دکتۆرایەک پێشکەش بە ناوی (کوردستان)!

لەلایەن ستاندار Posted on 261 جار بینراوە

هیوا سەلام

ئەمە بڕوانامەی دکتۆرا نییە، بەڵگەی خوێندنی ئەو دکتۆرایەمە، کە لەسەر ناوی کوردستان وەستێندرا. هەمو کۆرسەکانی خوێندنی دکتۆراکەم و تاقیکردنەوەی تێزەکەم بەسەرکەوتویی و بە پلەی زۆرباش تەواوکرد، بەڵام تێزەکەم تەنیا لەسەر ناوی کوردستان وەستاند!
بە شایەدی زۆرێک لەو خوێندکارانەی، کە لە قوبڕسی تورکی دەخوێنن، من ئەم دکتۆرایەم لە دواساتەکانیدا جێهێشت، لەبەرئەوەی زانکۆی EMU ناوی کوردستانی قبوڵ نەبو. نامەی دکتۆراکەم لەسەر قەڵای هەولێر دەنوسی، ئەو کاتەی زانکۆ ئاگاداری کردمەوە، کە بۆم نییە ناوی کوردستان بەکاربێنم. من دەبووایە لە کاتی باسکردنی هەولێردا ناوی کوردستان نەنوسم، یان بنوسم باکوری عێراق. لە وەڵامی ئەواندا، منیش جێهێشتنی دکتۆراکەمم هەڵبژارد، نەک نەنوسینی ناوی کوردستان لەسەر شوێنێک، کە پایتەختی کوردستانە.

هەر لەسەر ئەم کەیسە، ساڵێک لەمەوبەر کۆمەڵێک نوسراوم برد و چومە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی، کە کاری زانکۆی EMU لەکوردستان قەدەغە بکرێت، یان ئەوەی ناچاربکرین ڕێز لە ناوی کوردستان بگرن. چونکە ئەوان ساڵانە سەدان هەزار دۆلاریان لە خوێندکارانی کوردستانەوە بۆ دەچێت. لەوەڵامدا پێیان گوتم (کە شتی بچوک گەورە نەکەم. با کوردستان نەبێ، باکوری عێراق بێ!). بەڵام کاتێک من لەسەر داواکەم سور بوم، کۆمەڵێک ڕێوشوێنیان بۆ دانام کە کاتی زۆری دەویست. هەر بۆیە ئەمڕۆ لێرە بڵاوی دەکەمەوە، بۆ ئەوەی لەجیاتی لیژنە و لیژنەکاری، لێرەوە بگاتەوە دەستییان. هەرکاتێکیش ویستییان کاری ئەم زانکۆیە ڕابگرن، من بەڵگەکانیان پێشکەش دەکەم. من ئەم دکتۆرایەم جێهێشت و دکتۆرایەکی دیکەم تەواوکرد. بەڵام دەبێت ئیدی دەزگا ڕەسمییەکانی هەرێمی کوردستان خاوەندارێتی لە ئاڵا و ناوی کوردستان بکەن. من ناڵێم با بچن بە گژ ئەم وڵات و ئەو وڵات، چونکە باش دەزانم ئەوە لە توانای ئەواندا نییە. بەڵام ئەوان دەبێت کۆمەڵێک هەنگاو بگرنە بەر بۆ وەستاندنی کاری ئەو ڕێکخراو و کۆمپانیایانەی کە ڕێز لە پیرۆزییەکانی ئێمە ناگرن.

ئەو مانگە، پێدەچێ مانگی نەگبەتیی ئاڵای کوردستان بێ. هەر یەکێک قوت دەبێتەوە و یەخەی کوردێک بەئاڵای کوردستانەوە دەگرێ و کوردەکەش وەک ئەوەی تاوانێکی گەورەی ئەنجام دابێ، سەری خۆی دادەخا و دەڵێ ببورە!

داماو… لەچی ببورێ؟! بۆ تۆ کام تاوانت کردووە تا لێت ببورن! ئەگەر شتێکت پێدەکرێ و پێت دەپارێزرێ، دەستی بدەیە. ئەگەر پێت ناپارێزرێ، دەستی مەدەیە. نە بچۆ بۆ ترابزۆن بۆ کەیف و سەفا، نە بچۆ بیابانەکانی سەماوە. ئەگەر ناتوانی دکتۆرایەک بەجێبێڵی لەسەر ناو و ئاڵای وڵاتەکەت، خۆ دەتوانی سواری پاسێک بیت و لەو شوێنە نەوەستیت، کە سوکایەتیت پێدەکەن.

تێبینی: ڕاگەیاندنەکان ئازادن لەکارکردن لەسەر ئەم بابەتە و هەر لایەنێکیش کاردەکات بۆ وەستاندنی ئەو کۆمپانیا و ڕێکخراوانەی کە لەدەرەوەی وڵات سوکایەتی بە ناو و ڕەمزەکانی کوردستان دەکەن، من هەمو بەڵگەیەکی پێویست دەخەمە ڕو بۆ وەستاندنی کاری ئەو زانکۆیە و هاوشێوەکانی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.