کابینەی نۆیەم لە خەمی حیزب و بنەماڵەدا

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

دانا مەنمی

بەتێپەڕبوونی کات ھەنگاونان بۆ ئایندەی ژیان یەکێک لەگرنگترین ئەرکە فیکرییەکانی ڕۆشنبیرانی ڕاستگۆو ڕاشکاو لەناو پارتیدا ڕاوەستانێکی ڕەخنەییە لەبەردەم پێکھیێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم و حوکمی بنەماڵەیی بارزانیدا کە ڕووداو حیکایەتەکانی کابینەی ھەشتەم ھێندە شکستخواردوو شەرمنانەیە مرۆڤ شەرم دەکات بەفەخرەوە گەشبین بێت بۆ کابینەی نۆیەم و پیرۆزباییان لێبکات، ئێستاش بە شەرمەوە حیکایەتەکانی کابینەی ھەشتەم و حوکمی سەرۆکی ھەرێم و حکومەتێکی شکستخواردوو دەگێردرێتەوە کە بەھۆی ئابوری سەربەخۆو ڕیفراندۆمەوە خەڵکی کوردستانیان بەرەو تونێلێکی نادیارو مەترسیدار برد ،خەڵکی کوردستان لە خراپترین ھەلومەرجی ژیاندا گوزەران بەسەر دەبەن ، ھێرشێکی فراوانی برسیکردن و ھەژارکردنیان لەلایەن پارتی و حکومەتەکەیەوە پەیڕەو دەکرێت .

تەحەدای گەورەی مێژووی ھەر ھاوڵاتییەک لەکوردستان ڕزگاربوونە لەو مێژووەی کە پارتی لەسیاسەتدا بەرھەمی دەھێنێنتەوەو کابینە دوای کابینە شکست دوای شکست لەپێش کۆمەڵگادا قووتی دەکاتەوە ، ھێشتا قەیرانگەلێکمان لەکابینەی ھەشتەم بۆماوەتەوە کە بەشێکە لە ئایندەمان و بەرەو ڕووی دەچین و کابینەیەک نییە تێپەڕابێت ، ئەم مێژووە کە پارتی بنیاتی دەنێت نوقمە لە کێشەو ناکۆکی و شکست و ھەڵھاتن و بچوکتر لەشوناسی نەتەوەیی بیر لە بەھێزکردنی شوناسی ناوچەیی و خێڵچێتی و بنەماڵەی دەکرێتەوە ، مەسعود بارزانی لە پشتی پارتییەوە دەیەوێت ووردە ووردە شوێنی نەتەوە بە بنەماڵە پڕ بکاتەوە ، ئیدی حوکمی بنەماڵە بەدەزگای بکرێت و ببێتە بناغەی سیاسەت و ڕێکخستنی کۆمەڵگاو قسەو وێنە و خەیاڵی پاشاو شازادەی نەوە دوا نەوەی بنەماڵە بڵێینەوە !

مەسعود بارزانی وەکو مەرجەعێک لە ناو پارتیدا نەیتوانیووە قۆناغی ڕاپەڕین و خەون و خەیاڵی حیزب و بنەماڵە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی قەڵەم و موراجەعات ! وە نەیشیتوانیووە ئامادەگی ھوشیاری نەتەوەیی بەسەر گروھو ئایدۆلۆژیاو دیدی ناتەباو ناکۆکدا دابەشبکات بۆ تێپەڕاندن لە چوارچێوەی خێڵ و بنەماڵە ، ئەوەی لە خەیاڵدانی مەسعود بارزانی و حیزبەکەیدا وونە چوارچێوەی نەتەوەییە کە بەناوو بەرگی نەتەوەییەوە خەیاڵی خێڵ و بنەماڵە پتەو دەکەن و لە بەرگێکی نەتەوەیدا پێمان دەفرۆشنەوە،مەسعود بارزانی و حیزبەکەی لەڕیفراندۆم دا بەمانا سیاسییەکەی نەک دەوڵەتی بۆ دروست نەکرا بەڵکو بناغەکانی دروستبوونی دەوڵەت و نەتەوەو شوناسی نەتەوەیشیان لاواز کرد ، لە دوای ڕیفراندۆمەوە کورد لەھەموو کات پارچە پارچەترەو لەغیابی ستراتیژی نەتەوەیی و چوارچێوەی یەکڕیزیدا دەژی .

پارتی وەکو حیزبێکی بنەماڵەی ھەڵگری توخم و ڕەگەزو سیستەمی خێڵایەتییەو ھەمیشە بە شوێن ئەوەوە بووە کە ھەندێک کاراکتەری ماڵباتی بارزانی بکاتە پاڵەوانی فریادرەس و ڕزگاریکەری کۆمەڵگای کوردی ، لەکاتێکدا ئەم پاڵەوانانە بوونەتە مایەی کارەسات و بە ھۆی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازو کورت بینیانەوە بێ ئومێدی لای خەڵک دروست کردووە ، پارتی لەلایەک لەناو وەھمی دروستکردنی پاڵەواندایە و لەلایەکی تر وەک حیزبێکی بورژوازی داھاتی خەلک و سامانی گشتی تاڵان دەکات ،ئازادییەکان لە ژێر پێ دەنێت و کادیرانی خۆی و فەرمانبەرانی ھەرێمی خستووەتە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە و قەرزاری کردوون بۆ ئەوەی ببنە پاشکۆو کۆیلەو ژێر دەستەی حیزب و بنەماڵە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.