نامەیەکی کراوە بۆ ھەردوو بەڕێزان نێچیرڤان ومەسرور بارزانی

لەلایەن ستاندار Posted on 235 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

لەدەستپێکی ئەم نامەیەدا پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەردوو بەڕێزتان ئەکەم بەبۆنەی دەستنیشانکردنتان بۆ دوو پۆستی باڵای ھەرێمی کوردستان و وەرگرتنی ئەو بەپرسیاریەتیە گەورەیە لەقۆناغێکی زۆر ھەستیارداو، ھیوای سەرکەوتن بۆ ھەردوو بەڕێزتان ئەخوازم .

لەسۆنگەی ھەستکردنم بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە میللەتەکەم وەکو رۆشنبیرێک ، ئەمەوێ ئەم نامەیە بەراشکاوانە ئاراستەی بەڕێزتان بکەم و ھەندێ خاڵی گرنک بخەمە بەردەمتانەوە ، بەئومێدی ئەوەی بتوانم لەم رێگەیەوە خزمەتێکی گەلو نیشتمانەکەم بکەم .

بەڕێزان : خۆتان ئەزانن میللەتی ئێمە ساڵانێکی دوورودرێژ لەژێر جەورو‌ستەمی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی عیراق ئازارو نەھامەتی بێ ئەندازەی چەشتووە ، دەریایەک خوێنی لەپێناو ئازادی وسەرفرازیدا بەخشیوە ، ھیچ میللەتێکی تری سەر ئەم زەمینە بەقەدەر کورد نەچەوساوەتەوە ، برینەکانی ئەنفال وکیمیاباران تا رۆژی قییامەت سارێژ نابنەوە ، ئەم ھەموو قوربانیانەی میللەت شاییستەی ئەوەن دوای دەیان ساڵی نەھامەتی ومەینەتی بگەنە ئامانجی رەوای خۆیان ئەویش دابینکردنی ژیانیکی سەربەرزانەو شەڕەفمەندانەیە . بۆیە ئەمڕۆ دوای ئەم ھەموو ساڵە لەئازادبوونمان لەدوای راپەڕینەوە ، لەقۆناغێکی تازەی وەکو ئەمڕۆدا کە ئێوەی بەڕێز دوو پۆستی نوێ وەرئەگرن ، پێویستە ئاوڕێک لەداخوازی میلللەتەکەمان بدرێتەوەو کار بکرێ بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی گەورە رووبدات لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک .

بەڕێزان : ئەگەر ئاوڕێک لەدەورەپشتی خۆتان بدەنەوە ، بێگومان ئەبینن ، کەوا چەندین میللەتی ئەو دەوروپشتە بەھێزو بازووی خۆیان لەژێر سایەی کەسانی میللەتپەرست ودڵسۆزی وڵاتەکانیان، چەندین نمونەی جوانی ھەڵسانەوەیان تۆمار کردوە . ھەر لەنمونەی باشووری ئەفریقیاو سەرکردە مەزنەکەی نیلسۆن ماندیلاوە ، بۆ سەرکردەی مالیزیا مەھاتیر محمەد و، نیجوین فان لینی فێتنام و، لی کوانی سەنگاپوورو، محمد بن راشدی ئیمارات و،کاغامی رواندا و، دەیان سەرکردەی تری وڵاتان کە ھەر یەکەو لەشوێن خۆیەوە وڵاتەکانیان گەیاندە ترۆپکی پێشکەوتن وبوونە نمونەیەکی جوانی سەرکەوتن . ھەڵبەت ئەوانە گەورەییان لەوەدایە کە لەوڵاتێکی خاپووری وێرانە خاکەوە میللەتەکانیان گەیاندە ترۆپکی پێشکەوتنەوە .. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئێمەی کورد لەم ھەرێمەی خۆماندا ناتوانین سەرکەوتنێکی ھاوشێوەی ئەوانە بۆ خۆمان تۆمار بکەین ؟؟ . بۆچی لەناو کورددا وەکو ھەر میللەتێکی زیندوو کاراکتەری ھاوشێوەی ئەم پیاوە مەزنانە دەرناکەون ، کەشتی ئەزمونەکەمان بەرەو کەناری ئارام ببەن و ، ئێمەش نمونەیەکی جوانی خۆمان پیشانی دونیا بدەین ؟؟ .

ھەرێمی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە لەبواری سامانو ئابوورییەوە ، ئاوو خاکی بەپیت ، میللەتێکی رۆشنبیر ، ئیرادەیەکی بەھێز بۆ گۆڕانکاری ، بۆچی ناتوانێ وەکو میللەتانی دونیا پێشبکەوێ ؟؟.. ھەڵبەت ھۆکاری سەرەکی دواکەوتنی ئێمە لە نەبوونی ئیدارەیەکی تۆکمەو یەکریزیی ھێزە سیاسیەکانەوەیە ، کەواتە ئێستا لەھەر کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکریزییەکی راستەقیینە ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین لەھەموو بوارەکانی ژیانو بەڕێوەبردندا چاکسازی گشتگییر ئەنجامبدەین. لێرەوە و بەئومێدی ئەوەی ئێوەی بەرێز بتوانن لەم چوار ساڵەی لەپێشتاندایە لەئەرک و بەرپرسیارەکەتان سەرکەوتوو بن ، ئەم چەند خاڵە وەکو پێشنیار ئەخەمە بەردەم بەرێزتانەوە بۆ ئەوەی ببێتە دەستپێکی چاکسازییەکی راستەقیینەو گشتگییر کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەرکی داھاتوتان .

لەبواری ئیدارەدا :

– چەسپاندنی پرەنسیپی ( کەسی شاییستە لەشوێنی شاییستە ) کە ئەمە سەرەکیترین پێویستیەکانی سەرکەوتنی ھەر ئیدارەیەکە لەخواری خوارەوە بۆ سەرووی دەسەڵاتەوە .. ئیتر بەسە بەخشینی پۆست لەسەر ئەساسی وەلائی حیزبی و کوتلەبازی ودەستەگەری ، خۆ حزبەکانی کوردستان ئەوەندە ئەندام وسەرکردەیان زۆرە ، کە ئەتوانن باشترین کەسایەتی خۆیان ھەڵبژێرن بۆ پۆستە ئیداریەکانی حکومەت ، بۆچی ئەبێ کەسانی شارەزاو ئەکادیمی و چیینی گەنجان لەپۆستەکان دوور بخرێنەوە . ئەگەر ئێوە سەیری ئەزمونی گەلان بکەن ئەبینن کەسایەتیەکی گەنجی وەکو ئیمانویل ماکرۆن و جاستن ترودۆ وجاسیندا ئوردرنی نیوزیلندا چۆن و بەچ حەماسێکەوە خزمەتی وڵاتەکانیان ئەکەن و گەیشتونەتە چ ئاستێکی خۆشەویستی میللەتەکەیان .

– بنەبڕکردنی گەندەڵی ئیداری لەسەرتاسەری جومگەکانی دەسەڵات . ئەوەی تا ئێستا کراوە با لێرەدا بوەستینرێ . بیستوھەشت ساڵە گەندەڵی لەم ھەرێمەدا وەکو دیاردەیەکی ترسناک خۆی بەسەر ئیدارەی حکومەتدا فەرز کردووە، ناتوانم داوای لەسێدارەدانی ھەمو ئەو تاوانبارانەی گەندەڵیتان لێبکەم ، بەڵام ئەتوانم داوای ئەوەتان لێبکەم ئیدی لێرەوە بیانوەستێنن . بەسە ئەو ھەموو ملیاران دۆلارەی چۆتە گیرفانی بەشێکی بچووکی ئەم ھەرێمەو زۆربەی زۆری میللەتی لێ بێبەشکراوە . کاتی ئەوە ھاتووە خەڵکیش بەشێکی ھەبێت لەسامان و خێروبێری وڵاتەکەی خۆی ، چونکە ھەر ئەوانن بەیانی لەھەڵبژاردنەکاندا فریاتان ئەکەون .. بێبەشکردنی میللەتیش سنوری خۆی ھەیە، ئیتر بەسە برسیکردنی میللەت بۆ تێرکردنی دەستوپێوەند .

– ئیمەی میللەتی کورد دەیان ساڵی خەباتمان لەپێناو ئازادیدا بووە ، سەدان ھەزار قوربانیمان لەم پێناوەدا داوە ، کە بەشێکیان لە ئێوەش بوونە ، دەیان ساڵە بەم شاخانەوە بوین لەپێناو ئازادیدا ، چۆن ئەبێ ئێستاو دوای بیستوھەشت ساڵ لەسەربەخۆیی ئازادیەکان تەسک بکەینەوە ؟ چۆن ئەبێ خەڵکانی رۆشنبیری ئەم وڵاتە لەسەر رادەربڕین بدرێنە بەرشەق وبخرێنە کونجی زیندانەوە ؟. چۆن ئەبێ رۆژنامەنوس بکوژرێ لەسەر بابەتێکی نوسینەوە ؟ . کۆمەڵگەی تەندروست خەڵکانی رۆشنبیر دروستی ئەکەن ، چۆن ئەبێ ئەوانە کە پێشەنگی ھەر کۆمەڵگایەکن لەناو ببرێن ئازادییان زەوت بکرێ ؟؟ ئەی کێ بەرپرسیاریەتی بونیاتنانی کۆمەڵگە لەئەستۆ بگرێ؟؟ .رۆڵپێدان بە کەسانی رۆشنبیرو گوێگرتن لێیان بەشێکە لەبونیادی کۆمەڵگە ، ئەگەر ئەمانە بچەوسێنرێنەوە وڵات ئارامی بەخۆیەوە نابینێ، بەتایبەتیش لەم سەردەمەدا فەزا کراوەیەو ھەواڵ بە چرکەیەک بەسەر دونیادا بڵاو ئەبێتەوە، ئیدی بەسە پێشێلکارییەکانی ھەرێم ببێتە مانشێتی گەورەی ناو راپۆرتە نێودەوڵەتیەکانەوە ، با لەوە زیاتر سومعەی ھەرێمەکەمان لەکەدار نەبێت .

– سەروەری یاسا یەکێکە لەکۆلەگەکانی ئۆقرەیی و ئارامی وڵات ، بۆیە پێویستە بەفیعلی و بەشێوەیەکی راستگۆیانە رێز لەسەروەری یاسا بگیرێ .حزب دەست ‌نەخاتە ناو کاروباری دادگاوە . تاوانکاران لەسزای یاسایی لەبەر ھەندێ ئیعتباراتی حزبی نەبەخشێنرێن ، یاسای لێبووردنی گشتی کۆتایی پێ بێنن ، با تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن ، چونکە لە غیابی یاسادا ، یاسای جەنگەڵ حوکم ئەکات ، ئەو کاتەش وڵات ئەبێت بەجەنگڵستان ، ئەمەش کۆتایی ھەر میللەتێکە .

لەرووی ئابوورییەوە :

– پێویستە لەئێستاوە کار بۆ ئەوە بکرێ ئابووری ھەرێمەکەمان ھەمە چەشنە بکرێ ، تەنھا پشت بەسامانی نەوتەوە نەبەسترێ . تا چەند ساڵێک پێش ئێستا ھەولێر گەنمی ھەموو عیراقی دابین ئەکرد ، میوەو سەو‌زەی گوندەکانمان بەشی ھەموو دانیشتوانی ھەرێمی ئەکرد ، ئێستا کشتوکاڵی لە خواری خوارەوەی گرنگیپێدانی حکومەتە، ئەمەش لەکاتێکدایە سامانی کستوکاڵ زۆر زۆرترە لەسامانی نەوت . ئەگەر نەتوانین بەروبومی کشتوکاڵی وەکو ساڵانی پێشتر ھەناردەش بکەین، خۆ ئەتوانین بایی پێویستی دانیشتوانان بۆیان دابین بکەین و، ئیدی ئەو ھەموو ملیاران دۆلارەمان نەچێتە گیرفانی بێگانەوە..

– لەرووی پییشەسازییەوە پێویستیمان بەوەبەرھێنانی تازەیە ، لەجیاتی ئەوەی ساڵانە ملیاران دۆلار لەھاوردەکردنی سەیارە سەرف بکەین ، با پرۆژەیەکی ستراتیژی گەورەمان ھەبێ بۆ دروستکردنی سەیارە لەناو ھەرێمدا . با کارگەی دروستکردنی تەلەفزیۆنمان ھەبێ . لەجیاتی ئەوەی موبەریدە لەئێرانەوە بێنین ، با بۆ خۆمان دروستی بکەین .. زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەم ساڵانەدا ھەستاونەتە سەر پێ ، ئاوا دەستیان پێکردوە ، بە ئیمکانیاتی ناوخۆوە پێداویستیەکانیان تەئمین کردووە .

لەرووی تەندروستییەوە :

– سێکتەری دەرمان گەندەڵترین سێکتەری کەرتی تەندروستییە ، سەدان جۆرە دەرمان بەکوالیتی زۆر نزمەوە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دێنە ھەرێم وساخئەکرێنەوە ،نرخی دەرمان پشتی خەڵکی شکاندوە ، تەماعکاری و چاوچنۆکی خاوەن کۆمپانیاکان گەیشتۆتە ترۆپکەوە . لەھەموو دونیادا کەرتی تەندروستی لە ئەولەویاتی دەسەڵاتە ، ئێمە سەرباری ئەوەی ھیچ زەمانەتێکی تەندروستیمان بۆ دابین ناکرێ ، بەڵام خۆ دەکرێ ھەندێ باری قو‌رسی خەڵکی سووکتر بکەین ، بۆچی حکومەتی ھەرێم خۆی موبادەرە ناکات کەرتی دەرمان بخاتە بەردەستی خۆیەوە ، بۆچی کۆمپانیایەکی نیشتمانی دانامەزرێنێ بۆ ھاوردەکردنو دابەشکردنی دەرمان ؟. ئەو سەدان ملیۆن دۆلارەی ئەچێتە گیرفانی بەشێکی بچووکی خاون کۆمپانیاکان با بچێتە خەزینەی وەزارەتی تەندروستییەوەو بەو داھاتە چەندین خەستەخانەی تازەمان بۆ بکاتەوە .

لەرووی ژیینگەوە ، ھەرێمی کوردستان پییسترین ژیینگەی ھەیە . لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵە دەستەیەکمان ھەیە بەناوی ژیینگەوە، بەڵام ئەوەندە دەستەیەکی بێدەسەڵاتە تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە ژیینگەکەمان تۆزێک بۆ پاک بکاتەوە ، سەدان پاڵاوگەی نایاسایی ژەھر لەناو شارەکاندا بڵاو ئەکەنەوە ، بازاڕو کۆڵانەکان پڕن لەپاشەڕۆو پییس وپۆخڵی، رۆژێک دەستەی ژیینگە نەھاتنە قسە ، ژیینگە پێیسبوون ھەر تەنھا بۆ خەڵکی ناوچەیەک نیە ، بەڵکو کۆشک وتەلاری مەسئوولەکانیش ئەگرێتەوە . کەواتە پێویستە بایەخێکی زۆر گەورە بە پاککردنی ژیینگەوە بدرێت ، با بەپێی یاسا سەوزکردنی کۆڵان وشەقام وماڵەکانیش فەرز بکرێ ، با نەمام رواندن ببێتە کلتوور و لەقۆناغەکانی خوێندندا بچەسپێت ، با ساڵانە ھەفتەیەک دیاریبکرێ بۆ رواندنی نەمام لەناوەو ‌دەرەوەی شارەکان .

بەڕێزان ئەمە خاڵە سەرەکیانە بۆ بەرچاوروونی ھەردوو بەڕیزتان ، ھیوادارم توانیبێتم بەم نامەیەوە ھاوکارتان بم بۆ سەرخستنی بەرنامەکانتان لەپێناو خزمەتی وڵاتو ھەرێمەکەمان .. لەگەڵ ئەوپەڕی رێزو حورمەتم بۆ بەڕێزتان ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.