پارێزگاری نوێ ، پێویستی بە عەقڵی نوێیە

لەلایەن ستاندار Posted on 212 جار بینراوە

ھیوا حەسەن عەلی

ئەزمونی نزیکەی ١٤ساڵی حوکمڕانی حزبە سیاسیەکانی کورد لەکەرکوک ئەوەی سەلماندووە کە نەک ھەر نەمانتوانیوە ئیدارەیەکی تاڕادەیەک مام ناوەندیش بەڕێوە بەرین بەپێچەوانەوە فەشەلمان ھێناو کێشەو برینەکانی ئەم شارەمان قوڵترو سەختر کردەوە.
لەدوای شەڕی داعش و پاشان دوای ڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، کەرکوک کەوتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێک مەگەر ھەر کەرکوکیەکان بتوانن بەھەناسەی ساردەوە پێناسەی ئەو دۆخە ناھەموارەی شارەکەیان بکەن، بۆیە سارێژکردنی یان کەمکردنەوەی ئەو زامە سەختە پێویستی بە کەسێکە کە بتوانێت بە عەقڵێکی مۆدرێن و بەرنامەیەکی گشتگیڕو ھاوچەرخ مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی شارەکەدا بکات.
ئیدارەدانی شار بەتایبەتی شاری کەرکوک جیاوازە لەھەر شارێکی دیکەی ئاسایی ، ئەگەر شارەکانی دیکە کێشەی سەرەکیان خزمەتگوزاریەکان بێت ئەوا کەرکوک جگە لە خزمەتگوزاری پێویستی بە عەقڵێکە کە بتوانێت ئیدارەی کێشە لەمێژینەکانی ئەم شارەو ململانیە ناوخۆیی و ئەقلیمیەکان و تەنانەت جیھانێکانیش بدات کە لەسەر ئەم شارە ھەیە.
زۆر گرنگە پارێزگاری نوێ پەند لە ھەڵەکانی ھاوپیشەکانی پێش خۆی وەربگرێت و دۆخی تایبەتی شارەکە لەبەرچاو بگرێت و بە نەفەسی تەسکی حیزبایەتی کار نەکات و نەھێڵێ کارەسات و ڕوداوەکانی ئەم شارە خۆیان دووبارە بکەنەوە.
بۆ بەرچاوڕونی زیاتر پێم خۆشە بەچەند خاڵێک تیشک بخەمە سەر چۆنیەتی بەھێزکردن و ئیدارەدانێکی دروست بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەیەکی مۆدرێن و تەکنۆکرات کە جێی ڕەزامەندی خەڵکی کەرکوک بێت و ھەم ببێتە دەستکەوتێکش بۆ جەنابی پارێزگارو گەلەکەشمان.
١ـ راگرتنی باڵانس لەنێوان پێکھاتەکانی شاری کەرکوک و پێدانی بەرپرسیاری پێیان بەپێی حەجم و قورسایی خۆیان بێ گوێدانە ئەو دەنگە ناشازەی ھەندێ لایەنی سیاسی لەنەتەوەکانی تورکمان و عەرەب کە ئەجندای دەرەکی جێبەجێ ئەکەن، بۆ ئەوەی ھەموو وەک یەک بەرپرس بن لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەکە ، نەک مۆنۆپۆلکردنی زۆربەی جومگەکانی دەسەڵات وەک ئەوەی لەپێشتر رویدا.
٢ـ دەرکردنی دەستی حزب لە دام و دەزگا ئیداریەکان بە شێوەیەک کە ئەو دەزگایانە بەپێی یاسا کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.
٣ـ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بە شێوەیەکی زۆر توند، ھەروەھا چالاکردنەوەی دەستەی نەزاھەو چاودێری داریی و ھەموو ئەو دەستانەی پەیوەستن بە بنبڕکردنی گەندەڵی.
٤ ـ نەھێشتنی بەش بەشێنەی حزبی ھیچ نەبێ لەناو ئەو پۆستانەی کە بەرکەوتەی نەتەوەی کوردن لەنێوان ھەردوو حزبی دەسەڵات و ھێنانە پێشەوەی کەسانی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ، ھەم بۆ بەھێزکردنی دام و دەزگا حکومیەکان و ھەم بۆ نەھێشتنی کێبڕکێی ناڕەوا لەنێوان لایەنە سیاسیەکان.
٥ ـ دروستکردنی ئەنجومەنێک بەناوی ئەنجومەنی ڕاوێژ کە لەگشت نەتەوەو مەزھەبەکانی ناو شاری کەرکوک پێک بھێنرێت ، کاری ئەم ئەنجومەنە ھێوڕکردنەوەی ھەر کێشەیەک بێت کە لەنێوان پێکھاتەکاندا روو دەدات، ھەروەھا راسپاردەی گونجاو بدەنە ئەنجومەن و پارێزگاری کەرکوک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە بەبێ جیاوازی مەزھەب و نەتەوە.
٦ ـ ئەرکێکی دیکەی پارێزگار کە زۆر گرنکە کاری لەسەر بکات بڕینی ئەو دەستانەیە کە ژێرخان و سەرخانی ئەم شارەیان تاڵان و ڕاوڕوت کرد، وە ھەوڵ بدات ھەموو سامانی شارەکە بۆ خەڵکەکەی بێت ، نەک بۆ کەسان و لایەنی دیکەی دەرەوەی شار.
٧ـ کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری ھاوبەش کە ڕۆشنبیرانی سەرجەم پێکھاتەکانی شارەکە لەخۆ بکرێت، بەمەبەستی بەھێزکردنی برایەتی نێوان پێکھاتەکانی شارەکە.
٨ـ گەیاندنی دەستی خزمەت گوزاری بۆ ھەموو گەڕەک و قەزاو ناحیەکان بەبێ جیاوازی.
ئەمانەو چەندین خاڵی دیکە ئەگەر پارێگاری نوێ کاریان لەسەر بکات ئەتوانرێت دۆخی شارەکە بەرەو سەقامگیری سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی ببات و کەرکوک بکرێتە نمونەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، ھەروەھا سەرنجی ناوەندە سیاسێەکانی جیھانیش بە لای خۆمان ڕابکێشین.
ڕاستە ھەندێ لەونەی باس کران ھەروا بەئاسانی نایاتە دەست ، لەمپەرو ڕێگری زۆری لەپێشە بەتایبەت لەلایەن سیاسیە بازرگانەکان و مافیاکانەوە، بەڵام پارێزگار وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە شانۆکەدا ئەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی خۆی بگێڕێت و تەکانێک بە دۆخی ناھەمواری شارەکە بدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.