لەئابوری سەربەخۆوە بەرەو گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغداد

لەلایەن ستاندار Posted on 356 جار بینراوە

یعقوب کاکل

لەپاش تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لەلایەن کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمەوە،کە بە دیاری کراوی لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا بوو ، ئەویش پاش بڕینی پشکی هەرێم لە بوودجەی گشتی عێراق لە شوباتی ٢٠١٤وە دوای ئەوەی هەرێم پابەند نابێت بە ساغکردنەوەو بەبازارگەیاندنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای نیشتمانی سۆمۆوە ، هەرچەند ئەو کاتە نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراقی بوو بەڵام بەشە بودجەی هەرێم بڕدرا و پاش شەش مانگیش لەو بەروارەوە داعش سەری هەڵدا و دۆخێکی تر هاتە ئاراوە ، ئەو سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە نەک نەبوە هۆی جیگیرکردنی دۆخی ئابوری بەڵکو بوە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی دارایی و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە حکومەت دەستی برد بۆ گلدانەوەی بەشێک لە موچەی موچەخۆران و ناوی پاشەکەوتی لێ نا ، کە بەڕێژەی لە %١٥بۆ %٧٥ ی موچەکانیان بەناوی پاشەکەوتەوە بڕدرا .
سەرەنجام ئەو دۆخە داراییە بەردەوام بوو هەتا بە فشاری خۆپیشاندەرانی هاوڵاتیانی هەرێم و لە نەورۆزی ٢٠١٨دا لە لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە مانگانە بری٣١٧ملیارد دینار وەک سولفە بۆ هەرێم نێردرا ، ئەوەیش بەردەوام بوو هەتا تەوافوق لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠١٩ی حکومەتی فیدراڵیدا کرا و لەگەڵ ئەوەیشدا پشکی هەرێم کەمکرایەوە بۆ %١٢.٦ ی بودجەی گشتی عێراق، هەرچەندە دیسان حکومەتی هەرێم پابەند نەبووەوە !.
لە ئێستادا و پاش فرۆشتن و هەناردەکردنی ئەو سەدان ملیۆن بەرمیل نەوتە بەڵام (وەک خۆیان دەڵێن )هێشتا قەرزارین و پێویستە حکومەتی ناوەند قەرزی کۆمپانیاکانی بواری دەرهێنانی نەوت و غاز بداتەوە!!، ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەرێگەی حکوومەتی هەرێمەوە تەواو شکستیان هێناوە لە ئیدارەو حکومڕانی کردنی هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەتی بواری نەوت و غاز .

گەڕانەوە بۆ بەغدادی ئیحتیلال و داگیرکەر!.

دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕیفراندۆمێکی ناوەختەیان ئەنجامدا ئەونەی تر دۆزی سیاسی کوردستانی باشوریان گەڕاندەوە دواوە و شکستی سیاسیی و سەربازی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیان توشی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، وا ئێستا پاش ئەو هەموو کارەساتانە بەرەو بەغداد گلۆر دەبنەوەو رازی دەبن بە مەرجەکانی بەغدادی ئیحتیلال و دوژمن!.
بۆیە لەئیستادا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم نە پلانیان بۆ داهاتوو هەیەو نە ستراتیجیانە بۆ بابەتی نەوت و ووزە و تەواوی سێکتەرە ئابووریەکانی تر دەڕوانن ، بەڵکو کەی تاقەتیان نەبوو دەڵین بەغدا موفلیسە یان داگیرکەرەو و مافمان دەخوات ، وە هەرکاتێکیش جەویان ساف بوو بەغداد و عێراق بە قووڵایی ستراتیژیی ناوزەد دەکەن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.