵکی مدنی دەکوژێت

لەلایەن ستاندار Posted on 401 جار بینراوە

دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ستانده‌ر

ھێرش فەقێ حسن ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی سەوز لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا ھەلوێستەکانی حکومەت بەرامبەر بە بۆردومانەکانی تورکیا بە لاواز و شەرمنانە وەسف دەکات و دەلێت ( خەڵکی گوندەکانی بناری قەندیل و ناوچە سنوریەکان بۆ ئەوە لەو ناوچانە نین کە پاڵپشتی پەکەکە بکەن، بەڵکو خەڵک لەسەر زێدی خۆی بۆ بژێوی و پەیداکردنی نان و برەودان بەژیان لەو ناوچانەن).
گفتوگۆی: ئامانج احمد
ڕووداوی بۆردوومانی زارگەڵی و پێچەکانی چیای کورتەک و کۆمەڵکوژییەکەی کورتەک لە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٩ و ڕووداوەکەی دەڤەری سیدەکان و سنووری شیلادزێ و ئامێدی و ھەموو ئەو ڕووداوانە ھیچ دەنگێک ھیچ نیگەرانی و ناڕەزایەتیەک دژی دەرنەبڕدرا، ئەوەی وتراش دوای دوو ڕۆژ شەرم ھێنەربوو، نەک ئیدانە، وە مێژووی خوێنڕژانی کورد دووبارە دەبێتەوە، ئەوە بۆچی بەسەر کورد دیێت؟ بۆچی تاکو ئێستا سێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم بەڕەسمی ئیدانەی بۆمبارانەکەی سەر ھەرێمی نەکردووە؟
ھێرش فەقێ حسن : سەرەتا پرسە و ھاوخەمی خۆمان بۆ خزمان و بنەماڵەی کاک (عەبدوڵڵا مینە ئاڵی) و تەواوی قوربانیانی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین. کە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەھیدکران و کۆمەڵکوژ کران، لە کۆتا جاردا بووە ھۆی شەھیدبوونی سێ ھاوڵاتی و برینداربوونی پێنجی تر، کە ھەموویان ئەندامی یەک خێزانن.
لەدوای ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ وە، ئازادکردنی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان، بەردەوام وڵاتە دراوسێیەکان و دووژمنانی کورد بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، تاکو ئێستاش بەردەوامە بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی نامرۆڤانە بە قوڵایی چەندین کیلۆمەتر لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان بۆردوومانی ھاوڵاتیان و خەڵکی ناوچە سنوورییەکان دەکەن، کە بووەتە ھۆی شەھید و برینداربوونی چەندین ھاوڵاتی بێ گوناح لە ناوچە سنورییەکان لە زێدی باب و باپیرانیان. ئەوانە بۆ سیاسەت و پاڵپشتی لە پەکەکە لەم ناوچانە ناژین، بەڵکو بۆ بژێوی ژیان لەم ناوچانە خزمەتی ڕەز و باخ و کێڵگەکانی خۆیان دەکەن. بەداخەوە تاکو ئێستا سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم بەڕەسمی ئیدانەی ئەم کارە نامرۆڤانەیان نەکردووە، ھەرچەندە حکومەتی ھەرێم ئیدانەی کرد، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانی زۆری بۆردوومانەکان و خوێنی بەناحەق ڕژاوی ھاوڵاتیانماندا نەبوو، ھیوادارم کاری جدی لەسەر بکەن و تەنھا ئیدانەکردن نەبێت. کە من سستی و بێدەنگی دەسەڵاتەکانی ھەرێم بەچەند ھۆکارێک دەبەستمەوە:
١- بەداخەوە تاکو ئێستا ناوماڵی کورد یەک نییە دژایەتی و پەرتەوازەیەکی زۆر لەناو دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمدا ھەیە، نەبوونی پەیوەندی پتەوی ناوخۆیی و، نەبوونی پەیوەندی لایەنی پارچەکانی تری کوردستان وایکردووە کە نەتوانرێت ختابێکی سیاسی یەکگرتوومان ھەبێت کە ھیواکانی میللەتی ستەمدیدەی کوردی لەسەر ھەڵبچنین و پارێزگاری لە خاک و میللەتی خۆمان بکەین، بتوانین ڕوئیایەکی ڕوونمان ھەبێت کە زیان بە بەرژەوەندی میللەتەکەمان و ھاوڵاتیانمان نەگات.
٢- ناکۆکی بەردەوامی نێوان حکومەتی ھەرێم و ناوەند، کە ئەمەش وادەکات دەسەڵاتدارانی عێراق بەلایانەوە گرنگ نەبێت کە سنوورەکانی ھەرێم بۆردوومان دەکرێن.
٣- ڕاستە پەکەکە حزبێکی خەباتگێڕی باکوری کوردستانە، خەبات لەپێناو بەدەستھێنانی مافەکانی کورد لە باکوری کوردستانی بن دەستی تورکیا دەکەن، بەڵام پێویستە ئەوانیش باروودۆخی ھەستیاری ھەرێم و ھاوڵاتیانی ناوچە سنوورییەکان لەبەر چاو بگرن، خاکی ھەرێم نەکەنە چەقی ململانێکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ھەرچەندە مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت کە لە ھیچ سەردەمێکدا دەوڵەتی تورکیا دۆستایەتی کوردی نەویستووە و تەنانەت بە ناوھێنانی وشەی کوردستان نیگەرانە. ئەوان دووژمنی میللەتی کوردن تەنھا بەدوای بەرژەوەندییەکانیانەوەن، بەڵام لەھیچ حاڵەتێکدا دۆخی ئێمە ئەوە ھەڵناگرێ بیانوو بۆ داگیرکەران بدەین بە دەستەوە.

پ/ نابێت پەرلەمانی کوردستان لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی قەندیل بێتە دەنگ؟
ھێرش فەقێ حسن : بەڵێ پێویستە پەرلەمان بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە نامرۆڤانەیە بکات، لەبەرئەوەی پەرلەمان نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات، ئێمە خاک و میللەتمان لەژێر بۆردووماندایە، ناکرێت خوێنی ھاوڵاتیانی خۆمان بەلاوە گرنگ نەبێت، پێویستە ھەڵوێستی جدیمان ھەبێت وەکو پەرلەمان کاربکەین لەماوەیەکی نزیکدا ئەم بۆردوومانانە ڕابگرین و پارتی کرێکارانی کوردستانیش چالاکییەکانی لە سنووری ھەرێمی کوردستانەوە بوەستێنێت. بێدەنگبوونی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتیش وادەکات ھاوڵاتی ھیچ ئینتمای نیشتمانی نەبێت، متمانەیان بە وڵات و سەرۆکایەتییەکان نەمێنێت. ئەمەیە وادەکات گەنجانمان بەلێشاو خاکی کوردستان جێدەھێڵن و کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەیەک کە پارێزگارییان لێ بکات و مافەکانیان فەراھەم بێت. لە سۆنگەی بێدەنگی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمەوە دەکرێت گوومان لای بەشێکی زۆری ھاوڵاتییان درووستبێت کە ڕێککەوتنی پێشوەختە ھەبێت ڕێگەدرابێت دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی نامرۆڤانە بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان بکات دوور لە ھەموو بەھا مرۆڤایەتییەکان.

پ/ پێتان وایە حکومەتی ھەرێم نێوەندگیری لەنێوان پەکەکە و تورکیادا بکات لانی کەم بۆردوومانەکان بوەستێنێت؟
ھێرش فەقێ حسن : بەڵێ بێگومان وەستاندنی بۆردوومانەکانی ناوچە سنوورییەکان بەھەر ھۆکارێک بێت کارێکی زۆر باشە و خزمەت و پاراستنی ھاونیشتیمانیانمانە، گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن سەرچاوەی چارەسەری ھەموو کێشەکانە. چەندین کاولکاری گەورە لە ئەنجامی شەڕدا بەسەر مرۆڤایەتیدا ھاتووە تەنھا بە گفتوگۆ توانراوە کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەم شەڕ و بۆردوومانانەی ئێستاش لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا تەنھا بەگفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، شەڕ جگە لە کاولکاری ھیچ ئەنجامێکی نابێت. ناوەندگیری حکومەتی ھەرێم کارێکی باشە وە دەوڵەتی تورکیا بەم ھەموو ئیکانیەتەی لەبەر دەستیەتی نەیتوانیوە سوود لە جەنگ ببینێت، دەکرێت بڵێین شکستە یەک لەدوایەکەکانی ئەکەپە لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەشێکی زۆری بۆ ئەم سیاسەتی شەڕانگێزییەی دەگەڕێتەوە، بۆیە ھیوادارم ھەرسێک سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم بە پشتیوانی حکومەتی ناوەند ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە وەستاندنی بۆردوومانەکان لە خاکی کوردستان.

پ/ یاسایەک ھەیە کە دەبێت بنکە و بارەگاکانی تورک بڕۆن لە کوردستان بۆچی تاکو ئێستا پەرلەمان لەم یاسایەی نەپرسیوەتەوە یاخوود بانگھێشتی سەرۆکی حکومەت بکەن؟
ھێرش فەقێ حسن : ڕێککەوتنێکی حکومەتی عێراق و تورکیا ھەیە لە ساڵانی ھەشتاکان لەکاتی نائاسایدا ھەردووک وڵات بۆیان ھەیە بە قووڵایی ٢٠ کم بێنە ناو خاکی یەکتر، دیارە تورکیا ئەم ڕێککەوتنەی زۆر زیاتر لە حەددی خۆی بەکارھێناوە، کە بە سەدان کیلۆمەتر دەبەزێنێت. حکومەتی ھەرێم ناتوانێت ڕێگری لەم سنووربەزاندنە بگرێت، بەڵکو پێویستە حکومەتی ناوەند لە ڕێگەی پەیوەندییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشەوە ڕێگە لەم سنووربەزاندنە بگرێت. ئێمە وەکو خولی پێنجەمی پەرلەمان متمانەمان بەم کابینەیە نەداوە ناتوانین لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەین لەگەڵ ئەوەی ماوەکەی بەسەرچووە، لە داھاتووشدا ئەگەر کارێکی لەم شێوەیە بکرێت پێویستە ڕێژەی یاسایی دەنگی پەرلەمانتاران کۆبکەیتەوە بەمەبەستی بانگھێشتن و پرساندن لەسەر کابینەی حکومەتی ھەرێم.

پ/ حکومەتی عێراق لەم بۆردوومانانە ئاگادارە؟ ئەگەر ئاگادارە بۆچی بێدەنگە؟
ھێرش فەقێ حسن : حکومەتی عێراقی بێگومان ئاگادارە، وە ھۆکاری بێدەنگییەکەش دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی لەگەل تورکیا و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە لەکاتی شەڕی داعشدا کاتێک سوپای تورکیا لە ناوچەی شەنگال ویستی لە سنووری سووپای عێراق نزیک بێتەوە زۆر بەتوندی ئاگادارکرایەوە کە سەروەری خاکی عێراق پێشێل نەکات بەبێ ڕێککەوتن و ئاگاداری حکومەتی عێراقی.
بۆیە پێویستە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و دەسەڵاتدارانمان لە عێراق ئەم بابەتە بە جدی ئیشی لەسەر بکەن و لەڕێی ناوەندەوە چارەسەری کێشەکان بکرێت لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، دەستدرێژییەکان بوەستێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.