کێشەی کۆمەڵگەی کوردی لە بنەڕەتدا نەناسینی دۆخی ڕاستینەی کۆمەڵگەیە

لەلایەن ستاندار Posted on 873 جار بینراوە
بڕوا ستار
کێشەی جدی لە کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە خوێندنەوەیەکی درووست و واقعی دۆخی سۆسیۆلۆژی لە کۆمەڵگەکەیدا ناکرێت (سەرەڕای ھەبوونی میکانیزمی باش بۆ لێکۆڵینەوە لەو بوارەدا)، بۆیە دەبێت گرنگی ئەو بابەتە لەوەوە بزانین کە ھەموو کۆمەڵگەیەکی مرۆیی لەم سەرزەمینەدا بە کۆمەڵێک قۆناغی تاریک و پڕ کێشە و قەیرانی گەورەدا تێپەڕبووە، ھەر بۆیە ھیچ گەلێک نییە لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە وەک کۆمەڵگە، بە باشی ھێنابێتی و ئەم قۆناغانەی نەبڕیبێت ، بۆ نموونە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا (ئەوروپای ڕۆژئاوا بە دیاریکراوی) لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە کێشە و گرفتە ھەرە گەورەکان دەردەکەون ، کە ئەمەش بێگومان دەبێتە مایەی ئەوەی پشکی شێری گۆڕانی قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تری سیستەمی کۆمەڵایەتی-سیاسی لە جیھاندا بەر بکەوێت ، بەو پێیەی زۆرترین کێشەی ھەبوو لەم سەردەمەدا، ئەم کێشە گەورانەش بوونە فاکتێکی گرنگ بۆ دەرکەوتنی دەیان و سەدان بیریاری سۆسیۆلۆژی و سیاسی و ئابووری، کە توانیان بە گەیشتن بە ڕاستینەی کێشەکانی کۆمەڵگە و لە ئەنجامی تیۆر و ھیزرە درووستەکانیان دۆخە جیاجیا خراپەکانی کۆمەڵگەکان بگۆڕن بۆ دۆخێکی تەندرووست.
بۆ سەلماندنی ئەوەی کە سرووشتی کێشە پاڵنەری ھەرە گەورەی گۆڕانی ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵگەیە بەرەو ئاراستەی باش، ئەو رووداوانەیە کە لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست دەرکەوتن، کە ئەویش بێگومان لە ئەنجامی بەدواداچوون و پۆڵێنکردن و لێکۆڵینەوەی چارەسەرئامێز بۆ کێشە و قەیرانەکان درووست دەبێت ، پاڵپشت بەم تێڕوانینە بۆ کێشە و قەیران وتەیەکی ئۆجەلان ھەیە دەڵێت «لە ھەناوی ھەر کۆمەڵگەیەکی پڕ کێشەدا ، سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تازەی چارەسەرئامێز دێتە بوون» .
لێرەدا ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم ئەو ڕاستیەیە کە دەبێت لەمەودوا ھەوڵی گەورە و گرنگ بدرێت بۆ ناساندنی کێشە جدییەکان لە کۆمەڵگەدا ، ھەروەھا ھەوڵ بدرێت ھەڵسەنگاندنی دۆخی سۆسیۆلۆژی کۆمەڵگەی کوردی بکرێت لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمەڵێک پلان وەک میکانیزمی چارەسەری بۆ پرسەکان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی جدی دابنرێت .
جیا لە ھەموو ئەو دۆخەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە، ڕاستینەیەکی گرنگ لە ھەر کۆمەڵێکی مرۆیی ھەیە ئەویش «خۆپارێزی-Self-defense» ییە ، بە تایبەت لەو کاتانەی ئەم کۆمەڵگەیە ڕووبەڕووی ھەرەشەی دیمۆگرافی-داگیرکاری دەبێتەوە، بەمەش وشیاریەکی گشتگیر درووست دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر ئاڵنگارییەک (لێرەدا مەبەستمان کۆمەڵگە وشیارەکانە)، ئەوەی ھەرە خاڵی لاوازی کۆمەڵگەی ئێمە و کۆمەڵگە هاوشێوەکانە، ئەم وشیارییەی تێدا نییە و سەرلەبەری کۆمەڵگە پەیوەستی سیاسەتی گرووپ و لایەنەکان بووە و دابڕاوی و لێکترازان هاتووەتە کایەوە، بەم ھۆیەشەوەیە ناتوانرێت ھەڵوێستێکی کۆمەڵگەیی (ڕای گشتی) درووست بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.