سیاسەت وەک ئاوێنەیەکی شکاو

لەلایەن ستاندار Posted on 317 جار بینراوە

پێشەوا چۆمانی

ھەگیز سیاسەت ناتوانێت وێنەیەکی جوانی خۆیمان نیشان بدات تاکو پاک نەکرێتەوە لەو زمانە پیس و دزێوەی ئێمە رۆژانە لە بەیاننامەو کۆڕو کۆبوونەوەکان دەیانبینین و دەیان خوێنینەوە.
ئەوەی ئەم سیاسیانە رۆژانە بەرامبەر یەکتری دەیڵێن لەڕاستیدا رەخنەکردنی یەکتری نییە، بەڵکو بێڕێزی کردن و پیشاندانی حەقیقەتی ئاستی سەقافەی سیاسیانە.
باشترین شوێن بۆ ھەستکردن بەو وێنە شێواوو پیسەی دونیای سیاسی ئێمە زمانی قسەکردنیانە لەگەڵ یەکتردا، ئینجا لە ڕێگەی بەیاننامەوە بێت یان کۆبونەوە جەماوەریەکان.
ھیچ نوخبەیەک لە کوردستان بەقەد نوخبەی سیاسی کوردی ئیشی بە زمانێکی ناشیرین نەبوە، ئەو زمانەی سیاسیەکان لەگەڵ یەکتردا قسەی پێ دەکەن خراپترین و شەڕانگێزترین ئاستی زمان بوە تاکو ئێستا.
کێشەگەورەکە تاکو ئێرە بەتەنھا لەوەدا نییە ئەم زمانی قسەکردنە لە نێو بەیاننامەو کۆڕو کۆبوونەوەکاندا وەستابێت و کۆمەڵگا پێی ئاشنانەبوبێ، بەڵکو ھەمان ئەو زمانەی سیاسیەکان لەگەڵ یەکتردا قسەی پێدەکەن بۆتە زمانی کۆمەڵگای حزبی و جەماوەرەکانیشیان کە دچیتە سۆشیال مێدیا ئەوکات ئەم بارودۆخە دەبینیت دونیای سیاسی لە باشوری کورستان چی بەرھەم ھێناوە.
دەمەوێت سەرنجتان بۆ مەڕاسیمی سوێندخواردنی سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رابکێشم کە نزیکترین نمونەیە لێمانەوەو بەبڕوای من سەرنجڕاکێشترین شت تێیدا دەنگ پێنەدانی پانزە ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکڕاتی کوردستانە بە بەبڕێز قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆک وەزیران.
لەماوەی رابردودا قوباد تاڵەبانی بەکردەوە سەلماندویەتی لەھەر بارودۆخێکدا نێوانی یەکێتی و پارتی تێک بچێت، ئەوا زەرەرمەندی یەکەم ئەم دوو ھێزە خۆیان نین بەڵکو خەڵکە، بۆیە زۆر جار ڕەنگە سازشی لەزۆرشت کردبێت یان خواستی زۆرێک لە سیاسیەکانی ناو حزبەکەی بەلاوەنابێت لەپێناو بارودۆخێکی ئارام، یەکەم ھەڵوێستی بەرپرسیارانەی قوباد تاڵەبانیم لەساتەوەختێکدا لەبیرە کاتێک داعش گەیشتە بەردەرگای ھەولێر لەبەیاننامەیەکی بەپەلەدا رایگەیاند ھەولێر ئارامە! کە لەڕاستیدا ئەو شەوە ھەولێر نائارامترین شارو لەبەردەم داگیرکاری مەترسیدارترین ھێزی تاریک پەرستیدابوو.
من دەزانم ئەدەبیاتی سیاسی ئەم بەڕێزە ھێندەی باوەڕی بە زمانێکی نەرمە بۆ قسەکردن ھێندە باوەڕی بە زمانی زبر نییە، ھێندەی باوەڕی بە دیالۆگ و لێک تێگەیشتنە ھێندە باوەڕی بە لێکترازان و تۆران نییە.
ھەموو ئەو بارودۆخەی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی رەنگە پێچەوانەی خواستی تاڵەبانی کوڕ بوبێت، بۆیە لە بەیاننامەکدا بەبۆنەی ھاتنی جەژنی رەمەزان داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات ئەم دۆخە تێپەڕێنن و ئەم جەژنە بکەنە دەرفەتێک بۆ پێکھاتن و تێپەڕاندنی تارمایی لێکترازان.
ھیچ ھێزێک وەک پارتی حکومەتی بەکار نەھێناوە بۆ کاروباری حزب و حزبایەتیکردن، لەوەشیاندا رەنگە زۆرترین گلەیی ھاتبێتەوە سەر قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆک وەزیران کە ھێندەی حکومەت داری کردوە ھێندەی ئاگایی بەلای حکومەتدایە ھێندە ئاگای لە حزبەکەی نییە.
من ھەرگیز باوەڕم بە ململانێی سیاسی نا عەقڵانی نییە، بەڵام زۆر باوەڕم بە بیرو بۆچون و فیکری جیاواز ھەیە، ھەرگیز باوەڕم بە پیسکردنی ژینگەی سیاسی نییە لە ڕێگەی زمانەوە بە جنێوو یەکتر بچوککردنەوەو یەکتر شکاندن، بەڵام باوەڕیشم بەبێدەنگی و ڕازی بوون نییە، قوباد تاڵەبانی زۆر شتیکرد، بەڵام لەبەرامبەریدا پارتی حزبێکی سەلامەت دەرنەچوو، ئینجا من ناڵێم با قوباد تاڵەبانی تۆڵەبکاتەوە، بەڵام دەڵێم با ئامادەبێت.
چوارساڵی داھاتووی حکومەتی ھەرێم چوار ساڵی تەواو جیاوازو پڕ ململانێ دەبێت بەجیاواز لەگەڵ ھەموو کابینەکانی تر، وتاری سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەم ھێندەی وتارێکی ئەمنی و پڕ ھەڕەشەبوو ھێندە وتارێک نەبوو کارنامەی پێکھێنانی حکومەت لەخۆبگرێت، ئەوانەیشی بە کارنامەکەو ناوەڕۆکەکەی سەرسامی خۆیان دەربڕی، لەداھاتووش خۆیان لەھەموو ئەگەرێک نەبان دەکەن و بۆھیچ ئەگەرێک ئامادەنین، ئامادەیی بۆ ئەگەرەکانی داھاتوو ئەوەنییە بڵێین ھەڕەشە بە ھەڕەشە وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام بائەوەش نەبێت کە دەڵێ:ئەوەی کێشای بەلای راستت لای چەپیشتی بۆ راگرە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.