له‌باره‌ى شارچیيه‌تى و چه‌ته‌گه‌رایى

لەلایەن ستاندار Posted on 653 جار بینراوە

سه‌رتیپ وه‌یسی

گومانى تێدا نییه‌ پارتى و یه‌كێتیى هه‌ردووكیان به‌ ته‌واوى قۆرغكاری له‌ بوارى بازرگانیدا كردوه‌، به‌ڵام كاتێك حكومه‌ت ده‌ڵێ هەندێک کەسی دەستڕۆیشتوو ڕێگری دەکەن گاز لە گه‌رمیان و سلێمانییەوە بێتە هەولێر، جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌م كاره‌ بۆته‌ مایه‌ى ئیحراجى و رووگیرى بۆ تیمى وزارى یه‌كێتیى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ته‌واوى ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات پارتى تاراده‌یه‌ك له‌ سنووره‌كه‌ى خۆى به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ زاڵه‌، به‌ڵام یه‌كێتیى ئه‌وه‌ى پێناكرێت و ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ گروپ و مافیاى بازرگانى له‌م ناوچانانه‌ رووله‌ زیادبوون ده‌كه‌ن .
له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى رابردوو، قوباد تاڵه‌بانى له‌ كۆبوونه‌وه‌دا له‌به‌رچاوى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیره‌كان به‌رگریكردوه‌ له‌ “باڤڵ تاڵه‌بانى” و ئه‌وانه‌ى بازرگانى نایاسایى به‌ هێلكه‌ و دوگى ئاژه‌ڵ و كاڵا ده‌كه‌ن له‌ سنوورى سلێمانى و گه‌رمیان.
ناوبراو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، كه‌ نابێ له‌خۆیانه‌وه‌ كه‌س تۆمه‌تباربكه‌ن به‌هۆى ئه‌و راپۆرتانه‌ى له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ له‌باره‌ى خاله‌ سنوورى و گومرگییه‌كان، بۆیه‌ پیویسته‌ لیژنه‌ى بۆ پێكبهێنرێت تا بڕیار له‌و باره‌یه‌وه‌ بدرێت.
وه‌زیرى یه‌كێتیى هه‌یه‌ نوسراوى بۆ هاتووه‌ له‌سه‌ر ئیجرائاتكردن له‌باره‌ى كارى نایاسایى له‌ سنوورى باشماخ و خاڵه‌ سنوورییه‌كان، به‌ڵام ناوێرێت كارى له‌سه‌ر بكات، له‌ ترسى هه‌ڕه‌شه‌ و كوشتن.
زۆرجار واى روویداوه‌ قوباد تاڵه‌بانى له‌ ساڵانى رابردو، ئه‌مڕۆ به‌ڕێوبه‌رێكى له‌ پۆسته‌كه‌ى دوورده‌خسته‌وه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى، سبه‌ى دژه‌ تیرۆر به‌ ئۆتۆمبێلى خۆیان ده‌یانبردوه‌ ده‌وام و ناچار به‌ڕێوبه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ش نه‌ده‌وێرا بچێته‌ سه‌ر كاره‌ نوێیه‌كه‌ى.
چیتر تیمى یه‌كێتیى له‌ حكومه‌تى هه‌رێم پێویست ناكات به‌رگرى له‌ مافیا و بازرگانانى نێو حكومه‌ت بكه‌ن و خۆیان تووشى ئیحراجى بكه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا .
پارتى له‌ ساڵى نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر گومرگى ئیبراهیم خه‌لیك ده‌ژى و به‌شێك له‌و داهاته‌ ده‌چێته‌وه‌ خه‌زینه‌ى حكومه‌ت و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ بۆ دارایى ئه‌و حزبه‌ ده‌چێت، به‌ڵام لاى ئه‌وان گروپ و مافیا به‌و شێوازه‌ى ئێستا له‌ سنوورى سلێمانى ده‌كرێت نییه‌، به‌ڵكو به‌ مونه‌زه‌مى ده‌یكه‌ن.
كاتێك به‌شێك له‌ میدیا و هاووڵاتیان و نوخبه‌ى به‌شێك له‌ به‌رپرسانى حكومى و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ سنوورى ناوچه‌ى سه‌وز، له‌سه‌ر دروستكردنى شه‌قامێك له‌ هه‌ولێر به‌ نه‌فه‌سى شارچيیه‌تى شت ده‌نووسن، ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌ به‌رچاو بێت خه‌ڵكى كوردستان هه‌مووى مه‌عاناتانى به‌ ده‌ست ئه‌م حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ولێره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام كاتێك پڕۆژه‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر به‌راورد به‌ سلێمانى زیاتر ده‌كرێت، په‌یوه‌ندى به‌و پاشاگه‌ردانى و دزى و جه‌رده‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌و شاره‌دا ئه‌نجامده‌درێت، دزه‌كان له‌ نێوخۆیاندا رێكناكه‌ون وه‌كو ئه‌وانه‌ى هه‌ولێر.
تیمى یه‌كێتیى له‌ حكومه‌ت ده‌زانێت ده‌ستپێنه‌كردنى پڕۆژه‌ى 100 مه‌ترى سلێمانى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تێبینى هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێوازى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌ و پڕۆسه‌ى پێدانى ته‌نده‌ره‌كه‌، چونكه‌ ئه‌و پاره‌ و بودجه‌یه‌ى بۆى ته‌رخانكراوه‌ به‌ ئاشكرا دیاره‌ بۆئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵى تێدابكرێت، بۆیه‌ش وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و حكومه‌ت ده‌یانه‌وێ دووباره‌ ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ پێداچوونه‌وه‌ و دواتر جێبه‌جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌.
ئه‌گه‌ر هه‌ولێر شه‌قامێكى 120 مه‌ترى تیادا دروستكرابێت، ئه‌وا ده‌یان شه‌قامى ئه‌و پارێزگایه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌وروبه‌ر وێران بووه‌، ده‌یان كۆڵان و شوێنیش هه‌یه‌ تاوه‌كو ئێستا خزمه‌تگوزارى بۆ نه‌چووه‌.
جیاوازیه‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ به‌رپرس و بازرگانێكى یه‌كێتیى ده‌یه‌وێ له‌ پڕۆژه‌یه‌كدا هه‌مووى بدزێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پارتى به‌شێكى ده‌دزێت و به‌شێكى ده‌خاته‌ خزمه‌ت پڕۆژه‌كه‌.
له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2012ه‌وه‌ تاوه‌كو ساڵى پاریش، ژماره‌یه‌ك كه‌سى حكومى و ئه‌منى له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر به‌شێوه‌ى گروپ خه‌ریكى دزى و چه‌ته‌گه‌رى بوون تا كار گه‌یشته‌ كونكردنى بۆڕى نه‌وت و بازرگانى له‌ گه‌ڵ داعش، به‌ڵام پارتى توانى به‌ زیره‌كانه‌ و به‌بێ هه‌ڵا، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ كه‌له‌مچه‌ بكات، تا كار گه‌یشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى پاره‌یه‌كى خه‌یاڵى له‌كه‌سێكى ده‌ست ڕۆیشتووى هه‌ولێر وه‌ربگرێته‌وه‌ و دواجار پۆسته‌كه‌شى دووریخسته‌وه‌.
ئه‌م جولاندنه‌ى ده‌مارى شارچیه‌تى و دژایه‌تیكردن و تۆخكردنه‌وه‌ى زۆنى سه‌وز و زه‌رده‌ له‌ شوێنى خۆیدا نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌كرێت جگه‌ له‌وه‌ى به‌شێكى پارتى لێى به‌رپرسیاره‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا یه‌كێتیى و به‌رپرسانى ئیداره‌ى ئه‌و پارێزگایه‌ش خۆیان هۆكارى سه‌ره‌كین، نه‌ك هه‌ولێر و حكومه‌ت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.