گۆڕان لەهاوسەنگی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دا

لەلایەن ستاندار Posted on 232 جار بینراوە

لوقمان شه‌هید برایم/ مامۆستای زانكۆ

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

تورکیا

دەوڵەتی تورکیا دوای ئەوەی لەسەر داروبەردی ڕوخاوی دەوڵەتی عوسمانی لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لەساڵی ١٩٢٣ بنیاد نرا، ڕێچکەی ڕۆژئاوایی گرتە بەر، وڵاتانی ڕۆژئاواش بەهۆی ئەو پێگە جیۆپۆلۆتیکیەی تورکیا هەیبوو، گرنگیەکی زۆریان پێدەدا، لەگەل بوونیشی بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ لەساڵی ١٩٥١ ئەوەندەی تر لەهاوکێشە سیاسیەکانی ئەوروپادا دەرکەوت.
تا سەرەتای دەرکەوتنی داعش و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەکە، تورکیا سەرقاڵی چەسپاندنی دەسەلاتێکی بەهێز بوو، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، یاخود لەسەر ئاستی دەرەکی، بەڵام دوای دەرکەوتنی گرژی و ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییانە، لەبەرگی خۆی هاتە دەر و دەستی کرد بە خۆدەرخستن وەک دەوڵەتێکی بەهێز، لەوکاتەشدا دوو جەمسەری لەبەهێزبووندا بوو.
دەرکەوتنی تورکیا وەک زلهێزێک لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەناوچەکە، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای نیگەران کرد، بەڵام هێشتا نەیان دەتوانی دەست بەرداری ئەو وڵاتە بن، چونکە بوونی تورکیا لەبەرەی خۆرئاوا زۆر گرنگ بوو، بەلەدەست دانی تورکیا، ئەوروپا لەلایەن روسیاوە لەخۆرهەڵات و باشوور گەمارۆ دەدرا، سەرەڕای ئەوەش روسیا دەگەییشتە دەریای ناوەڕاست، بەمەش بەرەی خۆرئاوا دەکەوتە بەر شمشێری روسیا، هەر بۆیە ئەمەریکا هاتە ژێر باری داواکاریەکانی تورکیا و ڕێگەیدا بچێتە نێو خاکی سوریا، روسیاش ئەمەی بەدەرفەت زانی بۆ ئەوەی مەرامە سیاسیەکانی خۆی بهێنێتە دی، بۆیە لەگەڵ تورکیا کەوتە پەیوەندی، بەڵام لەیەکەم هێرش و بەریەککەوتنی سوپای تورکیا لەگەڵ هەسەدە کە کورد ڕۆڵێکی گرنگی تێدا بینی، تورکیا قورسایی جارانی نەما، چونکە لەلایەک وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر هاتە ناسین، لەلایەکی ترەوە ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە ئاسمان و زەمینیەوە بە پێشکەوتووترین چەک هێرشی دەکردە سەر هەسەدە، کەچی نەیتوانی بچێتە ناو خاکی سوریا، تا لەژێر فشاری ئەمەریکا هەسەدە لەچەند ناوچەیەک کشایەوە و سوپای تورکیا شوێنی گرتەوە، بەڵام غرور بوونی تورکیا و بچوک بوونەوەی بەو شێوەیە، وای کرد ببێتە بوکەڵەیەک بەدەست روسیا و ئەمەریکاوە، هەر ڕۆژە و لەناوچەیەک بەدەست هێزەکانی ئەمەریکا یاخود روسیا وە بوو، بۆ ئەوەی دەستی بگرن و بیهێننە نێو ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی یەپەگەدا بوون، ئەمەش ئەوەی دەردەخست کە خودی روسیا و ئەمەریکا لەپشت بچوك بوونەوەی تورکیا بوون، چونکە سەرەڕای ئەوەی لەو ماوەیەدا پەیوەندی تورکیا و ئەمەریکا لەپاشەکشێدا بوو، روسیاش نەیدەویست دەوڵەتێکی بەهێز لەسەر سنوورەکانی دەرکەوێت و لەدواڕۆژدا ببێتە مەترسی لەسەری.
شکستی تورکیا لەڕوی سیاسی و سەربازیەوە وای کرد دەنگی ناڕەزایی لەناوخۆی وڵات بەرز ببێتەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش بۆ ئەوەی ئەو شکستە پەردە پۆش بکەن، دانیشتوانی تورکیایان ئاراستەی کێشەیەکی تر کرد، ئەویش ناردنی هێز بوو بۆ لیبیا، بەڵام هیچ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی دروست نەکرد، بگرە لەناوخۆ و دەرەوە زیاتر دەنگی ناڕەزایی بەرز بۆوە.
بادانەوەی تورکیا بۆ سوریا و تێکگیران و بەریەک کەوتنی لەگەڵ سوپای سوریا و روسیا یاریەکی تر بوو تورکیا گرتیە بەر، چونکە تورکیا دەیزانی لەهەر ئەگەرێکدا بێت راستەوخۆ دەچێتەوە بەرەی ڕۆژئاوا، روسیاش تازە بەردەبازێکی بۆ ئەوروپا و بەرەی خۆرئاوا دروست کردبوو، نەیدەویست لەدەستی بدات، بۆیە لەگەڵ تورکیا کەوتە گفتوگۆ و لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن.

ئەو سیاسەتەی تورکیا لەو دواییانە گرتوویەتیە بەر ، نە لە بەرژەوەندی ئەوروپا و ئەمەریکایە، نە لەبەرژەوەندی روسیا، بەڵام هەڵکەوتەی تورکیا بەشێوەیەکە هیچکامێکیان ناتوانن دەستبەرداری بن، چارەنووسی کوردستانی ڕۆژئاواش بەستراوەتەوە بەو ڕێککەوتننامانەی لەداهاتودا لەنێوان وڵاتانی زلهێز لەلایەک و تورکیا و سوریا لەلایەکی تر واژۆ دەکرێن، بەڵام بیرمان نەچێت فشاری زۆری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی لەنێو هەر وڵاتێکی زلهێز ڕێگرە لە دوبارە بوونەوەی کوشتاری بەکۆمەڵ بەرانبەر کورد لەلایەن تورکیا ، هاوشێوەی ساڵانی بیستەکان و سیەکانی سەدەی بیستەم، بۆیە قەوارەی خۆسەری بەردەوام دەبێت.

تێبینی// دەکرێ لەهەر پەرەگرافێکدا شیکردنەوەی زیاتری بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەیان بۆ خوێنەر جێدەهێڵم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.