ئێس-٤٠٠ و فۆرمولا وەنی چەک لەنێوان ئەمریکا و رووسیا

لەلایەن ستاندار Posted on 249 جار بینراوە

سەنگەر رسول

ھێنری کیسنجەر زەبەلاحەکەی سیاسەتی دەرەوە دەڵێت: “لەسەردەمی ئێستادا، بەتایبەتی لە ھۆشمەندی دەستکرد، کۆنترۆڵکردنی پێشبڕکێکانی چەکی پێشکەوتوو زۆر قورسترە لەچەکی ئەتۆمی”! ھەروەک ئەوەش دەڵێت: ئەم پێشبڕکێیانە بۆیە قورسن، چونکە تاوەکو ئێستا مرۆڤایەتی تەواو ئامادە نەبووە ھەم لەرووی فەلسەفی و ھەمیش لەرووی لۆجیکەوە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ھۆشمەندی دەستکرد (تەکنەلۆژیای زیرەک)!.
لەئێستادا کێبڕکێیەکی خێرای چەک بوونی ھەیە لەنێوان رووسیاو ئەمریکادا و زۆر لەو پێشبڕکێیەی چەک پڕ مەترسیدارترە کە لە ساڵانی ١٩٤٥ تاوەکو ساڵی ١٩٩٠ کە لەنێوان یەکێتی سۆڤییەتی ئەوکات و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا روویدا. بۆ نموونە؛ لەپار ساڵەوە رووسیا ئەوەی دەرخستووە کە کار لەسەر بنیادنانی بۆمبی سوپەرسۆنیک کە ٢٠ جار خێراییەکەی لەخێرایی دەنگ زیاترە دەکەن کە کاتێکیش لەئامانجەکە نزیکدەبێتەوە ئەوا بەئاسانی بەشێوەی زیک-زاک و خۆ لادان دەروات و ئەمەش وادەکات وەستاندنی قورس بێت! لەلایەکی دیکەوە لەژێرئاویشەوە خەریکی بنیادنانی چەکێکی ھەڵگری کڵاوەی ئەتۆمیین کە بەخێرایی زیاتر لە ١٥٠ کم رێبکات بۆ پێکانی کەشتییە زەبەلاحەکان!
ئەوەی جێی تێڕامانە! لەبەرامبەر پێشخستنی توانا سەربازییەکانی رووسیا بەتایبەتی لەسەرەتا سەدەی بیست و یەکەمەوە دەبینین خاوییەکی زۆر بەرۆژئاواییەکان و ئەمریکا بەتایبەتی دیارەو ئەمەش لەبازاڕی کرێنی سیستەمی بەرگری ھەواییەوە بەروونی دەردەکەوێـت! بۆ نموونە؛ ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ سیستمی ئێس-٤٠٠ رووسی بکەین و بپرسین بۆچی وڵاتان زیاتر حەز دەکەن روو لەکرینی ئەو چەکە بکەن نەک سیستمی پاک-٣ و تادی ئەمریکی بکڕن ئەوا دەرکەوێت لەھەموو روویەکەوە کارئاسانترو باشترە خاوەنی سیستمە رووسییەکە بیت.
سیستمی ئێس-٤٠٠ رووسی چەند خەسڵەتێکی باش و سرنج راکێشی ھەیە، لەوانە: لەرووی نرخەوە کرینی سیستمە رووسییەک ئەوا ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەکەوێت لەکاتێک بۆ کرینی سیستەمە ئەمریکییەکە تا ٣ ملیار دۆلار دەروات! ھەروەھا رێوشوێنە یاساییەکانی کرینی سیستەمە رووسییەکە زۆر ساناترەو لەکاتێک کرینی سیستەمە ئەمریکییەکە لەرووی یاسایی و رۆتیناتەوە زۆر زیاتر دەخایەنێت!
لەرووی تواناو تەکنیکی سەربازیشەوە، سیستمی ئێس-٤٠٠ رووسی زۆر پێشکەوتوو ترە لەزۆر رووەوە بۆ نموونە لەرووی رادارەوە بە سەدان کیلۆمەتر دووری باشترە و لەرووی پێکانی ھەر ھەرەشەیەکی قەبارە بچووک و گەورە زۆر کاریگەرترەو تەنانەت لەتوانای دایە بۆمبێک بەخێرایی سوپەرسۆنیک بخاتەخوارەوە. لەرووی کارکردنیشەوە زۆر پراکتیکییەو لەسەر سێ بارھەڵگر دەگوازرێتەوەو تەنھا سێ ئەفسەری کار پێکردنی گەرەکەولەکاتێکیشدا سیستەمە ئەمریکییەکە نزیکەی ٣٠ دەقیقەی دەوێت بۆ کارپێکردنی بەڵام ئەو سیستەمە رووسییە تەنھا ٥ دەقیقەی بەسە! ھەروەھا لەپێکانی فرە-ئامانج و جیاوازی گۆشەی ھەڵدانیش زۆر کاراترە. ئەم خاڵانە وایکردووە دەوڵەتان زیاتر روو لەسیستەمە رووسییەکە بکەن و کرینی ئەو سیستەمەش لەلایەن تورکیاوە ھەر لەوچوارچێوەدابووە.
لەئێستادا چاینا بۆتە خاوەنی چەکەکە و یەکەم پارچە گرنگەکانی سیستەمەکەش گەیشتونەتە ئەنقەرەو ھەروەھا دەوڵەتێکی گەورەی وەک ھیند رێککەوتنێکی سەروو ٥ ملیار دۆلاری لەگەڵ رووسیا ئیمزا کردووەو زیاتر لە ١٠ وڵاتی دیکەش چاوییان لێیە ببنە خاوەنی ئەوسیستەمە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ ئەمریکییەکان خاوەنی سیستەمی پێشکەوتووترن و دەریناخەن! یاخود ئەم بەرەوپێشچوونانەی رووسیا لەبواری سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دەریایی و بۆمبی سوپەرسۆنیک ھێندەی دیکە ھەژموون و قەبارەی ئەمریکا لەپێگە جیھانییەکەی بچووک دەکاتەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.