برۆنۆ لاتور: ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەڵقەیەکە لەناو تۆڕێکی گەورەدا

لەلایەن ستاندار Posted on 401 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

برۆنۆ لاتور کۆمەڵناس و فەیلەسوفێکی ناسراوی فەرەنسییە و خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە. ھەرە بەناوبانگەکەیان کتێبی ”ئێمە ھەرگیز مۆدێرن نەبووین“. بیرۆکەی سەرەکیی لای ئەم نووسەرە ئەوەیە کە ژیان وەک کۆمەڵێک تۆڕی گەورەی بەیەکەوە گرێدراو دەبینێت. لەمەشدا جیاوازیی لە نێوان مرۆڤ و شتە مادییەکانی دەوروبەریدا. شتە زیندو و شتە نازیندوەکاندا، ناکات. بۆ نموونە جیاکاریی لەنێوان مرۆڤ و سروشت، مرۆڤ و ئەو شتانەی دروستیاندەکات و بەکاریاندەھێنێت، مرۆڤ و ڤایرۆس و مرۆڤ و ئامێرەکاندا ناکات. ھەمووی وەک گشتێکی گەورە دەبینێت و مامەڵەدەکات. لەم وتارەدا کە بە بۆنەی پەتای جیھانیی کۆرۆناوە، دوو ھەفەتەیەک لەمەوپێش، لە ڕۆژی ٢٥-٣ دا، بۆ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی نووسویە، ھەمان بۆچوون دووبارەدەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە ناکرێت مەسەلەی مرۆڤ و ڤایرۆسەکە، مەسەلەی ئابوریی و مەسەلەی تەندروستیی، دەوڵەت و بایۆلۆژیا لەیەکتری جیابکەینەوە.
لاتور لەم وتارەدا پێیوایە ئەوەی ئێستا دەیبینین ”پرۆڤەیەکی گشتیی“ە بۆ قەیرانی قورستر و ترسناکتر لە داھاتووەدا، قەیرانێک کە سەرجەمی شێوازی ژیانی ڕۆژانە و فۆرمی پێکەوەبوونمان دەگۆڕێت، بەڵام ھاوکات قەیرانێکە دەرەقەەتی یایەین. ئەو قەیرانەش قەیرانی تێکچوونی ئاو و ھەوا و ژینگەیە. لاتور پێیوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا مانا سونەتییەکانی چەمکی ”کۆمەڵگا“ی گۆڕیوە. ئەگەر کۆمەڵگا مانای ژیانێکی پێکەوەیی ھەمووان لەگەڵ ھەموواندا بێت، ئەوا ئەمڕۆ ئەم ژیانە پێکەوەییە بوونی نەماوە و خەڵک بەجیا لەیەکتری دەژین. ئەم قەیرانی نەمانی کۆمەڵگایە لەژێر ڕەحمی کۆمەڵێک ھۆکاردایە، کە دیسانەوە فۆرمی تۆڕێکیان ھەیە. تۆڕێک کە ھەم ئینسانیی نییە و ھەم ھەندێک لە بەشەکانی تۆڕەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئینساندا نییە. لە میرکرۆب و ڤایرۆسەکانەوە بیگرە، بۆ تۆڕەکانی ئینتەرنێت و پاراستنی شێوازی ڕێکخستنی نەخۆشخانەکان و زۆرێک لەو یاسایانەی کە ھەن و دروستکراون، ھتد…
بەم مانایە نابێت ئەم پەتایە کە ئێستا بە جیھانیبووە و بە زۆر شوێندا بڵاوبۆتەوە وەک دیاردەیەکی سروشتیی ببینین، بەڵکو پێویستە وەک بەشێک لە تۆڕێکی گەورە بیبینین کە بەشەکانی ئەو تۆڕە پەیوەندیان بەیەکتریەوە ھەیە. ھاوکات کاردانەوەکانیش بەڕووی ڤایرۆسەکەدا کاردانەوەی سروشتیی نیین و لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا بە شێوازیی جیاواز بەرەنگاربوونەوە لەئارادایە. لە شوێنی جیاوازیشدا ئیماکانات و توانای جیاوازیی بەرەنگاربوونەوە ھەیە.
لە قەیرانی داھاتوودا، کە لاتور پێیوایە قەیرانی تێکچوونی ئاو و ھەوا و ژینگە دەبێت، سەرکەوتن بەسەریدا زۆر زەحمەت دەبێت. لەو قەیرانەدا ئەوەی جیھان و ژیان تێکئەدات ئەم یان ئەو ڤایرۆس و میکرۆب نییە، بەڵکو مرۆڤ خۆیەتی. ئەگەر لە ئێستادا دنیایەک دەسەڵات و توانا بە دەوڵەت، دەوڵەتی نەتەوە، بەخشرابێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لاتور ئەم توانایەی لە ئێستادا بە دەوڵەت دراون بەترسناک ناودەبات، ئەوا لە قەیرانی داھاتوودا، قەیرانی ژینگە و ئاو و ھەوا، دەوڵەت دەرەقەتی قەیرانەکە نایەت. ئەم قەیرانەی ئێستا دەسەڵاتی دەوڵەتی ھێجگار گەورە و ھەمەلایەن کردوە بەجۆرێک دەوڵەت لە ئێستادا دەتوانێت کۆمەڵێک ھەڵسوکەوت ئەنجام بدات کە جاران نەیدەتوانیی ئەنجامیانبدات، کۆمەڵێک شتا دوابکات کە داواکردنیان ڕووبەڕووی ناڕەزاییدەربڕین و بەگژاچوونەوە دەبوو، بۆ نموونە داواکردن لە خەڵک لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە و نەیەنە سەر شەقام و شوێنەگشتییەکان. دەوڵەت لە ئێستادا بەناوی پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگاوە داوای جۆرێکی تایبەت لە ھەڵسوکەوت لە خەڵک دەکات، ئەمەش ئەو فۆرمەیە لە دەسەڵاتە کە فوکۆ ناوی ”بیۆ پۆلەتیک“، یان دەسەڵاتی بایۆلۆژیی لێدەنێت. (بۆ بیرکردنەوەیەکی لەم شێوەیە خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەو وتارەی من لەسەر گوتاری تەندروستیی بگەڕێتەوە کە چەند ھەفەتەیەک لەمەوێش و لە پەیوەندیدا بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەم فەیسبوکەی خۆمدا بڵاومکردەوە).
خاڵێکی پۆزەتیڤ کە لەم وتارەی لاتوردا ئامادەیە، ئەوەیە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە خەڵک ئێستا کاتێکی زۆریان ھەیە و دەتوانن تیایدا بیربکەنەوە، ڕەنگە ئەم بیرکردنەوەیە بەرەو دۆخێکی باشتر و بێمەترسیترمان ببات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.