بڕیاری ناساندنی جینۆسایدی ئێزییدیەكان…..هەنگاوەكانی دواتر

لەلایەن ستاندار Posted on 238 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

رۆژی (3)ی ئاب ساڵرۆژی دوایین كۆمەڵكوژیە كەبەسەر ئێزیدییەكان هاتبێت، ئەو كۆمەڵكوژیەیی كە لە لایەن رێكخراوی تیرۆستی داعش لە بەرامبەر ئەو پێكهاتە ئایینیە بە ڕەسەن كوردە ئەنجام درا، ئەو كۆمەلكوژی كە دەچێتە پاڵ 74 فەرمانی تر كە لە مێژوودا لەبەرامبەر ئێزییدیەكان دژ ئەنجام دراوە.
ئێزییدیەكان، بە هۆی تایبەتمەندی خۆیان كە خاوەنی ئایینێكی یەكتاپەرست بوونە، كە مێژووەكەیان بۆ 500 ساڵ پێش زایین دەگەرێتەوە هەمیشە كراونەتە ئامانجی هێرش و داگیركاری، بە مەبەستی لەناوبردنیان لەسەری ئەو سەری دونیاوە پەلاماریان بۆ هاتووە، هەمیشەش لەو پەلامارانەدا خاكیان داگیركراوە، سەرو ماڵیان تاڵانكراوە ، كچ و ژنیان بە سەبایە بردراون، بەڵام هەرماون و تایبەتمەندی خۆیان پاراستووە.
لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامەوە بگرە، تا سەردەمی دەوڵەتی عەباسی، سەفەوی، عوسمانی و تەنانەت هەندێك جار میرنیشینە كوردیەكانی وەك (ئەردەلان و بۆتان و سۆران)یش بە تاوانی كۆمەلكوژی ئێزییدیەكان هەڵساون، ئەو میرنیشینانەش هەر لەژێر پەردەی ئیسلام و بە بیانووی شەڕی ناموسلمانان لەو تاوانە تێوەگڵاون.
بەڵام ئەوەی گرنگە تا ئێستا هیچ یەك لەمانە تەنانەت سوپای (مەغۆلەكان و تەیمووری لەنگ)یش نەیانتوانیوە ڕەگوریشە ئێزییەكان بۆ یەكجارەكی لەو ناوچەیە بسڕنەوە، ئەمەشیان بۆ ئازایەتی ئێزییدەكان دەگەڕێتەوە، كە هەمیشە لەبەرامبەر فەرمان و داگیركاری نەیارانیان لەسەر پێ بوونەوە، قارەمانانە داكۆكیان لە مانەوەی خۆیان كردووە.
ساڵی 2007 پێش هاتنی رێكخراوی تیرۆرستی داعش ئێزییدیەكان دەكەونە بەر پەلاماری تیرۆرستانی قاعیدە، لە كۆمڵگاكانی (گردعزێر و سیبا شێخ خدری) لە ئەنجامی چەند كردەوەیەكی تیرۆرستی بەسەدانیان لێ شەهید دەكرێن.
تاوانی (3) ئاب كە داعش لەبەرامبەر ئێزییدیەكان ئەنجامی دا، تاوانێكە كە هەموو خەسڵەتەكانی جینۆسایدی تێدایە، لە (كۆمەڵكوژی، بە ئامانج گرتنی ژن و منداڵ، ئیختسابی ژنان،و بە كۆیلەكردنی ژن و منداڵ)، ئەو تاوانەی كە داعش لەبەرامبەر ئێزیدییەكان ئەنجامی دا لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی تاوانێكی بێ وێنەیە، بۆیە دەبێت جیهان وەك جینۆسایدی گەلێك دانی پیابنێت.
بڕیاری پەرلەمانی كوردستان كە دەیانەوێت ئەو رۆژە بە رۆژی جینۆسایدی ئێزییدیەكان بناسێنن، كارێكی باشە، بەڵأم نابێت ئەو بڕیارە تەنیا لە چوارچێوەی بڕیارێك بمێنێتەوە، بگرە دوای دەرچوونی بڕیارەكە لە پەرلەمانی كوردستان، دەبێت پرسی جینۆسایدی ئێزییدیەكان كاری كرداری لەسەر بكرێت، لە پێش هەمووشیانەوە كاركردن بۆ ئەوەی كە لایەنی كەمتەرخەم لە پاراستنی ئێزییدیەكان ڕووبەرووی دادگا بكرێنەوە .
خاڵێكی تر كە ڕەهەندی یاسایی بە دوای خۆی دێنێت، بریتییە لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان فشار بخاتە سەر حكومەتی ناوەندی تا پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات، وە عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە نیازپاكی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونییەوە لە دادگاكە بۆ پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت، كە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەكانی رابردووە كە بەسەر گەلەكەماندا هاتووە لە( هەڵەبجە, ئەنفال, ئەنفالی بارزانیەكان, راگواستنی فەیلیەكان, تەعریب, شەنگال,….هتدا )).
پێویستە بووترێت كە تاوانەكانی شەنگال سەلماندیەوە بە ئەندام بوونی عێراق زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەو سزا دانی بكەرانی و ناساندنی حەقیقەتی یاسایی تاوانەكەیە لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا .
بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە دەسەڵاتدارانی كوردستان داواكاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بكەنە یەك لە داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان لە دانوساندنەكانیان لە گەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەكان و سازشی لەسەر نەكەن.
لەسەر ئاستی سیاسیش دەبێت شەنگال و دەڤەری ئێزیدیەكان چیتر نەكرێنە قوربانی ململانێ سیاسیەكان ، چارەسەری گونجاو بۆ ئیدارەدانی ئەو ناوچەیە بدۆزرێتەوە، هەروەها دەستبكرێت بە ئاودانكردنەوەی ئەو ناوچانە كە بەهۆی پەلامارەكانی داعش بوونەتە وێرانە، تا چیتر ئێزییدیەكان لە ئاوارەیی و كەمپەكان ژیانی كوولەمەرگی بەسەر نەبەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.